نوونەرێ كریستیانا: مەترسی لسەر كریستیانان ھەیە و سێ جەژنه د ئاوارەيێ دكەين
ههولێر-KDP.info-
بە ھۆی ھەڕەشەكانی ملیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، ژمارەیەكی بەرچاو لە كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا ناتوانن جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵ زیندوو رابگرن و، نوێنەرانی كریستیانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ھێشتا مەترسی لەسەر كریستیانەكان ھەیە و سێ جەژنە بە ئاوارەیی بەڕێ دەكەن.
(رۆمیۆ ھەكاری)، سكرتێری گشتیی حزبی بەیت نەھرێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، “كریستیانەكان لەسەر ئاستی عێراق نەتەوەیەكی كۆن و زیندوون بەشدارییان لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا ھەبووە، بەڵام عێراق ئامادە نییە مافی كریستیانەكان دەستبەر بكات، تا داھاتوویەكی وەھا دروست بكات خەڵكی ئێمە لێی سوودمەند بێت و گەرەنتی ھەبێت بۆ ژیانی پێكھاتەكان، ھەر لە ساڵی ١٩٢١ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و بە تایبەتی لەسەر دەستی رژێمی دڕەندەی بەعس بەرەنگاری چەندین نەھامەتی بووینەتەوە، لە سەردەمی دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراق و ھاتنی داعش بە سەدان ھەزار ھاووڵاتیی كریستیان بوونە قوربانی و ئاوارە و دەربەدەر بوون”.
سكرتێری گشتی حزبی بەیت نەھرێن گوتیشی، “ژێرخانی ئابووریی ناوچەی كریستیاننشینەكان بە تایبەت لە دەشتی نەینەوا وێرانكراون و ھەموو شوێنەكانی ئێمە تێك دراون، لەبەر ئەوە ئەم جەژنە لە كاتێكدایە بەشێك لە ھاووڵاتیانی ئێمە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان لە دەشتی نەینەوا، بەڵام بەشێكی دیكەیش بە ھۆی مەترسیی حەشدی شەعبی و نەبوونی ئاساییشەوە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و خەڵك لە گەڕانەوە دوودڵە”.
وەك (ھەكاری) ئاماژەی بۆ كرد، “ئێمە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان و عێراق نەتەوەیەكی بچووكین، بە داخەوە لە عێراقدا ھێزی سەربازی دەستەڵاتدارە و بەردەوام بە ھۆی نەبوونی پشتیوانی و ھێزەوە، كریستیانەكان دەچەوسێندرێنەوە، چونكە ھێزی تایبەت بە خۆمان نییە و ھەڕەشەكانیش ھەر بەردەوامن و بۆ سەر نەتەوەی ئێمە دەمێنن”.
لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ھەرێمی كوردستان دەرگای بە ڕووی سەدان ھەزار ئاوارەی عێراقدا كردەوە، ئەوانەی لەبەر مەترسیی ھێرشەكانی داعش ئاوارە بوون، لەو چوارچێوەیەدا سەرجەم كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوون و بەشێك لە ئاوارەكان ھێشتا ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
لای خۆشیەوە (وەحیدە یاقوو) نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، “ئەمە سێیەم جەژنە كریستیانەكان لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا بەڕێ دەكەن و بەداخەوە بەھۆی ھەڕەشەكانی حەشدی شەعبییەوە، كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا ناتوانن جەژنی خۆیان زیندوو رابگرن و رۆژانە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە خەڵكی ئێمە ریسوا دەكرێت و سوكایەتییان پێ دەكرێت”.
(یاقوو) زیاتر گوتی، “لە ھەرێمی كوردستان ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی رابردوو جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێ پێشوازی لێ كراوە لەلایەن كریستیانەكانەوە، بە تایبەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دوو رۆژی كردە پشووی فەرمی، بەڵام ئێمە داخی ئەوەمانە لە دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی عێراق كریستیانەكان ناتوانن بەشداریی ئەو خۆشییە بكەن”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
