بۆچی پرچا تووشبوويێن شێرپەنجێ دوهريێت؟
رووداو- 
هەڵوەرینی قژ یەکێكە لە دەرهاوێشتەکانی چارەسەری شێرپەنجە، نەک شێرپەنجە خۆی، کە ئەمەش بۆ زۆر کەس جێگەی نائاسوودەیی و بێزارییە.
دەرمانەکانی کیمیایی چارەسەری شێرپەنجە ئەو خانانە دەکەنە ئامانج کە خێرا گەشەدەکەن، وەک خانە شێرپەنجەییەکان، بەڵام رەگەمووەکانیش زۆر خێران و دابەشدەبن بۆ ئەوەی مووی نوێی لێدروستبببێت.
لەبەرئەوەی زۆربەی دەرمانە کیمیاییەکانی شێرپەنجە وا دروستدەکرێن کە هەموو خانەیەکی خێرا دابەشبوو لەنێو ببەن، بۆیە لەگەڵ خانە شێرپەنجەییەکان، خانە خێراکانی دیکەش وەک و مووی سەر هەڵدەوەرن. بۆیە کۆمەڵێک کەس چارەسەری کیمیایی خەمهێنەر و بێزارکەرە و بەناچاری رەتیدەکەنەوە.
ئاستی هەڵوەرینی قژ لە تووشبووانی شێرپەنجە بەندە بە جۆری شێرپەنجەکە، دەرمانەکە، بڕ و شێوازی بەکارهێنانەکەی.
زۆرێك لە نەخۆشەکان لەگەل هەفتەی یەکەم و دووەمی چارەسەرەکەدا تووشی هەڵوەرینی قژ بەهۆی دەرمانی کیمیایی دەبن. هەروەک ئەو ناوچانەی زۆرترین بەریەککەوتنیان هەیە، وەک تەپڵەسەر و لایەکانی سەر کە زۆرتر لەگەڵ سەرین بەریەکدەکەون، یەکەمجار هەڵوەرینەکەیان لێدەردەکەوێت.
لەماوەی 3 مانگ هەڵوەرینی قژ تەواو دەبێت.
دوای چارەسەری کیمیایی، دەستپێکردنەوەی قژ بەشێوەیەکی گشتی لەماوەی 1-3 مانگ دەسپێدەکاتەوە و نزیکەی 60%ی نەخۆشەکان هەست بە گۆڕان لە پێکهاتەو رەنگی قژیان دەکەن لەدوای هاتنەوەی قژیان. هەندێكیش هەست بە لوولبوونی قژیان دەکەن، کە ئەمانە هەمووی کاتین و دواتر دەگەڕێتەوە شێوازی ئاسایی خۆی.
کاریگەرییەکانی هەڵوەرینی قژ
قژی مرۆڤ چەندین کاریگەری هەیە لە کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە بۆ زۆربەی تووسبووانی شێرپەنجە، هەڵوەرینی قژ بەهۆی چارەسەری کیمیایی حاڵەتێکی ناڕەحەت و بێزارکەرە.
تەنانەت هەندێك کەس هەر چارەسەری کیمیایی رەتدەکەنەوە و نایانەوێت تووشی هەڵوەرینی قژ ببن.
چارەسەری هەڵوەرینی قژ بەهۆی چارەسەری کیمیایی
چارەسەری هەڵوەرینی قژ بەهۆی چارەسەری کیمیایی بریتییە لە ساردکردنەوەی کاسەی سەر بەهۆی پارچەی بەفر و کڵاوی تایبەت کە بۆیەکەمجار لە ساڵی 1970 ئاشكراکرا.
بیرۆکەی ئەم چارەسەرە ساردکردنەوەیە و بەمەش لوولە خوێنەکانی دەوری مووەکان تەسکدەبنەوە. هەندێك توێژینەوە ئاماژە بە رێژەی 50%ی سەرکەوتن بۆ ئەم تەکنیکە دەکەن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
