حکومەتا هەرێما کوردستانێ: پێویستە بەغدا بەردەوام بت ل سهر هنارتنا پشكا بوودجهى
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە “پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.” هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “دەبێ زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار بدرێت.. لە رووی داراییشەوە ببێتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی داهات.”
رۆژی یەکشەممە 5ـی حوزەیرانی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بەبۆنەی 47هەمین ساڵیادی دامەزراندنی و ئەنجامدانی دیداری یەکێتی. “هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان.”
لە 22 تاوەکو 26ـی ئایار لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤۆس بەڕێوەچوو و مەسرور بارزانی بەشداریکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکە خستەڕوو.
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی، سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە داوە، “جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیهان کراوەتەوە بە تایبەتی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا.” دەشڵێت، “ئامانجی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەند و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکاندا، گەیاندنی دەنگ و هەڵوێستی هەرێمی کورستانە بە سەکۆ جیهانییەکان و پتەوکردنی پێگهی حکومەتی هەرێمی کوردستانە وەک هاوبەشێکی هەرێمی و جیهانی.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکەدا خاليد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کۆنووسی کۆتایی تیمی چاودێری دارایی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵیی خستەڕوو کە لەبەر رۆشنایی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 ئەنجامیان داوە.
لە کۆنووسە هاوبەشەکەدا ئاماژە دراوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، “تەرازووی پێداچوونەوەی لەسەر ئاستی سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی خەرجیی بۆ تەواوی ساڵی 2021 بە شێوەیەکی شەفافانە پێشکێش بە لیژنە هاوبەشەکە کردووە کە بە ژمارە و زانیاری، داهات و خەرجییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا خراوەتەڕوو، بە داهات و خەرجیی نەوتیی و نانەوتیشەوە، سەرەڕای خستنەڕووی میلاکی وەزیفی مەدەنی و سەربازیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.”
لای خۆیەوە، ئەنجوومەنی وەزیران “دەستخۆشیی لە دیوانی چاودێریی دارایی کرد. لە هەمانکاتدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لە چوارچێوەی ئەو راپۆرتە هاوبەشە و بە پشتبەستن بە ماف و شایستە داراییەکانی جێگیرکراو بەپێی دەستوور، بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی شایستەکان بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش، هاوئاهەنگی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکرێت لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی کوردستانیش رۆڵی خۆی لەو بوارە بگێڕێت.”
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی خستەڕوو کە “مانگانە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵ پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی داشکاندووە لە شایستەکەی، لە بەرامبەردا، پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەردەوام بێ لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.”
لە کۆبوونەوەکەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راپۆرتێکی پێشکێش کرد سەبارەت بە دۆخی کەرتی گشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و دیدگا و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری پەرەپێدان و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار. هەروەها ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، ئاماژەی بە وردەکاییەکانی راپۆرتەکە کرد و چەندین ئامار و زانیاری دەربارەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە “دەبێ زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار بدرێت بە ئاراستەی زیاتر ناساندنی سروشتی جوان و گەشی کوردستان و ناساندنی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردستان و هەروەها لە رووی داراییشەوە ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی گرنگەکانی داهات.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ راپۆرتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و راسپاردە و پێشنیاز و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار پەسند کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پڕۆژەیاسای ‘هەمواری یەکەمی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان’ ژمارە 8 لەلایەن ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگ پەسند کرا.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
