قاچاخچییەكێ کورد: یەخته درزینه و خەلکهكێ زۆر دكهنه دناڤ دا
رووداو دیجیتاڵ
تراژیدیای کۆچ بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا سێ بەلەم لە دەریای ئیجەدا ژێرئاو کەوتن، کە لەنێویاندا زیاد لە 250 کەس هەبوون.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشێکی ئەو کۆچبەرانەی لەو سێ بەلەمەدا گیانیان لەدەستدا یان بێسەروشوێنن، هاونیشتمانین.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی بەکر عەلی رۆژی یەکشەممە 26-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی دا، لە بەلەمێکدا کە 22ی ئەم مانگە ژێرئاوکەوت، 70 کەس هەبوون؛ 60یان هاونیشتمانی بوون؛ تاوەکو ئێستاش 13 کەسیان رزگار کراون و 57 کەسەکەی دیکە بێسەروشوێنن.
بەلەمێکی دیکە کە رۆژی دواتر ژێرئاوکەوت 80 کەسی تێدابوو، بەشی زۆری ئەوانیش کورد بوون؛ 14یان بێسەروشوێنن و 66یان رزگارکراون. بەلەمی سێیەم کە 24ی مانگ ژێرئاوکەوت 105 کەسی تێدابوو؛ 14یان بێسەروشوێنن، تەرمی دوو منداڵ دۆزراونەتەوە کە خەڵکی قەڵادزێن، 89 کەس رزگارکراون و ناسنامەیان تەواو دیار نییە. رووداو زانیویەتی 11 کەس لە بێسەروشوێنەکانی ئەم بەمەلەمەی کۆتایی گیانیان لەدەستداوە و 9 کەسیان هاونیشتمانیی باشووری کوردستانن.
دیمەنی یەکێک لە بەلەمەکان لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت، 23ی ئەم مانگە ژێرئاو کەوتووە.
سەبارەت بە هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران، پۆلیسی یۆنان دەڵێت، چەند هۆکارێک هەن: کوالێتیی بەلەمەکان، بچووکی قەبارەیان بەراورد بە ژمارەی سەرنشینەکانیان، نەشارەزایی ئەوانەی کە بەلەمەکان لێدەخوڕن و زۆریی شەختەی نێو دەریا کە دەبنە هۆی کونبوونی کەشتییەکان.
بەڵام بەشی زۆری ئەم هۆکارانەش پەیوەندییان بە قاچاخچییەوە هەیە؛ قاچاخچییەکی کوردی دانیشتووی تورکیا دەڵێت، قاچاخچییەکان بەدوای هەرزانترین بەلەمدا دەگەڕێن و دواتریش کوردەکانیان پێ دەخەڵەتێنن.
موجاهید، قاچاخچیی کورد لە تورکیا دەڵێت، “قاچاخچییەکان هەموویان کوردن.. ئەو یەختەی جێگەی 70 کەس بێت ئەوان 120ی تێدەکەن.. یەختەکانیان هەمووی رزیبوون.. وەجبەی نوێ ئامادەن و بەیانی و دوو بەیانی وەجبەی نوێ هەن و بۆ ئیتاڵیا دەچن”.
نقوومبوونی ئەو سێ بەلەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 26-12-2021 تەرمی 16 هاونیشتمانی لە فەرەنساوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان، کە لە ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیاندا لە 24-11-2021 لە نۆکەندی ئینگلیز گیانیان لەدەستدابوو.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
