وەزارەتا پێشمەرگەى:هاريکاریێن ههڤپەیمانان بۆ پێشمەرگەى دێ بەردەوام بن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ڕاوێژکاری سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان وەزارەتەکەیانی دڵنیاکردەوە کە هاوکاری و یارمەتییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم ئەو پرسە چارەسەرکراوە.
لەمیانی کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگە و راوێژکاری سەنتەری هەماهەنگیی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن تیمی هاوپەیمانانەوە، وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاکرایەوە کە کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم پێویستییە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە چارەسەرکراوە و پێویستییە دارایی و لۆجستییەکانی ئەو هێزەش لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەردەوام دەبێت.
وەین مەراتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە “گرنگە”، چونکە هاوکاربوون لە سەرخستنی ئەرکە هاوبەشەکان لە دژی داعش و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژی سێشەممە 30ی ئاداری 2021 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت، ئەمینداری گشتی و سەرۆکی هەیئەی ئەرکان و راوێژکارانی وەزارەت لەگەڵ کۆڵۆنێل دەیڤد ولیام، راوێژکاری سەنتەری هەماهەنگی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری کۆبوەوە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کردووە لە پاڵپشتی و هاوکاریەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و گوتیشی “بەردەوامیی پاڵپشتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات بە هێزێکی پێشکەوتووی ئەکادیمی و سەربازیی سەردەمییانە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
