شبكة لالش الاعلامية

نۆژدارێن کوردستانێ “وەک پێتڤى” گوهـ ب تەندروستيا خۆ نادەن

نۆژدارێن کوردستانێ “وەک پێتڤى” گوهـ ب تەندروستيا خۆ نادەن

رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی زانستیی زانکۆی پزیشکیی تاران کە لەسەر پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی دەڤەری گەرمیان لە هەرێمی کوردستان کراوە، دەریخستووە ئێجگار کەم پابەندی وەرزش و چالاکیی جەستەیی دەبن کە بۆ تەندروست مانەوە گرنگن.

توێژینەوەکە کە بەمزووانە لە جۆرناڵێکی زانستیی جیهانیدا بڵاودەبێتەوە، لەلایەن توێژەرێکی کورد کراوە، وەکوو پێداویستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە تەندروستیی گشتی لە زانکۆی پزیشکیی تاران.

ئارام ساڵح محەممەد ئەمین، خاوەنى توێژینەوەکە بە (رووداو)ى گوت: “پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کەسانێکن لەلایەن چینەکانی کۆمەڵگەوە چاویان لێدەکرێ لەڕووی پاراستنی تەندروستی و دەرووندروستی، بۆیە گرنگە سەرەتا بزانین ئایا باری تەندروستیی خودی ئەم چینە چۆنە؟”.

بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارە، ئارام فۆرمێکی وەرگرتنی زانیاری بە 460 پزیشک و کارمەندی تەندروستی سنووری قەزاکانی کەلار، کفری و خانەقین پڕکردووەتەوە کە شەش رەهەندی تەندروستیی گشتیی لە خۆدەگرن و بریتین لە (وەرزش، خۆراک، گوشاری دەروونی، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، باری رۆحی و خودئاگایی لە باری تەندروستی).

ئەنجامەکان دەریانخست بەشدارانی توێژینەوەکە بە گشتی هەڵسوکەت و رێکارە تەندروستییەکان وەک پێویست پەیڕەو ناکەن. نەکردنی وەرزش و ناچالاکیی جەستەیی گرفتی هەرە گەورەی بەشداران بووە و کەمترین پابەندییان پێوەی هەبووە.

وەک ئەنجامدەری توێژینەوەکە بە (رووداو)ی گوت، خانمان کەمترین پابەندییان بە وەرزش هەبووە و پیاوانیش کەمترین پابەندییان بە خۆراکی تەندروستەوە هەبووە “لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئافرەت وەکوو پیاو ئازاد نییە لە وەرزشکردن لە دەرەوەی ماڵ، پیاوانیش لەکاتی دەوام و ئێشکگریدا زۆرتر ئەگەری هەیە پشت بە فاستفوود و خۆراکی نادروستی بازاڕ ببەستن، بەڵام خانمان زۆرتر ئەگەری هەیە خۆیان خۆراکی خۆیان ئامادە بکەن کە تەندروستانەترە لە فاستفوود”.

توێژینەوەیەکی دیکەی زانستی دەریخستووە شوێنکارەکانی سەردەمی ئێستا هاندەری خەڵک نین بۆ ئەوەی ئاگایان لە تەندروستیی خۆیان بێت. چونکە فەرمانگەکان بەزۆری شوێنی گونجاو دابین ناکەن بۆ وەرزشکردنی کارمەندانیان لەکاتی پشووەکاندا، گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر کارمەندان و کاتی پێویستی پشوویان نادەنێ و خۆراکی دابینکراویش بەزۆری فاستفوودە.

ئارام هۆشداری دەدات کە رەچاونەکردنی نەریت و هەڵسوکەوتە تەندروستانەکان لە ژیاندا، رێگا بۆ نەخۆشییە بڵاوەکانی ئەم سەردەمە خۆش دەکات، هەر لە بەرزەپەستانی خوێنەوە تاوەکوو شەکرە و جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دیکە “جاران نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک سکچوون و مەلاریا و کۆلێرا و هاوشێوەکانیان هۆکاری سەرەکی مردن بوون، بەڵام گرفتی گەورەی مرۆڤی ئێستا، نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکانە کە پەیوەندییەکی بەهێزیان بەشێوازی ژیانەوە هەیە”.

نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکان چەندین نەخۆشیی بڵاوی ئەم سەردەمە دەگرنەوە. وەکوو بەرزیی گوشاری خوێن، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن، شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکان ساڵانە 40 ملیۆن کەس دەکوژن و هۆکاری 70%ى سەرجەم حاڵەتەکانی مردنن لە جیهاندا. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەمانە ساڵانە 15 ملیۆن کەس لە نێوان تەمەنی 30 بۆ 69 ساڵی دەمرن کە 80% یان لە وڵاتانی هەژار و مامناوەندن.

بەربڵاویی ئەم نەخۆشییانە و ئەوەی کە دەتوانرێ بە گۆڕینی شێوازی ژیان ئەگەری روودانیان کەم بکرێتەوە، وایان کردووە ئێستا پشکی شێریان پێبدرێ لە توێژینەوە جیهانییەکاندا.

رووپێوییەکی تەندروستی کە ساڵی 2006 لە عێراق و کوردستان کراوە. دەریخستووە 70%ى کەسانی پێگەیشتوو کێشیان لە ئاسایی زیاترە و یەک لە سێیان قەڵەون! وەکوو زانراوە قەڵەوی لێکەوتەیەکی دیاری پابەندنەبوونە بە نەریتە تەندروستانەکانەوە، بە تایبەت نەبوونی خۆراکی تەندروستانە و چالاکیی جەستەیی.

هەمان رووپێوی دەریخستووە 90%ى خەڵکی عێراق بە بڕی پێویست سەوزە و میوە ناخۆن و 57%یان چالاکیی جەستەیی پێویست ناکەن.

لە توێژینەوەکەی ئارامیشدا دەرکەوتووە لەنێو کادیرە پزیشکییەکاندا، گەنجەکان کەمتر پابەندن بە خۆراکی تەندروست، کۆنترۆڵکردنی گوشاری دەروونی و ئاگابوون لە باری تەندروستیی خۆیان.

کوردستان کار بە توێژینەوە ناکات

ئارام هیوای خواست ئەو ئەنجامانەی ئەو بەدەستی هێناون، ببنە رێنیشاندەری حکومەت بۆ داڕشتنی ستراتیجییەکی نیشتیمانی بۆ پەرەپێدانی نەریت و هەڵسوکەوتى تەندروست لەنێو خەڵکی کوردستاندا.

ساڵانە چەندین توێژینەوەی وەک ئەوەی ئارام لە کوردستان دەکرێن کە هەموویان رێنماییان بۆ بڕیاربەدەستان هەیە، بەڵام وەک پێویست کار بۆ چەسپاندنیان ناکرێ، پسپۆڕێکیش ئەمە بۆ ناپرۆفێشناڵیی بەرپرسانی کوردستان دەگێڕێتەوە.

د.عەبدولفەتاح هەورامی، بەرپرسی بەشی توێژینەوە زانستییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەڵێت کاری دروست لە بڕیاری دروستەوە دێ، بڕیاری دروستیش لە زانیارییەوە، زانیارییش دەبێ لەسەر بنەمای داتای دەستکەوتوو بێ کە توێژینەوەکان دەیانخەنەڕوو “پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەبێ توێژینەوە ئەستەمە، بڕیاری دروست هەرگیز بە بنەمایەکی نازانستی و بێ داتا دروست نابێ، بڕیاربەدەستانی ئێمە چونکە زۆربەیان کەسانی تەواو ئەکادیمی نین، سەرنجیان لەسەر راسپاردەکانی توێژەران و ئەکادیمیستانی کوردستان نییە”.

هەورامی کە دکتۆرای هەیە لە پزیشکیی کۆمەڵ و مامۆستای زانکۆی سلێمانییە، دەڵێ بەرپرسان یان بڕوایان بە توێژینەوە نییە و کەمترین نێوەندی توێژینەوە بۆ دامەزراوەکانیان دادەنێن، یان راسپاردەکانی نێو توێژینەوەکانیان بەدەستناگات “لە هەموو بارێکدا ئەوان کەمتەرخەمن، چونکە لە دەسەڵاتیاندایە هەر بوارێک کە بیانەوێ چاکسازیی تێدابکەن، داوا لە زانکۆکان بکەن توێژینەوەی زانستییان بۆ بەگەڕبخەن لەو بوارەدا، یان لە فەرمانگە و دامەزراوەکاندا نێوەندی توێژینەوە دابمەزرێنن و کار بە داتا و راسپاردەکانیان بکەن”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

بزانە مۆندیالا یانێن جیهانێ چاوانە و چاوان ئێته‌ كرن 

Lalish Duhok

كولند دژی ئیلتیهابه‌و به‌رگريا جه‌سته‌ى بهێز دكت

Lalish Duhok

ب به‌لگه‌..بوونه‌وه‌رێن ئاسمانی ‌هاتينه‌ سه‌ر عه‌ردى

Lalish Duhok