شبكة لالش الاعلامية

وەزیرێ دەرڤه‌يێ فەرەنسا: پەیوەندیيێن مه‌ يێن دۆستانه‌ لگەل کوردستانێ دێ دبەردەوام بن 

وەزیرێ دەرڤه‌يێ فەرەنسا: پەیوەندیيێن مه‌ يێن دۆستانه‌ لگەل کوردستانێ دێ دبەردەوام بن 
رووداو – هەولێر

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، بە گۆڕینی سەرۆك و حكومەتی وڵاتەکەی پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە.

رۆژی شەممه26-8-2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆسرەت رەسول، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە لەگەڵ شاندی باڵای فەرەنسا بە سەرۆکایەتیی ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوە و فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان، جەختی لە پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان كردەوە و رایگەیاندووە “تەنانەت بە گۆڕینی سەرۆك و حكومەتەكانی فەرەنسایش ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام و دۆستانەیە”.

وەزیری بەرگریی فەرەنساش پێزانینی بۆ رۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی داعش و وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەردەوامی تیرۆر لە ئاستی جیهانیدا ئەوەی خستەڕوو “سەقامگیریی ناوچەكە بۆ وڵاتەكەی جیگەی بایەخە و جەختیشی لە بەردەوامیی پابەندبوونی فەرەنسا كردەوە لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و مانەوەی هێزە فەرەنسییەكان”.

ژان ئیڤ لو دریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا “سوپاسی گەلی كوردستانی كردووە لە میوانداریكردنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و لێقەوماو، ستایشی جۆری مامەڵەی هەرێمی كوردستانی كرد لە دۆسیەی ئاوارەكان و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان خستەڕوو”.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتوویەتی “وڵاتەکەی لە قۆناخی شەڕ پشتیوانی كوردستان بووە و لە ئاشتیشدا لەگەڵ كوردستاندا دەبێت”.

راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەكەی لە بەرانبەر پرسی گشتپرسی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان شیكردەوە و داواشیكرد “گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام بێت هەتا ئەو كاتەی دەگەن بە ئەنجامێك كە هەردوولا رازی بن”.

لای خۆیەوە، بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆك و حكومەتی فەرەنسای كرد و ئەو وڵاتەی بە دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا و لە گوتەیەكدا رۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی موسڵ و رۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا.

بارزانی رایگەیاندووە “بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری لە قۆناخی دوای داعش پێویستە بە جددی كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دەركەوتنی ئەلقاعیدە و داعش بكرێت و جگە لە شەڕی سەربازی شەڕی فیكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیی تیرۆریش بكرێت”.

سەرۆكی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی نیشانداوە لە بارودۆخی دوای داعش و دەركەوتنی كێشەی نوێ “ئەویش لەبەر نەبوونی پلانێكی روونی سیاسیی هەرچەندە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ زۆر جەختی لە بوونی پلانی سیاسی دەكردەوە”.

لەبارەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ، بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئاوەدانكردنەوەی موسڵ لە توانای حكومەتی عێراقی بەدەرە و كوردستانیش پەناگەیەكی ئارام بۆ ئاوارەكان دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان.

لەبارەی گشتپرسی، بارزانی “زۆر بەڕوونی” بە شاندی میوانی راگەیاندووە، گەلی كوردستان ناتوانێ چیدیکە ئەزموونە شكستخواردووەكان دووبارە بكاتەوە و مادام یەكگرتنی ئارزومەندانە شكستی خواردووە و 100 ساڵە چەمكی شەراكەت پێشێل كراوە، گەلی كوردستان رێگەی خۆی دەگرێتەبەر و خوازیارە وەك دراوسێ پەیوەندی دۆستانە و باشی لەگەڵ بەغدادا هەبێ.

بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە گشتپرسی مافێكی دیموكراتی خەڵكی كوردستانە و گەلی كوردستان دوور لە تووندوتیژی و بە ئامرازی ئاشتییانە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و لە قۆناخی بەر لە گشتپرسی و دواتریش لەگەڵ بەغدا لە دانوساندن بەردەوام دەبێت.

سەرۆكی هەرێمی کوردستان داوای كردووە “فەرەنسا كە هێما و پاڵپشتی ئازادییە لە ویستی گەلی كوردستان و ئێش و ئازاری سەدساڵەی بگات”.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هەماهەنگیی لەنێوانیان كردەوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

کوردان خۆ ژ کەرنەڤالا نەینەوا ڤەکێشا

Lalish Duhok

کازمی: هێرشا ل سەر هەولێرێ سنۆرێن یاسایا نێڤدەولەتی بەزاندینە

Lalish Duhok

نێچیرڤان بارزانی لگه‌ل شاهێ ئورده‌ن و سه‌رۆك وه‌زیرێن ئه‌رمینیا كۆمبوو

Lalish Duhok