بایۆمەتری 33 هەزار مووچەخۆران كێم دكت
رووداو – هەولێر
ئەندامێكی لێژنەی باڵای بایۆمەتری پێشبینییكرد لە پرۆسەی بایۆمەتریدا، لە كۆی ملیۆنێك و 300 هەزار مووچەخۆری حكومەت، تەنیا 33 هەزار مووچەخۆر كەمببنەوە. هەروەها دەڵێت هەركەسێك تۆماری بایۆمەتریی نەكردبێ، مووچەكەی دەبڕدرێ.
پرۆسەی بایۆمەتری بۆ مووچەخۆرانی شارستانی لە سەرەتای مانگی سێی 2017 كۆتاییهات. ئێستاش پرۆسەكە بۆ مووچەخۆرانی سەربازی دەستیپێكردووە و تاوەكو یەكی ئایار بەردەوام دەبێ.
ئەندامێكی لیژنەی باڵای تۆماركردنی ناوی مووچەخۆران لە پرۆسەی بایۆمەتری، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند، تاوەكو سەرەتای مانگی سێی 2017، بەگشتی 988 هەزار و 26 مووچەخۆر ناویان تۆماركردووە، 230 هەزار مووچەخۆریش ماون ناوی خۆیان تۆماربكەن.
ئەوانیش یەكەكانی 70ی یەكێتی، 80ی پارتی، زێرەڤانی، هێزی ئامادە، لیوای یەك-ی پاراستن، ئەنجوومەنی گشتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی پاسەوانەكانن، كە ئێستا سەرقاڵی خۆتۆماركردنن لەو سیستمەدا.
بەپێی داتاكانی لیژنەی تۆماركردنی بایۆمەتری، ژمارەی مووچەخۆرانی كوردستان یەك ملیۆن و 378 هەزار كەسە. لەو ژمارەیە 100 هەزاریان قوتابیی زانكۆ و پەیمانگە و ئامادەییەكانن و دەرماڵەی خوێندن وەردەگرن، بەڵام لە پرۆسەی بایۆمەتریدا تۆمارناكرێن.
بەپێی داتاكانی ئەو لیژنەیە ژمارەی خانەنشینان 229 هەزارە، ژمارەی مووچەخۆرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان 91 هەزارە، ژمارەی مووچەخۆرانی كەمئەندام و چاودێریی كۆمەڵایەتی 190 هەزارە. ژمارەی مووچەخۆرانی سەربازی 292 هەزارە. هەروەها ژمارەی فەرمانبەرانی شارستانی 476 هەزارە. كۆی گشتیی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن و 292 هەزارە. جگە لەو 100 هەزار قوتابی و خوێندكارەی دەرماڵەی خوێندن وەردەگرن.
ئەندامەكەی لیژنەی تۆماركردنی مووچەخۆران لە پرۆسەی بایۆمەتری ئاشكرایكرد، تاوەكو ئێستا نزیكەی 46 هەزار مووچەخۆری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە بایۆمەتری تۆمارنەكردووە.
محەممەد هاودیانی، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند لە وەزارەتەكەیان 225 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەر هەیە كە 111 هەزاریان كەمئەندامن و 84 هەزار لە چاودێری كۆمەڵایەتی مووچە وەردەگرن، لەگەڵ 23 هەزار مووچەخۆری تایبەت و 6 هەزار و 500 فەرمانبەری وەزارەت.
پێشتر وەزارەتی كار پرۆسەی چاكسازی لە مووچەی كەمئەندامان راگەیاند و دووبارە پشكنینی بۆ كەمئەندامان كردەوە. هاودیانی گوتی “لە پرۆسەی پشكینینەوەی كەمئەنداماندا 20 هەزار كەمئەندام نەهاتن، ئەگەری زۆرە ئەوانە ترسیان هەبووبێ لە پشكنین دەرنەچن یان هەر كەمئەندام نەبووبن”.
سەبارەت بە پرۆسەی بایۆمەتری لە وەزارەتەكەیان، هاودیانی گوتی “100%ی فەرمانبەران بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كردووە، هیچ بندیوارێك نەبووە. پێشتر 18 بندیوارمان هەبوو، بەر لە پرۆسەی بایۆمەتری دوورمانخستنەوە، بەڵام لە بایۆمەتریی كەمئەندامان لە چەند قەزایەك نزیكەی 1000 كەمئەندام بەشدارییان نەكردووە”.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی تایبەت، كە ژمارەیان 23 هەزار مووچەخۆر بوو، رایگەیاند كە مووچەی ئەو كەسانەیان بڕیوە، كە مووچەكانیان لەنێوان 30 هەزار دینار تاوەكو یەك ملیۆن دینار بووە، بەوهۆیەش مانگانە 2 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە.
هەر لەسەر وردەكاریی پرۆسەی بایۆمەتری لە وەزارەتەكان، ئەندامەكەی لیژنەی تۆماركردن لە پرۆسەی بایۆمەتری گوتی “وەزارەتی پەروەردە 168 هەزار مووچەخۆری هەیە، 165 هەزاریان خۆیان تۆماركردووە، ئەو 2500 مووچەخۆرەی دیكە زۆربەیان مۆڵەتی بێ مووچەیان وەرگرتووە”.
ژمارەیەكی زۆر لە مووچەخۆرانی حكومەت لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی خانەنشین كراون، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆریان گەڕانەوە هەرێمی كوردستان و بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كردووە، بەڵام هەندێكیان تاوەكو ئێستا نەگەڕاونەتەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی باڵای تۆماركردن لە پرۆسەی بایۆمەتری رایگەیاند تاوەكو 15ی ئاداری 2017، دەرفەت بەو كەسانە دەدرێ دەتوانن بچن لەگەڵ یەكە سەربازییەكان خۆیان تۆماربكەن، بەڵام ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی وڵات بێت یان خۆی تۆمار نەكردبێت، ئەوە مووچەی پێنادرێت، تاوەكو بەشداریی ئەو پرۆسەیە نەكات، جا ئەو كەسە هەر پلە و پۆستێكی باڵای هەبێت.
پرۆسەی بایۆمەتری مووچەخۆرانی حكومەت، هەموو ئەو كەسانە ئاشكرادەكات كە بەڕێگەی ناسایی مووچە وەردەگرن یان لە مووچەیەك زیاتریان هەیە. ئەندامەكەی لێژنەی باڵای تۆماركردن لە پرۆسەی بایۆمەتری، سەبارەت بە ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەران دوای تەواوبوونی بایۆمەتری، گوتی: “پێشبینی دەكەین 2.5% تاوەكو 3%ی ژمارەی فەرمانبەران كەم بببنەوە، بەمەش لە كۆی نزیكەی ملیۆنێك و 300 هەزار مووچەخۆر، نزیكەی 33 هەزار مووچەخۆر كەمدەبنەوە”.
بەپێی لێكدانەوەیەكی ژمێریاریش بە ئەژماركردنی 835 هەزار دینار وەك مووچەی ناوەندی مووچەخۆرانی حكومەت، ئەوە مانگانە زیاتر لە 22 ملیار دینار بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە بەشی مووچەی 5 وەزارەتی بچووك دەكات، هەروەها ئەو بڕە پارەیە زیاترە لە مووچەی بێ پاشەكەوتی بەشێك لە وەزارەتەكان، لەوانەش وەزارەتی كشتوكاڵ كە 12 ملیار دینارە، مووچەی وەزارەتی داد كە 3.7 ملیار دینارە، مووچەی وەزارەتی پلاندانان كە 870 ملیۆن دینارە و مووچەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە نزیكەی 2.5 ملیار دینارە.
بە 19 ساڵی خانەنشین کراوە
ئەندامێكی لێژنەی باڵای تۆماركردن لە پرۆسەی بایۆمەتری دەڵێت لە پرۆسەی بایۆمەتریدا شتی سەیر و سەمەرەیان بینیوە، لەوانەش خەڵكانێك بە پلەی پێشنوێژ، تۆپهاوێژ و پەنچەرچی خانەنشینكراون. هەروەها گوتی “كەسانێك هەبوون لە تەمەنێكی بچووكەوە بە پلەی باڵای سەربازی خانەنشین كراون. بۆنموونە كەسێكی تەمەن 24 ساڵ بە پلەی لیوا خانەنشین كراوە، یان هەبووە تەمەنی 19 ساڵ بووە بە پلەیەكی باڵای سەربازی خانەنشین كراوە”. ئەو سەرچاوەیە گوتی “تاوەكو ئێستا 40 تاوەكو 50 حاڵەتی لەو جۆرە هەبووە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
