کچەكا شەرڤانا ئێزدی پشتى بجيهێلانا پەکەکێ: پەکەكه ھیچ د خەما ئێزدیان دا نینە
باسنيوز:
کچە شەڕڤانێکی کوردی ئیزدیی پەکەکە، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا توانی ھەلبێت و ریزەکانی (پەکەکە) جێ بھێڵێت، ئێستا چیرۆکی خۆی بۆ (باس) دەگێڕێتەوە و رای دەگەیەنێت کە پەکەکە ئەو کەسانە لەناو دەبات کە ھەوڵ دەدەن ریزەکانی پەکەکە جێ بھێڵن.
(ش) کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵانە، نازناوی لەنێو پەکەکەدا (ز) بوو، لە ئاخاڤتنێکی تایبەت بە (باس)دا سەرەتای کەوتنە نێو ریزەکانی پەکەکەی دەگێڕیتەوە و دەڵێ: “لەسەر چیای شنگال من لەگەڵ دایک و خوشکی خۆم خەریکی بەخێو کردنی ئاژەڵ بووین، ئێمە خەڵکێکی ھەژار بووین، رۆژێکیان سێ گەنج لەناو پەکەکەوە ھاتن، منیان لەگەڵ خۆیان برد، پاش ماوەیەک منیان گەیاندە بارەگایەکی پەکەکە لە دەڤەری شنگال، بۆ ماوەیە ٤٥ رۆژ مەشق و راھێنانی سەربازییان بە ئێمە کرد. پاشان بۆ ماوەیەکی درێژ ئێمەیان رەوانەی خولی گۆڕینی ھزر کرد، دەیانگوت دەبێ ئێوە شەڕ بکەن و ئێوە ئاپۆچین، لێ نەدەگەڕان ئێمە بیر لە ئێزدیاتیی خرمان بکەینەوە، بەڵکوو دەیانگوت ئێوە ھزری سەرۆکی ئێمە ھەڵگرن، گوشارێکی زۆریان بۆ سەر کچان دەھێنا تا بیری ئێمە گۆڕانی بەسەردا ھات.”
ئەو کچە ھەڵاتووەی نێو پەکەکە ئەوەشی گوت: “پاش ئەوەی بیری ئێمەیان گۆڕی، پەکەکە چەکی پێمان دا، ھەر بڕیارێکی پەکەکە دەبوو لە لایەن کچانەوە جێبەجێ بکرابا، ئەگەر نا لەگەڵ ئێمە زۆر توند بوون، گەلێک زۆردارییان دەرھەق بە کچان دەکرد، من گەلێک پەشیمانم کە چوومە نێو پەکەکەوە. ئەوان بە ھیچ شێوەیەک خەباتیان بۆ ئێزدی نەکردووە، ئەوان بە تەنیا پەرۆشی بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیانن، ھەر کاتێک شەڕ دروست دەبوو، پەکەکە کچانی ئێزدیی رەوانە دەکردە ناوجەرگەی شەڕەوە. چەکدارانی بیانیی نێو پەکەکە لە شنگال لە پشتی ئێمەوە بەجێ دەمان و نەدەھاتنە بەرەی پێشەوەی شەڕەوە. ئەوان دەیانویست ئەو کچانەی ئێزدی کە بوونەتە پەکەکە، بکوژرێن تا بڵێن ئێزدی شەھیدیان لە لای ئێمە ھەیە، پەکەکە تەنیا بە ئامانجی سیاسیی خۆی لە شنگال کاری کردووە.”
ئەو روونیشی کردەوە: “٢٣ کچی شنگال لەگەڵ ٣٠ کوڕە گەنجی شنگال لە یەک پۆستەی ئەرکدا بووین، بە شێوەیەک کچانی ئێزدییان بەسەر بارەگاکانی خۆیان دابەش دەکرد لە یەکیان دادەبڕین، بۆ ماوەی سێ جار منیان رەوانەی قامشلۆ کرد، چەکدارانی پەکەکە بەو جۆرە کچیان پەروەردە دەکرد کە چیمان لێ بکەن راستە، ئێمە بیرمان لە دایک و باب و خوشک و برای خۆمان نەدەکردەوە، پەروەردەی پەکەکە بۆ کچان گەلێک خراپ بوو، ھەر کچێک و کوڕێک پێکەوە واجبیان دەگرت، بە درێژایی شەو و رۆژ، ئێمە دوو سەعات لە ئەرکی سەربازیدا بووین، دوو سەعاتیش پشوو بوو، بەڵام دەرفەتیان پێ نەدەداین ئێمە سەری خۆمان بشۆین.”
(ش) ئاشکرای دەکات: “کچانی نێو پەکەکە گەلێک حەز دەکەن بگەڕێنەوە، بەڵام پەکەکە رێیان پێ نادات و تەلەفۆن کردنیش بۆ ئەو کچانەی ئێزدی کە بوونەتە پەکەکە قەدەغەیە، پەکەکە گەلێک کچی ئێزدیی رەوانەی قەندیل کردووە، لەوێ چەکیان پێ دراوە. ھەموو کاتێک پەکەکە دەیگوت شنگال ھی ئێمەیە،، ئێمە ھیچ کاتێک دەست لە خاکی شنگال ھەڵناگرین، زۆربەی چەکدارانی پەکەکە لە شنگال کوردی تورکیا بوون.”
گوتیشی: ”ھەر کاتێ بیانبینییایە کچێک بە تەلەفۆن قسە دەکات، ئەو کچەیان بەنھێنی بۆ شوێنێکی دی دەگوازەوە و ئیدی نەدەگەڕایەوە، ئەو شتەمان بەسەر ھاتووە، کە نزیکەی شەش ھەتا حەوت کەس من ئاگادار بووم، پەکەکە دەیبردن و نەیدەگەڕاندنەوە، پاشان دەیانگوت لە شەڕدا کوژراون“.
ئەو کچە کە ریزەکانی پەکەکەی جێ ھێڵاوە بە (باس)ی گوت: “کچانی ئێزدی گەلێک جار رەوانەی شەڕ کراون، لە منبج بە درێژایی ٢٤ سەعات ئێمە ھەر لەنێو ئوتومبیلی ئەواندا بووین ھەروەھا لە سەر جادە و لە پەنا دیوار. پەکەکە دەیگوت ئێوە دەبێ بە شەو و رۆژ بۆ شەڕ ئامادە بن، ھەندێک جار بۆ ماوەی ١٠ رۆژ جل و پێڵاوی خۆمان دانەدەکەند، ئێمە بەردەوام لە ئامادەباشیدا بووین، ھیچ ژیان لەنێو پەکەکەدا نەبوو.”
ئەو ھەروەھا دەڵێ: “چەکدارانی پەکەکە وایان لە کچان دەکرد، کە ئیدی نەتوانن دەست لە پەکەکە ھەڵگرن، ھەندێک کچ دەیانگوت ئێمە رەوانەی قەندیل بکەن، ئێمە ناچینەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆمان. بە راستی پەکەکە ئێمەی وا پەروەردە دەکرد، کە مرۆڤ بیر لە ھیچ شتێک نەکاتەوە بێ لە پەکەکە و شەڕ.”
(ش) زیاتر گوتی: “ستەمێکی زۆریان لە کچان دەکرد، تەلەفۆن نەبوو، ھەر کاتێک مرۆڤ حەزی بکردایە قسە لەگەڵ ماڵەوەی خۆی بکات، پەکەکە تەلەفۆنێکیان دەھێنا و دەیاندایە ئەو کەسە و چەکدارێکی پەکەکەش لە بەردەمی رادەوەستا ھەتا ئەو کەسە تەلەفۆنەکەی تەواو دەکرد، ئەوان بواریان نەدەدا بە تەنیا قسە لەگەڵ ماڵەوەمان بکەین و ھەموو رێیەکیان لە بەردەمی ئێمەدا گرت بوو.”
تێبینی: ئەو وێنەیەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا بڵاو کراوەتەوە، وێنەی راستینەی ئەو کچەیە و لەسەر داوای خۆی وێنەکەمان شێواندووە تا نەناسرێتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
