UNHCR: داخستنا فرۆکخانا گرفت بۆ هاريكاريكرنا ئاواران دروستکريه
رووداو – هەولێر
رێکخەرى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى کۆمیسیۆنى باڵاى کاروبارى پەنابەرانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەڵێت، بەهۆى داخستنى فڕۆکەخانەکانەوە کێشە و گرفتیان لە گەیاندنى یارمەتی مرۆیى بۆ ئاوارەکان بۆ دروستبووە.
رۆژی دووشەممە فەلاح مستەفا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مۆنیکا نۆرۆ، رێکخەرى ئۆفیسى هەرێمى کوردستانى کۆمیسیۆنى باڵاى کاروبارى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، مۆنیکا نۆرۆ باسی ئەو کێشە و گرفتانەى کردووە، کە بەهۆى داخستنى فڕۆکەخانەکان لە گەیاندنى یارمەتی مرۆیى بۆ ئاوارەکان رووبەڕوویان بووەتەوە. هەروەها تیشکى خستە سەر ژمارەى ئەو ئاوارانەى کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە موسڵ و ئاماژەى بەو کێشە و گرفتانە کرد، کە لە کاتى گەڕانەوەیاندا، بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان رووبەڕووى دەبنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، فەلاح مستەفا هیواى خواستووە کۆمیسیۆنى باڵاى کاروبارى پەنابەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانى خۆی زیاتر بخاتەگەڕ بە تایبەت بۆ ئاوارەکانى کەرکووک و خورماتوو، “چونکە ئێستا حکومەتى هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکى سەختى ئابووریدا تێدەپەڕێت و لە تواناىدا نییە بەپێى پێویست هاوکارى ئاوارەکان بکات و لەهەمان کاتیشدا حکومەتى عێراقى کەمتەرخەمە لە پێشکەشکردنى هاوکارى بە ئاوارەکانى نیشتەجێى هەرێمى کوردستان”.
لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی لە 25ی ئەیلوولی 2017، حکومەتی عێراق بڕیاریدا گەمارۆ بخاتە سەر ئاسمانی کوردستان و فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕوی گەشتی نێودەوڵەتیدا داخست.
رۆژی 20-11-2017 حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای له کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی کرد بۆ دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵهکانیان بهمهبهستی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی بەغدا دژی کوردستان، لەنێویاندا داخستنی فڕۆکەخانەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەو سزادانەی بەغدا بوونەتە هۆی رێگریکردن لە ههوڵهکانی یارمەتیی مرۆیی و پێداویستیی رۆژانە بۆ زیاتر لە یهك ملیۆن و 500 ههزار ئاوارە کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.
بە هاتنی وەرزی زستان، زۆرینەی لەو ئاوارانە که بهشێکیان لە ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو پێکهاتوون، بەبێ پێداویستی و یارمەتیی سەرەکی دەمێننەوە کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومی و نێودەوڵەتیەکانهوه پێشکەشیان دەکرا.
داڕشتنەوە: حەکیم داود
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
