“دەرگهههكى دی يێ سنووری دناڤبهرا ھەرێمێ و تورکیادا دێ ئێته ڤهكرن”
دهۆک-KDP.info-
پارێزگای دھۆک بە ھۆی ھاوسنووری لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و سووریا لە ڕووی بازرگانی و پیشەسازییەوە گرنگیی خۆی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە. بەرپرسێکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆکیش دەڵێ، ئەگەر ھاوکاری بکرێین، بەرھەمی ناوخۆی دھۆک بەشی عێراقیش دەکات. دەڵێ، بڕیارە دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەگەڵ تورکیا بکرێتەوە بۆ ئەوەی جووڵەی بازرگانی زیاتر بکرێت.
ھێشتا کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش لەسەر کەرتی بازرگانی و پیشەسازی ماون، وەک حەمید ڕەبەتکی، بەرپرسی پیشەسازیی ژووری پیشەسازی و بازرگانی دھۆک ئاشکرای کرد، دەیان کارگە لەکارکەوتوون و سەرەڕای ئەوەش، ھەوڵی زۆر دراوە بۆ گەشەکردنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەمساڵ ڕەوشی کەرتی پیشەسازی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرەو باشتر دەچێت، بەڵام ھێشتا لە سنووری پارێزگای دھۆک کاریگەریی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش لەسەر کەرتی پیشەسازی ماون و تەنیا ٤٠%ی کارگەکان کار دەکەن، ئەوانی تر، یان داخراون، یانیش بە یەکجاری ئیفلاسیان ھێناوە، چونکە ئێستا ھیچ پاڵپشتییەک نییە بۆ کەوتنەکاری کارگەکان و بێبازاڕییش ئاستەنگە لەھەمبەر کەرتی پیشەسازیدا.”
لە دێرزەمانەوە بازرگانییەکی گەرم لە نێوان ھەردوو پارێزگای ھاوسنووری مووسڵ و دھۆکدا ھەبووە، بەڵام دوای ھێرشەکانی داعش و دواتر داگیرکاریی حەشدی شەعبی سنوورەکان نەکراونەتەوە. لەوبارەیەوە ڕەبەتکی دەڵێت: “ڕاستە دوو پارێزگای ھاوسنوورین، سەرەڕای ئەوەی ھەرێمی کوردستان لای خۆیەوە ھیچ ئاستەنگێکی نەھێشتووەتەوە بۆ بازرگانی، بەڵام لە لایەک گومرکێکی زۆرتر لەو کاڵایانە وەردەگیرێت کە لە دھۆکەوە دەچنە مووسڵ و، لە لایەکیشەوە، ھێزە جیاوازەکان کێشە بۆ بزاوتی بازرگانی دروست دەکەن، ئەوەش وای کردووە ئەو بازرگانییەی لە کۆنەوە لە نێوان مووسڵ و دھۆکدا ھەبوو، دەستی پێ نەکردووەتەوە.”
پەیوەست بە وڵاتی تورکیا و سوودوەرگرتن وەک پارێزگایەکی ھاوسنوور، ئەو بەرپرسەی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک ڕوونی کردەوە: “تورکیا لە ڕووی پیشەسازی و بازرگانییەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، چونکە بەرھەمی تورکیا بۆ نزیکەی ھەشتا وڵاتی جیھان ھاوردە دەکرێت، لەوەش زیاتر، تورکیا دەروازەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەورووپادا، ھەموو ئەو کەلوپەلانەی لە ڕێگەی وشکانییەوە دێنە عێراق و ھەرێمی کوردستان، چ بەرھەمی ئەورووپی بن، یان تورکی، ھەمووی لە ڕێگەی پارێزگای دھۆکەوەیە. لەبەر ئەوە، تورکیا بۆ ئێمە گرنگە و تا ڕادەیەکی زۆریش سوودمان بینیوە، بڕیاریشە دەروازەیەکی دیکەی سنووری لەگەڵ تورکیا بکرێتەوە، ئەوەش زیاتر ھاندەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی لەگەڵ جیھان و تورکیا.”
پارێزگای دھۆک خاکێکی بەپیتی ھەیە بۆ کشتوکاڵ و دەوڵەمەندە بە چەندین سامانی سروشتی و گرانبەھا و دەگمەن. حەمید ڕەبەتکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “لە زۆربەی بەرھەمەکان دھۆک نەک پێداویستیی ناوخۆ، بگرە دەتوانێ بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرھەم دابین بکات، بەتایبەتی ئەگەر کارگە ھەبێت بۆ بەرھەمھێنانی پیشەسازیی چاندن، چونکە بەرھەمێکی نایابی ھەیە و لە ناوچەکەدا بەدەست ناکەوێت.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
