خانمهكێ زارۆكهكێ تەمەن 25 سالى دبت
رووداو-سلێمانی
خانمێکی تەمەن 26 ساڵان منداڵێکی بوو، کە 24 ساڵ لەمەوبەر پاش پیتاندنی بە بەستوویی هەڵگیراوە، ئەوەش بە شکاندنی ریکۆردێکی نوێ دادەنرێ بۆ ماوەی مانەوەی کۆرپەلەیەکی بەستوو.
منداڵە لەدایکبووەکە، کە ناونراوە ئیما گیبسۆن، لە 14ی ئۆکتۆبەری 1992 ەوە بە بەستوویی هێڵراوەتەوە و ئێستا بووە بە کچی دایکێک کە ساڵێک بەر لەو بەروارە لەدایکبووە.
تینا گیبسۆن، دایکە تەمەن 26 ساڵانەکە، دەڵێ “ئەگەر هەر ئەوکاتەی پیتێنراوە بە پرۆسەی سرووشتیی گەشەدا بڕۆیشتایە، لەوانەبوو ئێستا ئێمە باشترین هاوڕێی یەکتر بووینایە”.
مانگی ئاداری رابردوو پاش کۆتاییهێنان بە پلەی بەستن، کۆرپەلەکە لەلایەن نێوەندی نیشتیمانی بەخشینی کۆرپەلە لە ئەمریکا گواسترایەوە بۆ منداڵدانی تینا و کۆتایی مانگی رابردوو بە کێشی 2950 گرامەوە لەدایکبوو.
پاش ئەوەی خانم و پیاوێک پرۆسەی منداڵی بلووری ئەنجامدەدەن، لە ئەمریکا نەریت وەهایە کە پاش وەرگرتنی رەزامەندییان کۆرپەلە پەیدابووەکانی دیکەش لەنێونابرێن، بەڵکوو هەڵدەگیرێن بۆ ئەو خێزانانەی دیکە کە بەهۆی گرفتی تۆو و هێلکە ناتوانن منداڵ درووستبکەن.
تینا بەهۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنی هاوژینەکەی نەیدەتوانی منداڵی ببێ، بۆیە بڕیاریاندابوو منداڵێک لەخۆبگرن، بەڵام لەلایەن نێوەندە ئەمریکییەکەوە ئاگادارکرانەوە کە دەتوانن کۆرپەلەیەکی بەستوو وەربگرن و لە منداڵدانی تینا هەروەک منداڵێکی دیکە قۆناخەکانی گەشە تێبپەڕێنێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
