ئەڤ ساله ٣٤٩ ئێزدی هاتينه رزگارکرن
دهۆک-KDP.info-
نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ئاماری ئەمساڵ (2017)ی ڕاگەیاند و گوتی، ئەمساڵ ٣٤٩ کەس ڕزگار کراوان.
ئەمڕۆ پێنچشەممە (٢٨-١٢-٢٠١٧) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ئاماری ئەمساڵ (٢٠١٧)ی ڕاگەیاند، ئامارەکان بەم شیوە بوون:
- سەرجەمی ڕفێنراوان : ٦٤١٧ کەس.
– ژمارەی ڕزگاربووان: ٣٢٤٤ کەس.
– ژمارەی ئافرەتان ١١٤٦ کەس ڕزگار کراون.
– ژمارەی پیاوان : ٣٣٥ کەس ڕزگار کراون.
– ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی نێر: ٨٤٣ کەس.
– ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی مێ: ٩٢٠ کەس.
– ژمارەی ڕزگاربوانی ساڵی ٢٠١٧ سەرجەمیان ٣٤٩ کەس بوون.
– ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، ئافرەتان ١٠٢ کەس.
– ژمارەی ڕزگاربووانی ساڵی ٢٠١٧، پیاوان ٩ کەس.
– ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، منداڵان ٢٣٨ کەس.
– ئەوانەی ماوان لە دەستی داعشدا ٣١٧٣ کەس.
– ژمارەی ڕزگارنەکراوانی ڕەگەزی مێ: ١٤٨٢ کەس.
– ژمارەی ڕزگارنەکراوانی ڕەگەزی نێر: کەس.١٦٩١
لە بەشیكی دیکەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، (حسێن قائیدی) گوتی: ”تەنیا سەرۆکی حکوومەت، (نیچیرڤان بارزانی) پشتگیری ئەم پرۆژەیەی کردووە و بەردەوامیشە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانەی کە ماون لە دەست چەکدارانی داعشدا.”
(قائیدی) گوتی: ”بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر ئەو ڕفێنراوانەی ئێزدی لە دەست چەکدارانی داعش بوون لە شاری مووسل و حەویجە و ناوچەکانی ترن، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ پلانێکیان نەبوو بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەو شارانەدا و تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک گۆیی لەم مەلەفە نییە و پشتگۆیی خستووە.”
(قائیدی) گوتیشی: ”پرۆژەکەمان نەک تەنیا ڕزگارکردنە، بەڵکو لە دوای ڕزگارکردنیش ئێمە بەردەوامین لە چارەسەرکردنی ئەم ڕفێنراوانە و نووسینگەیەکی تایبەتیشمان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردن و ڕەوانەکردنیان بۆ ئەوروپا، بەڵام حکوومەتی عێراقی لە داخستنی فرۆکەخانەکان کارتێکردنێکی زۆری کردووەتە سەر چارەسەرکردنیان و ئەمەش غەدرێکە لەم ڕزگاربووانە، چونکە ئەمانە پێویستیان بە چارەسەرە.”
لە (٣-٨-٢٠١٤)دا داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و کۆمەڵکوژی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هێنا و هەر لەسەر ئەو مەبەستەش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی لە پارێزگای دهۆک کردەوە بۆ ڕزگارکردن و چارەسەرکردنیان .
کــــاروان بــــاعەدری
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
