“توركیا دڤێت ژ عه‌فرینێ هه‌تا كه‌ركووكێ داگیر بكت”
K24 – هه‌ولێر:
شاهۆز حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكرات “په‌یه‌ده” له شاری هه‌ولێره‌وه رایگه‌یاند: “توركیا به‌نیازه له شاری عه‌فرینه‌وه تا شاری كه‌ركووك داگیر بكات”.
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده كه له باره‌گای حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانه‌وه قسه‌ی بۆ میدیاكان ده‌كرد گووتی: “توركیا له عه‌فرین چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی به‌كارهێناوه‌و رووسیا گڵۆپی سه‌وزی بۆ ئه‌نقه‌ره هه‌ڵكردووه”.
شاهۆز حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سوپای توركیا و میلیشیاكانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی عه‌فرین ده‌كه‌نه ئامانج و ده‌یانه‌وێت ناوچه‌كه داگیر بكه‌ن”.
هه‌روه‌ها گووتی: “ئێستا رۆڵه‌ی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له عه‌فرین به‌رخودان ده‌كه‌ن و له داگیركارییه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بێ ده‌نگ نابین”.
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده داوای له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كرد، به‌رامبه‌ر ره‌وشی عه‌فرین هه‌ڵوێستێكی روون بنوێنن و هه‌ڵوێستی باشووری كوردستان بۆ عه‌فرین نه‌ته‌وه‌ییه.
قسه‌كانی شاهۆز حه‌سه‌ن له كاتێكدایه كه رۆژی سێشه‌ممه 13/3/2018 سوپای توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا دوایین ره‌وشی مه‌یدانی شه‌ڕی عه‌فرینی راگه‌یاند و ئاماژه به‌وه‌كرد، ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا گرتووه كه گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و شه‌وی گه‌یشتووینه‌ته قۆناغی گه‌مارۆدانی شاره‌كه.
ماوه‌ی 54 رۆژه سوپای توركیا و میلیشیا چه‌كداره‌كانی سووریا كه شه‌ڕ بۆ ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، هێرشی سه‌ر ناوچه‌كانی عه‌فرینیان ده‌ستپێكردووه‌و تا ئێستا زیاتر له 230 هاووڵاتی سڤیل شه‌هیدبوون و 668 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
په‌یوه‌ست به ره‌وشی مه‌یدانی عه‌فرین، برووسك حه‌سه‌كه گوته‌بێژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل “یه‌په‌گه” به كوردستان 24ـی راگه‌یاند: “سوپای توركیا ئاو و كاره‌با و هێڵی په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر عه‌فرین پچڕاندووه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه كێشه بۆ نزیكه‌ی ملیۆنێك دانیشتووی شاره‌كه درووستبووه”.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش یه‌په‌گه ده‌ڵێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له عه‌فرین ناكشێینه‌وه‌و قۆناغێكی دیكه‌ی به‌رخودان به‌ڕێوه ده‌به‌ین.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
