شبكة لالش الاعلامية

كورد بۆ ژن ئينانێ ب گرۆپ دچنە وه‌لاتێ مسر

كورد بۆ ژن ئينانێ ب گرۆپ دچنە وه‌لاتێ مسر

رووداو- سلێمانی253177image1

(ج.ن) حاجییەكی كوردی تەمەن 82 ساڵە، دوای مردنی ژنەكەی، بەهۆی هەڵكشانی تەمەنییەوە، هەر ئافرەتێكی كوردی داوا كردبێ‌، شووی پێ نەكردووە. بۆیە پەیوەندی بە سەنتەرێكی دۆزینەوەی هاوژینەوە دەكات، ئەوانیش ژنێكی میسریی بۆ دەدۆزنەوە.

(ج.ن) دانیشتووی شاری سلێمانییە، خانەنشینە، چوار كوڕ و كچی هەیە. نزیكەی چوار مانگ لەمەوبەر پەیوەندی بە “سەنتەری پەیمان بۆ هاوسەرگیری” دەكات، ئەوانیش ژنێكی تەمەن 35 ساڵی میسری بۆ دەدۆزنەوە.

دوای ئەوەی ژنەكە دەبینێ‌، بڕیار دەدەن ئەڵقەی هاوژینی بگۆڕنەوە

فایەق حەمەسوور، خاوەنی سەنتەری پەیمان بە (رووداو)ی گوت “ئەو حاجییە باری دارایی باشە و خانووی خۆی هەیە، لە كوردستان زۆر ئافرەتمان بۆ دۆزییەوە و كەسیان شوویان پێ نەكرد، دواجار لە میسر ئەو ژنە كە منداڵێكیشی هەبوو، ئامادەبوو شووی پێبكات”. كاتێك سەنتەری پەیمان بێ ئومێد دەبێ‌ لە دۆزینەوەی هاوژین بۆ حاجییە كوردەكە، پێیدەڵێن لە میسر ژنێك هەیە و ئەویش بەو هەواڵە خۆشحاڵ دەبێت.

فایەق حەمەسوور گوتی “پێكەوە چووینە میسر بۆ بینینی ژنەكە، كاتێك یەكدییان بینی و قسەیان كرد، هەردوولا بە یەكدی رازی بوون، بەڵام ژنەكە یەك مەرجی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو كە دەبێ‌ حاجی لە میسر بمێنێتەوە، ئەویش رازی بوو”. سەبارەت بە مارەییەكەشی گوتی “بایی نزیكەی 1500 دۆلار ئاڵتوونی بۆ كرد”.

شووكردنی ئەو ژنە میسرییە بە پیاوێكی كورد یەكەمین حاڵەت نییە لەو سەنتەرە روویدابێ. بە گوتەی خاوەنی سەنتەرەكە، لەساڵی 2010-وە بەشێوەی كارت بەشدارییان لە چەند پێگەیەكی تایبەت بە هاوسەرگیری كردووە بۆ دۆزینەوەی هاوژینی بیانی بۆ ئەو كەسانەی داوای دەكەن.

فایەق گوتی “ساڵی 2010 یەكەم گرێبەستی هاوژینی لە نێوان كوردێك و بیانییەك لە رێگەی سەنتەرەكەمانەوە كرا، ئەویش لە نێوان كچێكی تونسی و كوڕێكی كوردی دانیشتووی هەولێر بوو، ئەوان لە سووریا یەكدییان بینی و پاشان بوونە هاوژین، ئێستاش هەر بەیەكەوەن و منداڵێكیشیان هەیە”.

چەند پیاوێكی خەڵكی سلێمانی بەنیازن لەم مانگەدا بەشێوەی گروپ سەردانی میسر بكەن بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنان و كچانی ئەو وڵاتە هاوسەرگیری بكەن.

(ع.م) فەرمانبەرێكی تەمەن 37 ساڵە و دوو ساڵە لە ژنەكەی جیابووەتەوە و منداڵیشی نییە. ئەو پیاوە بە (رووداو)ی گوت “لە سلێمانی چەند كچێكم بینیون، بەڵام هەریەكەیان بە هۆكارێك بە دڵم نەبوون، ئێستا هەموو ئامادەكارییەكم كردووە و بە نیازم بچمە میسر و لەوێ‌ ژنێك بخوازم”.

(ح.ك) مامۆستایەكی دیكەی تەمەن 62 ساڵە و خاوەنی سێ منداڵە، ژنەكەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە، هەر ئەو هۆكارەش وای لێكردووە پەنا بۆ هێنانی ژنی دووەم ببات و گوتی “بەهیچ شێوەیەك لە بەرنامەمدا نەبوو ژنێكی دیكە بێنم، بەڵام بەهۆی نەخۆشیی ژنەكەمەوە ئەو بڕیارەم داوە، ئەویش بەلایەوە ئاساییە”.

گوتیشی “زۆر هەوڵم دا لێرە ژنێك بهێنم، بەڵام لەبەرئەوەی منداڵم هەیە، ئەو ژنانەی بۆیان دۆزیمەوە شوویان پێنەكردم، بۆیە بڕیارم داوە بچمە میسر”.

(د.ق) پیاوێكی دیكەی تەمەن 39 ساڵە و كارمەندی كۆمپانیایە و بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ خێزانەكەیدا جیابوونەتەوە و تەنها منداڵێكی هەبووە كە منداڵەكەشی لای ژنەكەیەتی، ئەو پیاوەش بۆ هاوسەرگیریی دووەم، رێگەی میسر دەگرێتەبەر.

ئەو پیاوە گوتی “تاقەتی ژیانی ئێرەم نەماوە. لە میسر ژنێكیان بۆ دۆزیومەتەوە بازرگانە، بەڵام گوتوویەتی ئامادە نییە بێتە هەرێمی كوردستان، منیش دەڕۆم بۆ ئەوەی چاوم پێی بكەوێت و ئەگەر بووە قیسمەت ئەوا دەیخوازم و هەر لەوێش دەمێنمەوە”.

سەنتەری پەیمان لە میسر پەیوەندییان لەگەڵ نووسینگەكانی هاوسەرگیری هەیە، بە گوتەی خاوەنی ئەم سەنتەرە، لە سەرەتای كردنەوەی سەنتەرەكەیانەوە تا ئێستا هەشت گرێبەستی هاوژینییان لە نێوان هاووڵاتیانی كورد و بیانی كردووە.

فایەق گوتی “بە دەیان پیاوی كورد لای ئێمە ناویان تۆمار كردووە كە هەیانە تەمەنی لەنێوان 80 تا 90 ساڵدایە و دۆزینەوەی هاوسەریش لە كوردستان بۆ ئەو كەسانە قورسە، ئێمە لەگەڵ نووسینگەكانی میسر پەیوەندیمان هەیە و ئافرەتانی ئەوێش ئەگەر بزانن ئەو كەسەی دەبێتە هاوبەشی ژیانیان كەسێكی بێ‌ كێشەیە، بەلایانەوە ئاساییە شوویان پێ‌ بكەن”.
وەكو فایەق ئاماژەی بۆ كرد، ئێستا ئافرەتانی مەغریبیش پەیوەندییان پێوەدەكەن و حەز دەكەن شوو بە پیاوی كورد بكەن.

سەنتەری پەیمان بۆ هاوسەرگیری لە ساڵی 2009 كراوەتەوە. لە رێگەی پڕكردنەوەی فۆڕمەوە هاوژین بۆ ئەو كوڕ و كچانە دەدۆزێتەوە كە داوای دەكەن. ئەو سەنتەرە ماوەی شەش ساڵە گرێبەستی هاوژینی لە نێوان پیاوانی كورد و ئافرەتی بیانیدا دەكات. بە گوتەی فایەق حەمەسوور، خاوەنی سەنتەرەكە، تاوەكو ئێستا گرێبەستی هاوژینییان بۆ هەشت پیاوی كورد و ئافرەتی بیانی كردووە. فۆرمی داواكردنی هاوژین لە نێوخۆی كوردستان بە 25 هەزار دینارە، بەڵام فۆرمی داواكردنی هاوژینی بیانی بە 50 هەزار دینارە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

ڤیان و گرنگیا ھەڤژینێ خوە بۆ خوە راکێشە

Lalish Duhok

پاش نانخوارنێ، ڤان رەفتاران ئەنجام نەدە

Lalish Duhok

چ بوو ئه‌گه‌رێ هێلانا مێسى بۆ يانه‌يا به‌رشه‌لۆنا؟

Lalish Duhok