نوونەرێ ئۆباما سەرکەفتنێن پێشمەرگەى و سوپايێ عێراقێ بلند دنرخينت
رووداو – هەولێر
نوێنەری ئۆباما بۆ شەڕی داعش رایگەیاند، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە پاڵپشتی هێزە عێراقییەکان و ژمارەیەک لە هێزەکانی سووریا سەرکەوتنی گەورەی بە سەر رێکخراوی داعشدا بەدەستهێناوە.
برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی ئیدارەی باراک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە توویتێکدا بە بایەخەوە باس لە سەرکەوتنەکانی ئەو دواییەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەکات.
مەکگۆرک دەڵێت “کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی گەیارە لە لایەن سوپای عێراقەوە گرنگە، چونکە بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو شارۆچکەیە رێگایەکی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کرایەوە”.
نوێنەرەکەی ئیدارەی ئۆباما ئاماژە بەوەشدەکات، ژمارەیەک لە گۆڕانکارییە نوێکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق ئومێدبەخشن، لەوانەش: دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی و دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی چەند بیرەنەوتێکی پارێزگای کەرکووک.
مکگۆرک هەروەها دەڵێت “پێشکەوتنە سیاسییەکان شانبەشانی سەرکەوتنە سەربازییەکان زۆر پێویستن و هەردووکیان پێکەوە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش بێت”.
نوێنەرەکەی ئیدارەی ئۆباما لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گوتیشی “پاڵپشتی لە تورکیای هاوپەیمانمان دەکەین لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی بۆ پاراستنی ناوچە سەرسنورییەکانی و پاککردنەوەیان لە چەکدارانی داعش هەڵیاندەگرێت، لەوانەش بۆردوومانکردنی بارەگاکانی داعش لە نزیک جەرابلوس”.
مەکگۆرگ هەروەها دەشڵێت، ئەمریکا لە سەر پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبێت و جەختیكردەوە، هێزەكانی سووریای دیموکرات لە شەڕی دژ بە داعشدا هێزێکی کاریگەرە.
نوێنەرەکەی ئۆباما راشیگەیاند، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەکانی بۆ مەبەستی دەرپەڕاندنی رێکخراوی داعش لە شارەکانی موسڵ و رەققە چڕبکاتەوە، چونکە داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە لە سەر ئارامی و ئاسایشی جیهان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
