نوونەرێ میرێ ئێزدیان:ب دل و گیان لگەل دەولەتا کوردستانێ داین
باسنيوز:
کوڕی میری ئێزدیان و نوێنەری میر روونی کردەوە: “بە دەوڵەتبوونی کوردستان مافێکی شەرعییە، مافی میللەتی کوردە ببێتە دەوڵەت. ئێمەش بە دڵ و بە گیان لەگەڵ بە دەوڵەتبوونی کوردستانداین، بەڵام دەشمانەوێ مافی ئێزدی بپارێزرێ. ئێمەش لە کورد و کوردستان جیا نین، سەرۆک مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئێمەیە، لالشی نوورانیش لە کوردستاندایە.”
عیسمەت میر تەحسن بەگ، نوێنەری میری ئێزدیان بە (باس)ی راگەیاند: “ئێمە ھیچ لە بارەی حەشدی شەعبییەوە نازانین، ئەوان چارەنووسی ئێمە ناپارێزن. ئێمە رێزمان بۆ سوپا و لەشکری عیراق ھەیە، بەڵام دامەزراندنی ھێزێک لەسەر بنەمای تایفەگەری ئێمە لەگەڵیدا نین. ئێمە وەک ئێزدی دژی توندوتیژی و کاری تێکدانین، ھەردەم لەگەڵ پێکەوە ژیان و لێبوردەیی ئایینین لە ھەموو دەڤەرێکدا. داوا دەکەین توندوتیژی لە ھەموو ناوچەیەکی تێکڕای پێکھاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی کوردستاندا نەمێنێت. ئێمە لەگەڵ ئەوەشداین کە ھەموو تاوانبارانی بەشدار لەو کارەساتەی بەسەر میللەتی ئێمەدا ھات، بە یاسا سزا بدرێن. ھەروەھا رفێندراوانی ئێزدیش رزگار بکرێن.”
عیسمەت میر تەحسین ئاشکرای کرد، ئێزدی ھیچ کاتێک خیانەت و ناپاکی ناکەن. لە سەردەمی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد مەلا مستەفا بارزانییەوە ھەتا ئێستا، ئێمە لەگەڵ شۆڕش و خەباتی نەتەوەییداین، بێ گومان ھەولێر پتر لە بەغدا مافی ئیزدیان دەپارێزێت، بە تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، چونکە دانانی ناوی ئێزدی بە ھیمەتی بەڕێزیان لە نێو دەستوور لە پاش ساڵی ٢٠٠٣دا، بۆ ئێمە شتێکی مەزن بوو. ھەموو دەڤەرەکانی ئێزدی سەر بە کوردستانن. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین سەربەخۆیی کوردستان رابگەیەندرێت، مافی ئێزدیش پتر بپارێزرێت.”
نوێنەری میری ئێزدیان ئەوەشی گوت: “رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ ئێزدی تووشی کارەساتێکی گەورە ھاتن. لەو کاتەدا پێشمەرگەی کوردستان چەکی قورسی لە دەستدا نەبوو، بەڵام سەرۆک بارزانی بە شەو و رۆژ کاری بۆ رزگارکردنەوەی شنگال کرد. من بۆ خۆم داوام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە نووسینگەی خۆی لە شنگال بکاتەوە. لە قەزای مەزنی شنگالدا دوو نووسینگە بکاتەوە، نووسینگەیەکیش لە قەزای شێخان بکرێتەوە، لە باشیک و بەحزانێش نووسینگەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتەوە. ئێزدی گلەیی و گازندەی خۆیان لە رێی ئەو نووسینگانەوە بگەیەننە ئەو رێکخراوە نێونەتەوەییە. ھەڵبەت نەک تەنیا ئێزدی گلەیی و گازندەی خۆیان بگەیەنن، بەڵکوو مەسیحی و موسڵمان و پەیڕەوانی ھەموو ئایین و پێکھاتەکانی کوردستان ئەگەر گلەیی و گازندەیەکیان ھەبێت، بتوانن بیگەیەنن.”
نوێنەری میر ئەوەشی روون کردەوە، ئەوە ماوەیەکی درێژە ئێمە بەنێو ئاوارەکاندا دەگەڕێین، گەلێک لە ئاوارەکان داوای یارمەتی دەکەن، ئێمەش لە رێی خۆمانەوە ئەو داواکارییە دەگەیەنینە قایمقامیەتی شێخان. رێژەیەکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە شنگال. ئەوانەی لەنێو کەمپەکاندا ماون پرسیار لەوانە دەکەن کە گەڕاونەتەوە، کە دەزانن شنگال نە ئاوی ھەیە و نە کارەبا، جگە لەوەی لە رووی سیاسیشەوە گەلێک زەحمەتی و کێشەیان بۆ دروست دەبێت، ئیدی لە گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان سارد دەبنەوە. ھەشە دەڵێ ئێمە تا نەبینە دەوڵەت لە کێشە رزگارمان نابێت و شنگال ھەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە. لە لایەک حەشدی شەعبی ھەیە، لە لایەک پەکەکە، ئیدی لە سایەی ئەو دۆخە ئاڵۆزەدا، خەڵکی شنگال نازانن چی بکەن و چی نەکەن.
میر عیسمەت تەحسین بەگ زیاتر گوتی: “لە ناوچەکانی باشووری شنگال ئاوارە نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، ئەوەش لەبەر حەشدی شەعبی، تەنیا لە شارۆچکەی سنوونێ بەشی ھەرە زۆری خەڵکەکەی گەڕاونەتەوە، چونکە سنوونێ کە ناحیەیەکی سەر بە شنگالە، لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە. ژیان لە سنوونێ گەلێک ئاساییە، بەرەو ناوچەکانی باشووری شنگال خەڵک ناگەڕێنەوە چونکە لەو ناوچانەدا حەشدی شەعبی ھەن، خەڵکیش ھیچ شتێک لەبارەی حەشدی شەعبییەوە نازانن. بە گوێرەی قسەی خەڵکی ئێمە، ئێزدی لەبەر پەکەکە و حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال.”
لە کۆتاییدا میر عیسمەت نوێنەری میری ئێزدیان ئاشکرای کرد: “ئێمە داوا دەکەین ئێزدی ھەموو ببنە یەک دەست، بۆ ئەوەی پتر مافی خۆیان بەدەست بھێنن. بەر لە ئێستا میر تەحسین بەگ ٢٣ یاداشت و داخوازینامەی داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان. یەکێک لەوان ئێمە دەمانەوێ دەشتی نەینەوا و شنگال ببنە پارێزگایەکی سەر بە ھەرێمی کوردستان. ئەگەر پاراستنی نێودەوڵەتیمان بۆ دابین نەکەن، ھیچ نەبێ با نووسینگەی ئەوان لە دەڤەری شنگال و باشیک و بەحزانێ و شێخان بکرێتەوە، ئەمەش کەمترین شتە بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی ئێزدی.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
