حکوومەت پێشوازيێ ل راپۆرتا یۆنامی دکت
هەولێر-KDP.info- ![]()
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، پێشوازی لە دوایین راپۆرتی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) دەکەین سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ.
ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ( یونامی) رۆژی ٥ی دیسەمبەری ٢٠١٦ دواین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ لە عێراق بە گشتیی و کوردستان بەتایبەتی بڵاوکردەوە.
لەم راپۆرتەکەدا یۆنامی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خستووەتەروو و تێدا باسی لەو یاسایانە کردووە کە کاریان پێدەکرێت بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ و رێگری کردن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.
لەم بارەوە (د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: ئێمە پێشوازی لەو راپۆرتەی یۆنامی دەکەین و تێبینی و سەرنجەکانیان بە هەند وەردەگرین کە دەبنە مایەی پێشخستن و پاراستنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا رووبەرووی گەورەترین شەپۆلی هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆوە و هەوڵیداوە بەو ئیمکانیاتانەی لە دەستیدایە پێشوازییان لێ بکات. لە هەمان کاتدا گرینگییەکی زۆری بە پاراستنی رەوشى ئاوارەکان داوە لە خاڵەکانی پێشوازی کردن و لە نێو کەمپەکاندا، سەرەڕای ئەو تەحەدیاتانەی لە ئەنجامی شەڕ تووشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە.
لە راپۆرتەکەیدا یۆنامی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم هاوکاریان بوون بۆ ئەوەی سەردانی بەندیخانەکان بکەن و چاویان بە بەندکراوان بکەوێت.
لە ئەنجامی سەردانەکانیشیاندا دەرکەوتووتە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە لەگەڵ بەندکراوان کراوە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەیەوە گوتی: ئێمە هەوڵەکانی یۆنامی بە گرینگ دەزانین، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ یۆنامی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوە و گفتوگۆی بەردەوامداین و هەماهەنگییەکی باش لە نێوانماندا هەیە و کار دەکەین لەپێناو پێشخستنی ئەو بوارانەی کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە بەتایبەتی لە بواری مرۆیی و رەوشی مافەکانی مرۆڤ و هەوڵ دەدەین کۆبوونەوەکانمان لەم رووە بەردەوام بێت.
سەبارەت بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ له ههرێمی کوردستان زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە کار بە یاسای سزادانی عێراقی ژماره (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ ی هەموار کراو دهكرێت، هەروەها رێنماییە تایبەتییەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ دەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێم کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ گرتووەتە بەر و چەندین رێنمایی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەم مەبەستەش بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٨٣٢٢) لە ١٦ی ئایاری ٢٠١٦ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە.
لە بارەی رەوشی زیندانی و گرتووخانەکانی هەرێم سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: حكومهتی ههرێمی كوردستان لەههوڵدایه بارودۆخی زیندانیان و راگیراوان باشتر بكات له ههموو روویهكهوه بۆ ئهوهی لهگهڵ پرهنسیپهكانی مافی مرۆڤ بگونجێت، لەم رووەوە باڵهخانهیەكی نوێی چاكسازی كۆمهڵایهتی گهوران له ههولێر بهپێی ستانداردی جیهانی دروستكراوه كه له (٩٢) ژووری ئاسایی و (١٠) ژووری تاكهكهسی بۆ حاڵهتی پێویست پێكهاتووه و توانای حهواندنهوهی (٩٠٠) سزادراوی ههیه، سەبارەت بە دەستگیرکردنیش گشت رێوشوێنەکانی دەستگیر کردن بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن و هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت و دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی (قانون اصول محاکمات الجزائیە) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و هەموو مافە یاساییەکانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان لەوانەش مافی هەبوون و دابینکردنی پارێزەری تایبەت بە خۆی، هەروەها لە کاتی دەستگیرکردنی هەر گومانلێکراوێک تەمەنی یاسایی تەواواکردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت ماوەی ٢٤ی کاتژمێر پێویستە، بۆ ئەوەی پەراوی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لێی بنێردرێتە یەکێک لە داداگا تایبەتمەندەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.
راپۆرتەکەی یۆنامی باس لە رەوشی ئافرەتان و بە شوودانی منداڵان دەکات و رۆژنامەنووسان ئاماژە بە چەند سەرنج و تێبینییەک دەکات، لەم بارەوە سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وتی: زوو به شودانى منداڵ واته له خوار تهمهنى یاسایى كچ بە شوو دەدرێت زیاتر له نێو ئاواره و پهنابهراندایه لە سهنتهرى شارەکاندا کەمترە، ههر بۆیه حكومهتى ههرێم به هاوكارى (UNFPA) كۆمبى پلانى (نا بۆ بهشوودانى منداڵان)ی ئامادهكراوه، پرۆژهكه بۆ ماوهى سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و پێكهاتووه له ههڵمهتێكى هۆشیاركردنهوه لە لایهنى پهروهردهیى و تهندروستیی و كۆمهڵایهتى و ئابووری و ئایینییهوه، دیارە ژمارەیەک لەو کەسانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشودراون بە نهێنی بووە و بەشێوەیەکی نایاسایایی و لە دەرەوەی دادگا ئەم کارە ئەنجامدراوە، هەر کەسێک لە بەشودانی منداڵان دەستی هەبووبێت ئەوا دەستگیر دەکرێت و لە دادگا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. سەبارەت بە بارودۆخی رۆژنامەنووسان ههر پێشێلكارییهك بهرامبهر رۆژنامهنووس یان میدیاكاران کرابێت دادگا ئیجرائاتی پێویستی خۆی دهكات.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: یۆنامی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی ئاسایش، هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە حکوومییەکان کردووە و تا ئێستاش چەندین خولی تایبەتی کردووەتەوە بۆ ئەوەی هاوکار بێت لە باشترکردنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، ئێمە ستایشی ئەم هەوڵانەیان دەکەین و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێن له هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکومەت و یۆنامی لەپێناو برەودان بە بواری مرۆیی و پاراستنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و بە هەند وەرگرتنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە یۆنامی ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکرێت بەشێوەیەک کە لەگەڵ بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
