%80 خەلكێ كوردستانێ كارتێن دەنگدانێ وەرگرتينه
وشه:
ئێوارەی ئەمڕۆ بنكەكانی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان بۆ هاووڵاتییان دادەخرێت و كارتە زیادەكان دەگەڕێنرێتەوە بەغدا. بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێت، ئەمڕۆ تا كۆتای دەوام مۆڵەت ماوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكان.
ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئایار، زانا گەردی بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە “وشە”ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ كۆتا مۆڵەت بوو بۆ وەگرتنەوەی كارتی دەنگدان لەلایەن هاووڵاتییانەوە لە بنكەكان.
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن گوتی، كۆتای دەوامی ئەمڕۆ بنكەكان دادەخرێن و كارتەكانی تر دەگەڕێنرێنەوە شاری بەغدا.
هاوكات زریان تاوەگۆزی بەرپرسی تۆماری و كارگێڕی لە كۆمسیۆن بە “وشە”ـی ڕاگەیاند، تا سەعات یەكی نیوەڕۆ ئاستی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان بریتی بوو %80، بۆیە دوا پێشبینی ئەوەیە تا داخستنی بگات بە %81.
تاوەگۆزی زیاتر گوتی، سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بنكەكان دادەخرێن و ئەگەری درێژكردنەوەشی بۆ چەند سەعاتێك لە دەسەڵاتی ئەنجوومەی كۆمسیارانی عێراقدایە، بۆیە هیوادارین هاووڵاتییان لەو دوو سەعاتەی ماوە سەردانی بنكەكان بكەن.
لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی و دوو كاندیدی تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ لەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
