ژیانا سەدان هەزار مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و کاکەیيان دمەترسیێ دایە
باسنيوز:
ڕوانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێکیدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە خاپوورکردن و سووتاندنی خانووی مەسیحییەکان لە شارۆچکەی قەرەقۆش و چەند شارەدێ و گوندێکی دیکەی مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا تۆمەتبار دەکات. ڕوانگەی ناوبرا و لەو ڕاپۆرتەیدا کە لە (ئارانیوز) بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، دوای دەرکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکە، ئەو خانووانەی کە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە تێکی نەدابوون، کەچی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دوای گەڕانەوەیان بۆ ئەو شوێنانە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی مەسیحییەکان بۆ سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان، کە ئامانج لێی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە، ئەو خانووانەیان تێکداون و سوتاندوون.
ڕوانگەی ئاشووری بۆ مافەکانی مرۆڤ نیگەرانیی خۆی لەو کردەوە تاوانکارییانە دەردەبڕێ، کە بەرانبەر مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ئەنجام دەدرێ و داوا لە حکوومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان دەکات، بە چاودێریی نێودەوڵەتی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی – کە ڕێکخراوەکە ناوی ناون کۆمەڵکوژی – لە دژی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی مەسیحی ئەنجام دراون و دەدرێن. ڕێکخراوی ناوبراو پێیوایە ئەم تاوانانە ئەڵقەیەکی نوێن لەو زنجیرە تاوانانەی ئامانجیان سڕینەوەی شووناس و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە.
نەینەوا، دوێنێ و ئەمڕۆ
مووسڵ، کە سەنتەری پارێزگای نەینەوا و دووەم گەورەشاری عێراقە، یەکێکە لە کۆنترین شارە مێژووییەکانی ناوچەکە و لانکەی شارستانییەکانی ئاشوور و بابل و سۆمەر و ئەکەد. هاوکات لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ویلایەتێکی گەورەی ناو عێراقی عوسمانی بووە. بەدرێژایی مێژووی خۆی، مووسڵ زێدی پێکهاتە ئیتنی و ئایینی و مەزهەبە جیاوازەکان بووە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کە دیمۆگرافیا هەمەڕەنگ و فرەشووناسەکەی کەتووەتە بەر هەڕەشە و مەترسیی شێواندن و تێکدان لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.
بە گوێرەی سەرژمێریی بەریتانییەکان لە ساڵی ١٩٢٠، ژمارەی دانیشتووان و دابەشبوونی دیمۆگرافیی مووسڵ بەپێی دابەشبوونی کارگێڕی، بە جۆرێکە کە گەواهی لەسەر فرەیی ئەم دەڤەرە دەدات، بەتایبەتی ئەو ناوچەیەی کە پێی دەگوترێ دەشتی نەینەوا. بەپێی ئەو سەرژمێرییە، ژمارەی دانیشتوواني مووسڵ ٣٥٠ هەزار و ٣٧٨ کەس بووە، ئەم ژمارەیەش بە گوێرەی دابەشبوونی دانیشتووانەکەی و بەرمەبنای کۆمەڵە ئیتنی و ئایینی و مەزهەبییەکان بەم چەشنە بووە: موسڵمانی سووننە لە کورد و عەرەب و تورکمان ( ٦٩٪)، موسڵمانی شیعە تورکمان (٤.٩٪ )، مەسیحییەکان بە تایەفە جیاوازەکانیان ( ١٤.٥٪ )، جوو ( ٢.٢٪ ) و پێکهاتەکانی دیکەی ئایینی و مەزهەبیی ئێزدی و شەبەک ( ٨.٦٪ ).
بەر لە داگیرکردنی ئەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣ ملیۆن و ٧٢ هەزار و ٨٥٤ کەس بوو، کە( ٦٠.٧٪) ئەم ڕێژەیە لە سەنتەری پارێزگا و قەزا و ناحیەکان و( ١٩.٢٪)یشی لە دێهاتەکان نیشتەجێ بوونە. زۆرینەی دانیشتووانی ناو سەنتەری پارێزگاکە بریتی بوون لە کورد و عەرەب و تورکمان (سوننە). ئەوەی تریش، تورکمانی شیعە و شەبەک و ئێزدی و مەسیحییەکان. پارێزگای نەینەوا لەڕووی کارگێڕییەوە لە هەشت قەزا و بیست و هەشت ناحیە پێک دێت، ئەم قەزا و ناحیانەش هەریەکە و بە زۆرینەیی و کەمینەی پێکهاتە جیاوازەکانی دەناسرێنەوە. ئەوەی لەم نێوەشدا گرنگە، پێکهاتەکان و دیمۆگرافیای قەزا و ناحیەکانی دەشتی نەینەوایە، کە چ لە کاتی باڵادەستیی تیرۆریستانی داعش، یان لە هەنووکەی باڵادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، چارەنووس و ئاییندەیان لەبەردەم مەترسیدا بووە و دایە. بەتایبەتی چارەنووسی مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و کاکەیی لەو سنوورە.
دەشتی نەینەوا و هەوڵەکانی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی
دەشتی نەینەوا، کە قەزاکانی (حەمدانیە و تلکێف و شێخان) و ناحیە و ئاواییەکانی دەوروبەریان دەگرێتەوە، ناوچەیەکی جوگرافییە دەکەوێتە باکوور و ڕۆژئاوای پارێزگای مووسڵ و دانیشتووانەکەی (مەسیحی، کوردی ئێزدی و کاکەیی و شەبەک)ن. بەشێکی دەشتی نەینەوا، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە لە ڕۆژئاوا و زێی گەورە لە ڕۆژهەڵات، وێڕای پێکهاتە دیمۆگرافییەکەی، وەکوتر لە باری هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، دەکەوێتە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠، واتە ناوچە کێشە لەسەرەکان، یان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان).
داعش هەر بە داگیرکردنی مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری، دەستی کرد بە گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا، لەم ڕووەوە جگە لەو کوشتوبڕ و بە سەبی و کەنیزەک بردنی کچ و ژنەکانیان و سووتاندنی ماڵ و ئاواییەکانیان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانیان و دڕندەییەی لە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە بەگشتی و ئێزدییەکان بەتایبەتی ئەنجامی دا، بووە هۆی ئەوەی کە بە سەدان هەزار کەسیش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بن و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. دوای ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لە دەستی داعش و گەڕانەوەی هێزە هاوبەشە عێراقییەکان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دیسانەوە بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی سیاسەتی داعش، ئەوانیش دەستیان داوەتە هەڵمەتێکی چڕی گۆڕینی دیمۆگرافیای دەشتی نەینەوا. خاڵی هاوبەش لە هەردوو پڕۆسەی داعش و حەشددا ئەوەیە، کە مەسیحی و کوردانی ئێزدی و شەبەک کراونەتە ئامانجی سەرەکی.
دوای دەرکردنی، داعش ناوچەکەی بە وێرانی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، بە قسەی خەڵکی ئەو ناوچانەش بێت، حەشدیش کە گەڕاوەتەوە، ئەو بڕە ئاوەدانییەی لەو ناوەدا مابوو، خەریکە بە تەواوی وێرانی دەکات. هەنووکە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە وێرانن و هەناسەی ژیان و ئارامی و سەقامگیرییان تێدا نەماوە، ئەو ژمارە کەمەی ئاوارەکان کە دوای داگیرکاریی تیرۆریستانی داعش بە دڵەڕاوکێوە گەڕانەوە سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمجارە لەدەست هەڕەشەکانی میلیشیاکانی حەشد ئاوارە بوونەتەوە و هەرێمی کوردستان وەک تاکە داڵدە و نەوای ئارام و ئاسایش، لە باوەشی گرتنەوە. گەورەترین مەترسیش بەسەر ئاییندە و چارەنووسی ئەو پێکهاتانەی دەشتی نەینەوا، ئاوارەبوون و کوشتن نییە، بەڵکوو سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و دابەشبوونی جوگرافیای دانیشتووانە، ئەوەی کە هەنووکە حەشد بە بەرنامە دەیکات. بەو پێیەی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان لە مەزنترینی ئەو مەترسیانەن کە ڕووبەڕووی دانیشتوانی ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراو دەبنەوە، مەترسییەک کە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی تا ماوەیەکی درێژ بەسەر پێکهاتەی ئیتنی و ئایینی و مەزهەبیی ئەو ناوچانەدا دەبێت. گۆڕانکارییەک نەک تەنها شیرازەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکە و ڕووخسارە فرەیی و هەمەڕەنگە کولتوورییەکەی دەشێوینێ، بەڵکوو بەردەوامی و جێگیریی بڕیار و دەسەڵاتی ئەو هێزەی پرۆسەکە لە ناوچەکە ئەنجام دەدا، کاریگەریی بۆ سەر نەخشەی جیۆگرافی و سیاسیی ناوچەکەش دەبێت و هۆکاریکی سەرەکیشە لە سەرلەنوێ قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکان و ختووکەدانی هەستی دوژمنایەتی و زیندووکردنەوەی گیانی تۆلەسەندنەوە لەناو پێکهاتەکاندا و هەڵگیرساندنەوەی ئاگری شەڕی تائیفیی درێژخایەن.
حەشدی شەعبی لە دوژمنی
داعشەوە بۆ جەللادی پێکهاتەکان
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی نزیک لە هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە عێراق، بەتایبەتی قۆناغی دوای ڕووخاندنی بەعس، ئەو ڕاستییەمان بۆ روون دەبێتەوە، کە ئەوەی کە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق بە بیانووی شەڕی داگیرکارە ئەمریکییەکان کردی، دیوێکی ئەو پرۆسەیە بوو. وەک چۆن بە گرتنە دەستی جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە بەغدا، عەرەبە شیعەکانیش لە ناوەڕاست و بەشێکی باشووری عێراق کاراکتەرێکی کارای قووڵکردنەوەی ئەو سیاسەتە بوون. بە دوای ئەوانیشدا هاتنی داعش و ئینجا دووبارە گەڕانەوەی حەشد بۆ ئەو ناوچانە، ئەمانەش درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی سڕینەوەی بەرامبەرن لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی.
ئەو ئاوارەبوون و دەربەدەرییە و نەگەڕانەوە لە ترسی کوشتن و سەرکوتکردن، ئەوەی کە دووچاری مەسیحی و کوردی ئێزدی و شەبەک و کاکەیی بووەتەوە، دەستی هێزەکان کراوەتر دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە، بە ئاراستەی گۆڕینی یەکجارەکیی نەخشەی جوگرافیی ناوچەکە. ئینجا خاڵی سەرنجڕاکێش لەو نێوەدا، هەڵوێستی تورکمانەکانە، کە زۆرجار لەناو ئەو پرۆسانەدا خۆیان وەک قوربانی نیشان دەدەن، بەتایبەتی تورکمانە شیعەکان. هەنووکە ئەوان بوونەتە کاڵای دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بە گیانی دوژمنایەتیێکی کوێر، کەوتوونەتە پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسەی گۆڕینە دیمۆگرافییە لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا. تورکمانە شیعەکانی دەشتی نەینەوا، کە لە تەلەعفەر و هەندێ ناحیەی و ئاوایی دەوروبەری ئەو قەزایەن، جگە لە بوونی لیوایەکیان بە ناوی (لیوای ئەلحوسەین) لە چوارچێوەی پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا، وەکوتر بە هەزاران چەکداریان لە ڕیزەکانی گرووپە میلیشیاییەکانی دیکەی حەشدی شەعبی (فیرقەی ئەلعەباس، عەسائیب ئەهلولحەق، سەرایا ئەلسەلام و حزبوڵڵا)دان.
شایەتحاڵەکان خۆیان دەدوێن
شێخ ئەمجەد بابیری، ئەندامی ئێزدی لە ئەنجومەنی ناحیەی تلکێف بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لەوەتەی حەشد هاتووەتەوە تلکێف، ڕێگای گەڕانەوەی لە ئێمە گرتووە و کەسمان ناتوانین بچینەوە سەر کاری فەرمی خۆمان و کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکی ئەو ناحیەیان کردووە”.
هاوکات لارا زارا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆش بە ئاژانسەکانی هەواڵی ڕاگەیاندووە کەوا: ”لەبەر هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر پێکھاتەکانی سنووری دەشتی نەینەوا، دوو ھەزار خێزانی کریستیان، کە ئاوارە بوونە، ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و مەترسیی ئەوەیان ھەیە، لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی کۆمەڵکوژ بکرێن”.
لای خۆیشیەوە، لینۆس عەودیش پوترس نوێنەری مەسیحییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بۆ (باسنیوز) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا کردووە، فریای مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بکەون و ئاسایشی خەڵکەکە و سەقامگیری ناوچەکە مسۆگەر بکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەکانیان بتوانن بەبێ ترس بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لینۆس دەڵێ: ”دوای سێ ساڵ ئاوارەیی، کریستییانەکانی دەشتی نەینەوا بە لەناوچوونی داعش ئومێدی ئەوەیان بۆ دروست بوو بگەڕێنەوە سەر زیدی خۆیان، بەڵام ئەوەتا بە هۆی سیاسەتەکانی حەشدی شەعبی، خەڵکیکی زۆری تلکێف و ناوچەکانی دیکە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.
لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی جڤاتی قەزای شنگال باس لەوە دەکات، لەو ڕۆژەوەی کە میلیشیاکان هاتوونەتە ناو قەزاکە، دەستیان بە ڕفاندنی هاووڵاتیان و تاڵانکردنی سەروەت و سامان و تەقاندنەوەی ماڵەکانیان کردووە و دەڵێ: “ تا ئێستا ١١ خانووی هاووڵاتیانیان تەقاندووەتەوە”.
وەیسی نایف، سەرۆكی جڤاتی قەزای شنگال بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ” جگە لە سەنتەری قەزاکەمان، لە گوندی گروڤێ دوو خانوو، لە ناحیەی گرعوزێر دوو خانوو و لە قابووسیەش چوار خانووی هاووڵاتیانیان تەقاندووەتەوە”.
هەر پەیوەست بەم دەستدرێژی و پێشێلکارییانەی میلیشیاکانی حەشد و هەوڵەکانیان بۆ دیمۆگرافیای ناوچەکە، موزاحم ئەلحویت، وتەبێژی هۆزە عەرەبەکانی سوننە لە دەشتی نەینەوا ڕای گەیاند: ”لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، حەشدی شەعبی ژمارهیهكی زۆر خانهوادهی عهرهبی له سووریاوه هێناوهته ناوچهكه”. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دەکات کەوا “حكوومهتی عێراق بە هاوکاریی حەشدی شەعبی، دهستی به گواستنهوهی فهرانبهرانی حكوومیی خهڵكی دهڤهری زوممار و ڕۆژئاوای دیجله كردووه و له شوێنی ئهواندا، ئهو كهسانه دهگوازێتهوه و دادهمهزرێنێت كه گومانلێكراون و به هاوكاریكردنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش تۆمەتبارن”.
ئەلحویت لە لێدوانێکیدا بۆ (باسنیوز)باس لەوە دەکات، کە میلیشیاکانی حەشد وێڕای بردنی پارە و خشڵ زێڕ و کەلوپەلی گرانبەهای هاووڵاتیان، چەندین ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانیشیان لەو دەڤەرە دزیوە و هەڕەشەی بەردەوامیش لە خەڵک دەکەن و بەبەرچاوی خەڵکەوە سووکایەتی بە کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەکە دەکەن و دەڵێت: “ ئەمریکییەکانمان لەم ڕەفتارانەی میلیشیاکانی حەشد ئاگادار کردووەتەوە”.
هەر گرێدراو بە دەستدرێژی و هەڕەشەکانی میلیشیاکانی حەشد و دەرهاوێشتەکانی، ئەکرەم فەتاح، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچپێکراوان لە پارێزگای دهۆک دەڵێ:” بە هۆی هێرشەکانی حەشد بۆ دەشتی نەینەوا، هەشت هەزار خیزان ئاوارە بوونەتە دهۆک”. سەرۆکی لیژنەی کۆچپێکراوان دەربارەی پرسی تاڵان و بڕۆی ماڵی هاووڵاتیان لە لایەن ئەو میلیشیایانەوە دەڵێت: “ ئەو هاووڵاتی و خێزانانەی نەیانتوانیوە خۆیان لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی ڕزگار بکەن، هەنووکە لە دۆخێکی خراپدا دەژین. جگە لە ڕفاندنی خەڵکی سڤیل و سووکایەتی پێکردنیان، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ماڵی 30 هاووڵاتییان لە شارۆچکەی زوممار، تاڵان کردووە”.
لای خۆیەوە، عیماد یوحەننای پەرلەمانتاری مەسیحی لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، باس لە دووبارە ئاوارەبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری خێزانە مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بە هۆی هێرش و کردەوە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێ: “ لە ئاکامی هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و بە هۆی کەمتەرخەمی حکوومەتی عێراق لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و چەسپاندنی یاسا لە ناوچەکە، 200 خێزانی مەسیحی لە هەردوو ناحیەی ئەلقوش و تەلسقۆف لە دەشتی نەینەوا ئاوارە بوونەتەوە”. یوحەنا ئاماژەوە بەوە دەکات کە: “ ئەو خێزانە مەسیحییانە بۆ جاری سێیەمە ئاوارە دەبنەوە، دوای نەمانی داعش لە ناوچەکە، ئەو خێزانانە گەڕانەوە سەر زیدی خۆیان، بەڵام ماوەیەكی کەم بەسەر گەڕانەوەیاندا تێنەپەڕی، كە سێبارە بە هۆی مەترسی و هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی، ناچاری ئاوارەبوون كراونەتەوە”.
دواجار، وەحیدە یاقۆ ھورمز، سەرۆکی فراکسیۆنی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ ژیانى مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا ئێستا لە مەترسیدایە. دوای دەرکردنی داعش، خەڵکێکی زۆرى مهسیحى گەڕانەوە ناوچهكانیان و هێزی پێشمەرگە ئەوانی دەپاراست، بەڵام کە حەشدی شەعبی ھاتەوە بۆ ناوچەکە، دیسان بە هۆی هەڕەشەکانی ئەو میلیشیایانە، مهسیحییهكان ئاوارە بوونەوە”.
پێشێلکارییەکانی حەشد لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکاندا
لە ڕاپۆرتێکیدا بە ناونیشانی (عێراق: چاوپۆشین لە چەکدارکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی)، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی ژێر چەتری حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی پرۆسەکانی کوشتن و لەسێدارەدان، ڕفاندن و ئەشکەنجەدان، پێشیلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی “ لەناویاندا تاوانەکانی جەنگ” تاوانبار دەکات. لە ڕاپۆرتەکەدا کە ئەمساڵ ٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ناوبراو، بە گەڕانەوە بۆ هەموو ئەو تاوانانەی کە ئەو میلیشیایانە لە ساڵی ٢٠١٤ دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامیان داوە، هاوکات ئاماژە بە تاوانە نوێیەکانی ئەم دواییانەشیان دەکات.
بە گوێرەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی ناڕەوا و لە دەروەی هەر یاسا و عورفێک، سەدان کەسیان لە پیاو و مێرمنداڵی ئەو ناوچانە ڕاستەوخۆ گوللەباران کردووە، بە هەزارانیشیان بۆ شوێنی نادیار ڕفاندووە و ئەشکەنجەیان داون. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە میلیشیاکان ئەو خەڵکە سڤیلەیان لە ماڵەکانی خۆیان، یان لەسەر کار، یان لەناو کەمپەکانی ئاوارەیی، یاخود لە خاڵەکانی پشکنین و شوێنە گشتییەکان دەستگیر کردووە و ڕاپێچیان کردوون، کە تا ئێستا چارەنووسی سەدان کەس لەو خەڵکە دیار نییە. لەوەشدا ڕێکخراوەکە جەخت لەو تاوانانە دەکات کە میلیشیاکان لە گرتنەوەی فەللوجە و ناحیەی ئامرلی ئەنجامیان داوە. وەک چۆن ڕێکخراوی ناوبراو و چەندین ڕێکخراوی دیکەی نێودەوڵەتی و لەناویاندا ڕێکخراوەکانی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنیستی ئەنتەرناشیوناڵ، لە دوا ڕاپۆرتەکانیاندا، ئاماژەیان بە تاوانە دژە مرۆییەکانی ئەو میلیشیایانە کردووە، کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی داگیرکردنەوەی کەرکووک و خورماتوو و قەزاکانی دەشتی نەینەوا و بە هەمان بیانوو، دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامیان داوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
