ژڤانێ بهلاڤكرنا مووچهى هاته راگههاندن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە رۆژی چوارشەممە، 9-3-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممە 5-3-2022 ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانیکردووە کە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی 2022 بکرێت بەبێ لێبڕین.
بڕیارە دابەشکردنی مووچە بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێبکات.
ئەمڕۆ شەممە 5-3-2022 ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە کە “ئامادەکاریی پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.”
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی رێکخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگە و پارێزگاکان كراوە.
لە گرنگترین پێشنیازەکانیش کە لە راپۆرتەکدا هاتبوو وەکو حکومەت بڵاویکردووەتەوە ئەوەیە کە “پێداچوونەوە بە یاسا و رێنوێنییە بەرکارەکان، بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلیکترۆنیی تۆماری داهاتەکان، لابردنی ئاستەنگەکان، رۆتین و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر داهاتی گشتی نێو ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە بۆ رای گشتی و خستنەڕووی بوارەکانی خەرجکردنیان بوو.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە لیژنەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەکی پیشەییانە، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستمی ئەلیکترۆنی لە کاروبارەکانی حکومەت و بەتایبەتی بۆ تۆمارکردنی خەرجی و داهاتەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی رووتین و ئەڵقە زیادەکانی پرۆسەی راییکردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی داهاتی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە گوتراوە کە رەنگە تاوەکو کۆتایی هەفتە 200 ملیارەکەی بەغدا بگات. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی مووچەوە بڕیاردراوە بە داهاتی مانگی پێشتری دابەش بکرێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
