سیاسەتمەدارهكێ ئەمریکی: کوردستان دێ ژ عێراقێ جودا بت
باسنيۆز:
سیاسەتمەدار و کارمەندێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا CIA رایدەگەیەنێت، کە کوردستانی باشوور لە عێراق جیا دەبێتەوە.
بروس ریدل، راوێژکاری چوار سەرۆکی ئەمریکا و کارمەندی CIA بۆ ماوەی 30 ساڵ، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا رایگەیاندووە، کە دڵنیا نییە لەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریکا و رووسیا یاخود لایەنی دەرەکییەوە دادەڕێژرێت و لەو بڕوایە دایە، ”هێزە تێکدەرەکان“ی ناوچەکە دووبارە نەخشەکە دادەڕێژنەوە.
بروس ریدل پێیوایە دوو هۆکار دەبنە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە نەخشەی جوگرافیی ناوچەکە دادەڕێژنەوە، ئەوانیش بڕیاری داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە و شکستی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی.
بە گوتەی ئەو سیاسەتمەدارە ئەمریکییە، هەردوو وڵاتی سووریا و لیبیا دابەش دەبن و لەسەر نەخشە نامێنن، ”سووریا بەسەر چەند ئیمارەتێکی عەلەوی و سوننی دابەش دەبێت، کە هەموویان ئیسلامین و بەشێکیان توندڕەون و زۆر ترسناک دەبن“.
بروس ریدل باس لەوە دەکات، کە عێراق لە رێگایە بۆ لەدەستدانی ”باکوورە کوردییەکەی“، وەک ئاماژەیەک بۆ جیابوونەوەی کوردستانی باشوور لە عێراق و پێیوایە دوای جیابوونەوەی هەولێر لە بەغدا، عێراق دەتوانێ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتەکەی بە زەبری هێز لە چوارچێوەی سنووری عێراقی عەرەبی بهێڵێتەوە.
بە گوتەی ئەو کارمەندەی پیشووی CIA، کوردستانی باشوور تازە ناگەڕێتەوە نێو سنووری عێراق، ”کوردەکان زۆر ناخۆشییان لە عێراق بینی و کەس ناتوانێ لۆمەیان بکات لەسەر جیابوونەوە“ و بە پێویستیشی دەزانێ سوننە و شیعەکانی عێراق رێگایەک بۆ ئاشتەوایی نێوانیان بدۆزنەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
