ئەردۆغان چاڤ ل چیايێ شنگالە
رووداو- هەولێر

توركیا یەكەم شەڕی خۆی لە واشنتن دۆڕاند، دوای ئەوەی ئیدارەی كۆشكی سپی بڕیاری دا هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ گرتنەوەی رەققە پڕچەك بكات. بڕیارەكەی واشنتن كەمتر لە هەفتەیەك پێش سەردانەكەی ئەم هەفتەیەی سەرۆككۆماری توركیا بۆ ئەمریكا هات، بۆیەش پرسیاری سەرەكی ئەوەیە داوا و هەنگاوی داهاتووی ئەنقەرە لە واشنتن چی دەبێ؟
رۆژی سێشەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، پلانی پڕچەككردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)ی پەسەند كردووە. وەكوو چاوەڕێ دەكرا بڕیارەكەی كۆشكی سپی ئەنقەرەی تووڕە كرد. بەڵام بەپێی میدیای توركیا، حكومەتەكەی ئەردۆغان پێشتر زانیبووی ئیدارەی ئەمریكا بڕیاری خۆی داوە و هەسەدە پڕچەك دەكات.
دوو هەفتە لەمەوبەر شاندێكی باڵای حكومەت و سوپا و دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) سەردانی واشنتنیان كرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئەمریكا كۆبوونەوە. ئامادەبووە توركەكانی ئەو كۆبوونەوەیە بە میدیای توركیایان راگەیاند كە رایمۆن مەكمەستەر، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ، بە بەرپرسانی توركیای راگەیاندووە بڕیاری پڕچەككردنی هێزە كوردییەكان دراوە. بەوپێیەش بێ، راگەیاندنی بڕیارەكەی ترەمپ بۆ حكومەتی توركیا چاوەڕواننەكراو نەبووە.
رۆژی 16 و 17ی ئەم مانگە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی خۆی كۆدەبێتەوە. شارەزایان چاوەڕێ دەكەن ئەردۆغان لەو كۆبوونەوەیەدا داوای قەرەبوو لە ئەمریكا بكات، یەكێك لەو قەرەبووانەش ئەوەیە ئەمریكا رێگە بە توركیا بدات هێرش بكاتە سەر هێزەكانی پەكەكە كە لە چیای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری جێگیرن.
پاش بڕیارەكەی ئیدارەی ئەمریكا دەستی توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو لە رۆژئاوای كوردستان كورت بووەتەوە، بەڵام بە بۆچوونی كۆمەڵێك شارەزا كە بۆ رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی دواون، لێدانی پەكەكە لە دەوروبەری شنگال دەتوانێ هەندێ شت بۆ ئەنقەرە قەرەبوو بكاتەوە.
بەبۆچوونی شارەزایان، نیگەرانیی توركیا تەنیا پەیوەندی بە پەكەكە خۆیەوە نییە، بەڵكو بەشێكیشی پەیوەندی بەو بەرژەوەندییەوە هەیە كە دەكرێ ئێران بەهۆی وجودی پەكەكە لە چیای شنگال پێی بگات، چونكە وجودی پەكەكە دەتوانێ رێڕەوێك بۆ ئێران بەرەو سووریا بكاتەوە.
جەیمز جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە توركیا و عێراق، بە (تایمز)ی ئەمریكی گوتووە “ئەردۆغان دەتوانێ لەگەڵ نیمچە حكومەتێكی یەپەگە (یەكینەكانی پاراستنی گەل) لە باكووری سووریا هەڵبكات، بەڵام ناتوانێ لەگەڵ نیمچە حكومەتی یەپەگە هەڵبكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات، لە كاتێكدا یەپەگە پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەیە”.
جێفری كە لە 2010 هەتا 2012 باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە عێراق، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە) و حكومەتی سووریا یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی نیگەرانیی توركیایە، لەبەر ئەوەی دواجار پەیەدە دەتوانێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكی هاوبەش لەگەڵ رژێمی ئەسەد، ئێرانییەكان و رووسەكان رێكبكەون و توركیا گەمارۆ بدەن، وەكوو بەشێك لەو پلانەش كۆریدەرێكی وشكانی بۆ ئێران بكەنەوە كە لە باكووری عێراقەوە بەناو ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی پەیەدەدا بەرەو دیمەشق درێژ دەبێتەوە.
باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە توركیا و عێراق پێیوایە یەكێك لە بژارەكانی بەردەستی ئەردۆغان و ترەمپ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان ئەوەیە، ئیدارەی ئەمریكا دڵنیایی بە توركەكان بدات كە ستراتیژێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی فراوانخوازییەكانی ئێران لە ناوچەكە هەیە و رێگە نادەن خەونی كۆریدۆری شیعی سەربگرێ، كە ئەردۆغان بە “فراوانخوازیی ئێرانییەكان” ناوی دەبات.
بەپێی راپۆرتەكەی نیۆیۆرك تایمز، بەو پێیەی هێزەكانی پەكەكە لە ناوچەی شنگال لە ژێر چەتری هێزەكانی سووریای دیموكرات نین، بۆیە پشتگیری ئەمریكاشیان لەگەڵ نییە، جگە لە ناڕەزایەتی بەغدا و نیگەرانییەكانی حەشدی شەعبی، هیچ بەربەستێكی گەورە لەبەردەم توركیادا نییە.
راپۆرتەكە بە دووری نازانێ هێزەكانی حەشدی شەعبی (كە لە نزیك تەلعەفەر جێگیرن) هێرشەكانی توركیا بە مەترسییەك بۆ سەر ئامانجە درێژخایەنەكانی خۆیان لەقەڵەم بدەن كە دەستگرتنە بەسەر رۆژئاوای پارێزگای مووسڵدا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
