شبكة لالش الاعلامية

کولتوور چییە؟

کولتوور چییە؟

رووداو:نەبەز سەمەد

زاراوەی کولتوور چەندین پێناسەی جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی پێناسەکان جەخت لەسەر هەمان شت دەکەنەوە. کولتوور ئەدگار، تایبەتمەندی و زانینی گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە (بۆ نموونە کورد) کە بەڕێی زمان، هزر، ئاین، خواردن، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، موزیک و هونەرەوە پێناسە کراون. ئەمانە پشکدار و هاوبەشن لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە و گروپێک خەڵکی دیاریکراو، بەڕێی فێربوونەوە دەگوازرێنەوە و یارمەتی شێوەدان بە بیروباوەڕەکان و ڕەفتارەکان دەدەن.

یەکێک لە پێناسە یەکەمییەکانی کولتوور ساڵی ١٨٧١ لەلایەن ئێدوارد تایلۆرەوە کراوە: ”کولتوور، یان شارستانەتی، سەرجەمێکی ئاڵۆزە، پێکدێ لە: زانین، باوەڕ، هونەر، یاسا، مۆڕاڵ، دابونەریت. هەروەها هەر توانست و ڕەفتارێکی دیکە کە لەلایەن مرۆڤەوە وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە بەدەستهێنرابێ”. پێناسەیەکی دیکەی نوێتری کولتوور بریتییە لە ”ئایدیا، هزر، بەها و دەرککردنە هاوبەشەکان. هەروەها گواستنەوەی کۆمەڵایەتییانەی ئەو ئایدیایانەی کۆمەڵگەیە کە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموون و دیارهێنانی ڕەفتار و پەرچاندنیان لەنێو ئەو ڕەفتارانەدا بەکاردێن”.

واتا کولتوور سەرجەمی چالاکییە هزری و ڕەفتارییەکانی نەتەوەیەک یان گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە لە سەردەمێکدا. لە هزر، زمان، زانین (زانیار_مەعریفە) [وێژە، هونەر، زانست و فەلسەفە]، دابونەریت، بەهای کۆمەڵایەتی، ڕەوشت، کەلەپوور، باوەڕ، ئاین و شێوەی ژیان پێکدێ.
سەرجەم کولتوورەکان گەرەکە پێویستی و ئاتاجە فیزیکی، سۆزەکی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەندامەکانیان دابین بکەن، هەروەها ئەندامە نوێیەکان بە کولتوور بکەن، هاڤڕکێ و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و گەشە بە توانستی مانەوەی ئەندامەکانیان بدەن. کولتوور شتێکی هەمەکی و گەردوونییە لە نێوان سەرجەم گروپەکانی مرۆڤ و تەنانەت لە نێوان هەندێ لە ئاژەڵانیشدا هەیە.

لکە کولتوور (SUBCULTURES) کولتووری گرووپێکی دیاریکراوە کە ڕەفتاری هاوبەش و فێرکراوی جوداوازی (ئێتنیکی، نەژادی، جێندەری، تەمەن) لەخۆدەگرێ لەنێو کولتوورە گەورەترەکەدا. سەرەڕای ئەو جیاوازییانە، هێشتاش ئەندامانی ئەو لکە کولتوورانە هاوبەشن لە کولتوورە گەورەکەدا. لکە کولتوورەکان لەنێو زۆر لە سیستەمی دەوڵەتاندا هەن لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمانە فرەیین و پتر لە گرووپێکی ئێتنیکی یان کولتوورێک لەخۆدەگرن.

ئەدگارەکانی کولتوور

کولتوور پێنج ئەدگاری بنەڕەتی هەیە: کولتوور فێرکراوە، هاوبەشی پێکراوە (شەیرکراوە)، پابەندە بە سیمبولەکانەوە، ئاوێتەکراوە و داینامیک (گۆڕاو)ە.

* یەکەم: کولتوور فێرکراوە. کولتوور بیۆلۆگی (بایۆلۆژی) نییە؛ لەگەڵ ئێمەدا لەدایک ببێ، بەڵکو ئێمە فێری دەبین. زۆرینەی فێربوونی کولتوور نائاگایانەیە. ئێمە لە ڕێگەی خێزان، دامەزراوەکان، دەوڵەت و مێدیاوە فێری کولتوور دەبین. پرۆسەی فێربوون و فێرکردنی کولتوور پێی دەگوترێ بەکولتوورکردن (enculturation). هەرچەندە سەرجەم مرۆڤان پێویستی و ئاتاجی بنەڕەتی بیۆلۆگیان هەیە وەک خواردن، خەوتن و سێکس، بەڵام ڕێگەی بەدەستهێنانی ئەو ئاتاجانە بەگوێرەی کولتوورەکان دەگۆڕێ.

* دووەم: کولتوور هاوبەش و شەیرکراوە. لەبەر ئەوەی ئێمە کولتوور لەگەڵ ئەندامانی دیکەی گروپەکەمان بەش دەکەین، ئەوا ئێمە دەتوانین بەشێوەی کۆمەڵایەتییانە کرداربنوێنین، هەروەها پێشبینی ئەوەش بکەین کە ئەوانی دیکە چۆن کردار دەنوێنن. سەرەڕای سروشتی هاوبەش و شەیرکردنی کولتوور، واتای ئەوە نییە کولتوور هاوشێوەیە. جیهانی کولتووری جوداواز لەنێو هەموو کۆمەڵگەیەکدا لێرە بوونی هەیە.

* سێیەم: کولتوور پابەندە بە سیمبولەکانەوە. سیبمول شتێکە گۆزارشت لە شتێکی دیکە دەکا. سیمبولەکان بەگوێرەی کولتوورەکان دەگۆڕێن. ئەوان کاتێک واتادارن، ئەگەر خەڵک لەنێو کولتوورێکی دیاریکراودا لەسەر بەکارهێنانیان هاوڕا و کۆک بن. زمان، پارە، هونەر هەموویان سیمبولن. زمان گرنگترین پێکهاتەی سیمبولی کولتوورە.

* چوارەم: کولتوور ئاوێتەکراوە. ئەمە وەک هۆلیزم (سەرجەمی و هەمەکی) ناسراوە، ئاخر بەشە جوداکانی کولتوور لە پەیوەندییەکی نێویەکیدان. سەرجەم ڕەهەندەکانی کولتوورێکی دیاریکراو پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەیە، بۆیە بۆ تێگەیشتن لە کولتوورێک مرۆڤ گەرەکە سەرجەم بەش و ڕەهەندەکانی ئەو کولتوورە فێرببێ نەک تەنیا کەمێکی یان بەشێکی.

* پێنجەم: کولتوور داینامیکی و گۆڕاوە. ئەوە بەسانایی واتا کولتوورەکان کارلێک دەکەن و دەگۆڕێن. لەبەر ئەوەی زۆرینەی کولتوورەکان لە پەیوەندیدان لەگەڵ کولتوورەکانی دیکەدا، بۆیە ئایدیا و سیمبولەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن. سەرجەم کولتوورەکان دەگۆڕێن، ئەگینا ئەوان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لەگەڵ گونجانی دەوروبەرەکەیان. لەبەر ئەوەی کولتوورەکان ئاوێتەن، ئەگەر بەشێک لە سیستەمەکە گۆڕا، ئەوا کاریگەری لەسەر بەشەکانی دیکەش دەنوێنێ.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

زیدان دێ بته‌ راهێنەری پاریس سانجێرمان؟

Lalish Duhok

هاتنووچۆنا هەرێما کوردستانێ: پێتڤیه‌ ماتۆڕێ کارەبایی و بێدەنگ بهێنه‌ ب كارئینان.

Lalish Duhok

‌سیرێ بۆ چاره‌سه‌ريا  وه‌ريانا پرچێ بكاربينه‌

Lalish Duhok