فەرماندێ ئۆپەراسیۆنێن نەینەوا: چاڤهرێ دهمژمێر سفرین بۆ رزگارکرنا تەلەعفەر
خەندان–

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا رایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەکان بەهەموو پێکهاتەکانیەوە ئامادەن بۆ شەڕی ئازادکردنەوەی قەزای تەلەعفەر و لە ئێستادا چاوەڕوانی کاتژمێری سفرن بۆ دەستپێکردنی شەڕەکە.
لیوا نەجم جبوری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا لە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە یەکە سەربازییەکان کۆتاییان هێناوە بە ئامادەکاریی شەڕی ئازادکردنەوەی قەزای تەلەعفەر کە دواین پێگەی داعشە لە پارێزگای نەینەوا.
هەروەها جبوری دەڵێت “ئەو سەرکەوتنەی لەبەری راستی موسڵ بەم دواییە بەدەستهێنرا و بەشێوەیەکی گشتیش ئازادکردنەوە موسڵ، ورەیەکی گەورەی بەخشیووەتە سەرجەم یەکە سەربازییەکانی سوپاو پۆلیس و حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی بەردەوام بیت بە ئاراستەی ئەو ناوچانەی کە هێشتا لە ژێر دەستی چەکدارانی داعشدایە.”
ئەو فەرماندەیە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات چاوەڕێی فەرمانی فەرماندەی یەکەمی هێزە چەکدارەکانن بۆ دیارییکردنی کاتژمێری سفر و دەستپێکردنی شەڕی ئازادکردنەوەی تەلەعفەر.
هەروەها جبوری باس لەوەش دەکات کە زانیارییە هەواڵیگرییەکان لە ناو قەزای تەلەعفەرەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە “چەکدارانی داعش دەناڵینن بەدەست دابەشبوونی ناوخۆیی و هەڵوەشانی ریزەکانیان بەهۆی هەڵهاتنی سەرکردەکانیان و ئەو شکستە گەورەیەی لە موسڵ بەسەریاندا هات.”
پێشتریش کۆلۆنێل ڕایان دیلۆن، وتەبێژی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بە خەندان-ی ڕایگەیاندبوو کە پێدەچێت “تەلەعفەر شەڕی داھاتوو بێت لە دژی داعش دوای موسڵ.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
