سێ ههيڤه بەغدا پشكا دەرمانێن هەرێمێ رەوانە ناکت
هەولێر-KDP.info-
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر گوتی، ماوەی سێ مانگە حکوومەتی عێراق بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکات، ئەمەش وای کردووە گرفت بۆ هەرێم دروست بێت، ئاماژەیشی دا، بە ھۆی نەناردنی بەشە دەرمانی ھەرێمەوە، حکوومەتی ھەرێم بڕێک دەرمانی بۆ نەخۆشانی تالاسیما کڕیوە.
بەغدا ڕۆژ بە ڕۆژ سزای زیاتری ھەرێمی کوردستان دەدات، وەک داخستنی فرۆکەخانەکان و نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان و ڕێگری لە گەیشتنی ھاوکاریی ھاوپەیمانان بۆ ھێزی پێشمەرگە و لابردنی زمانی کوردی لەسەر فۆرمی خۆراک و تەعریبکردن لە ناوچە کوردستانییەکان، ماوەی سێ مانگیشە بەشە دەرمانی ھەرێمی نەناردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، (د. سامان بەرزنجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ”دەمێکە ئێمە بەردەوام کێشەی دەرمانمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ھەیە و ھەرجارە و بیانووەک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان کە ١٧%ـە ڕەوانەی نەکەن، ئەمەش وای کردووە ماوەی سێ مانگە بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکراوە.
(د. سامان بەرزنجی) گوتی: ”بە ھۆی نەناردنی بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کۆمەڵێک کێشە و گرفتمان بۆ دروست بووە بە ھۆی نەبوونی دەرمانەوە.”
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر ڕوونیشی کردەوە: ”لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە کۆی چوار ملیۆن نەخۆش کە سەردانی نەخۆشخانەکانی کردووە، یەک ملیۆن نەخۆش ئاوارەی کەمپەکان و ناوشاری ھەولێر بوونە، لە کاتێکدا بەغدا ھیچ ھاوکاریی ئێمەی نەکردووە.”
(بەرزنجی) بە پێویستی دەزانێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی خێرخواز و دراوسێ لە ڕووی دابینکردنی دەرمانەوە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن.
دەربارەی دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشانی تالاسیما گوتی: ”ماوەی نزیکەی چوار مانگ دەبی بەغدا دەرمانی بۆ نەخۆشانی تالاسیما نەناردووە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم ناچار بووە برێک دەرمانیان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بێدەرمان نەبن و ڕەتیشی کردەوە، ھیچ نەخۆشێکی تالاسیما بە ھۆی نەبوونی دەرمانەوە گیانی لەدەست دابێت.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
