هەفتيانە ل عێراقێ 200 کەس ب جگەرێ دمرن
رووداو- سلێمانی
بەپێی رووپێوێکی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک زۆرترین و سلێمانی کەمترین جگەرەکێشی تێدایە.
زۆربەی وڵاتان ساڵانە لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشاندا (31ی مایس) رێوشوێنە کردەییەکانی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان روون دەکەنەوە و ئاماژە بە ئەنجامەکانی ئەو سیاسەتانەیان دەکەن کە بۆ رێگری لە جگەرەکێشان گرتوویانەتە بەر، بەڵام هەرێمی کوردستان جگە لە هەندێک کۆڕ و سیمینار و یاسا و رێنمایی سەر کاغەز، دەستکەوتێکی بەرجەستەی نییە بە داتا سەلمێندرابێ کە جگەرەکێشانی کەمکردووەتەوە.
بەپێی بەدواداچوونێکی (رووداو)، لە هەرێمی کوردستان مانگانە 250 هەزار کارتۆن جگەرە هاوردە دەکرێت کە %50 ی لە ناوخۆ بەکاردێتەوە. بەپێی داتاکانیش مانگانە لە هەرێمی کوردستان 1.25 ملیار جگەرە دەفرۆشرێت و رۆژانەش 22.4 ملیۆن جگەرە دەکێشرێت. هەروەها ساڵانە زیاتر لە 500 ملیار دینار ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە جگەرەوە دەکرێت و 7%ی تێکڕای کاڵا و کەلوپەلی هاوردەکراوی کوردستان پێکدێنێ.
لە بەدواداچوونێکی پێشووتری رووداودا، بازرگانێک بە(رووداو)ی گوتبوو، هیچ شتێک لە کوردستان رێگە لە خەڵکی ناگرێ ببنە بازرگان یان تەنانەت قاچاخچیی جگەرە “لە وڵاتان ئەم ئەرکە بە چەند کۆمپانیایەک دەسپێردرێ کە دەبێت لە دابینکەری ناسراوەوە بەرهەمەکان وەربگرن و باجیش بدەنە حکومەت، کەچی لێرە هەر کەسێک بیەوێت بە دانی گومرگێکی رەمزی دەتوانێ بیکات”.
ئەو بازرگانە کە جگەرە هاوردە دەکات، دەڵێت هیچ وڵاتێکی نەبینیوە هێندەی کوردستان جگەرەی تێدا هەرزان بێت “لێرە هەم باجەکە کەمە، هەم قاچاخیی جگەرە زۆرە و هەم سانسۆریش زۆر لاوازە”.
وەک ئەو بازرگانە باسی دەکات، گومرگی کارتۆنێک جگەرە کە دێتە نێو سنووری کوردستان تەنیا 30 هەزار دینارە، لەکاتێکدا کارتۆنێک جگەرە کە لە کوردستانەوە دەچێتە عێراق 90 هەزار دینار باجی دەخرێتە سەر.
دهۆک زۆرترین جگەرەکێشی تێدایە
بەپێی ئەو ئامارەی (رووداو) لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانەوە وەریگرتووە، رێژەی جگەرەکێشان لە کوردستان و عێراقدا بەرزترە لە تێکڕای جیهانی.
د.خاڵس قادر، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی تەندروستی، دەڵێ لەسەر ئاستی جیهان 21%ی کەسانی پێگەیشتوو جگەرە دەکێشن، بەپێی رەگەزیش 38%ی پیاوان و 4%ی ژنان جگەرەکێشن، کەچی لە کوردستان رێژەکە زیاترە.
وەک بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی گوتی، رووپێوێکی بەرفراوان بۆ زانینی بەربڵاویی جگەرەکێشان لە کوردستان و عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، زانکۆی بەغدا و نەجەف و وەزارەتی تەندروستیی عێراق و کوردستان دەریخستووە بە تێکڕا 23.4%ی کەسانی پێگەیشتوو جگەرەکێشن، لەنێو رەگەزی نێرینە رێژەکە 43.3% و لەنێو ئافرەتانیش 4.3%یە. هەمان رووپێوی دەریخستووە لە هەرێمی کوردستان زۆرترین رێژەی جگەرەکێشان لە دهۆکە و کەمترینیش لە سلێمانییە.
هەفتانە 200 کەس دەکوژێ
داتابەیسی جیهانیی (تۆباکۆ ئەتڵەس) کە گرنگیی بە ئامارەکانی پەیوەست بە جگەرە دەدات، دەڵێ عێراقییەکان قوربانییەکی دیاری جگەرەکێشانن.
وەک لە خەمڵاندنەکانی ئەو پۆرتاڵە جیهانییەدا هاتووە، لە عێراق 1.9%ی حاڵەتەکانی مردنی پیاوان و 1.5ی حاڵەتەکانی مردنی ژنان بەهۆی جگەرەکێشانەوەن.
(تۆباکۆ ئەتڵەس) دەڵێ بە بەراورد بە وڵاتە داهات مامناوەندەکانی هاوشێوەی خۆی، ژمارەی کەسانی جگەرەکێش لە عێراق زۆرترە. لە داتاکانیاندا هاتووە، هەفتانە 200 کەس (121 پیاو و 79 ژن) لە عێراق بەهۆی جگەرەکێشانەوە دەمرن.
یاسا.. مەرەکەبی سەر کاغەز
وەزارەتی تەندروستی دەڵێ ئەوان لە ساڵی 2014دا رێنمایی تایبەت بە جگەرەیان گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران و چاوەڕوانن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گەنگەشەی بکات و بخرێتە کار.
د.خاڵس قادر گوتی “لەو رێنماییانەی رەوانەی ئەنجوومەنمان کردوون، ئاماژە کراوە بە زیادکردنی باج، نووسین بە کوردی لەسەر پاکەتەکان کە زیانەکانی روون بکاتەوە و ستانداردەکانی پاکەتی جگەرە کە وابکات جگەرە سەرنجڕاکێش نەبێ”. سەبارەت بەوەی کەی دەخرێنە بواری جێبەجێکردن، د.خاڵس گوتی: “ساڵی 2017 رەزامەندی یەکەمی لەسەر دراوە و نێردراوە بۆ لێژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دیراسەی بکات”.
وەک دکتۆر خاڵس باسی دەکات، بۆ ئێستا کاری وەزارەتی تەندروستی تەنیا چاودێریی شوێنە گشتییەکان و پێدانی رێنماییە. هەرچی پشکنین و رێگەپێدانی هاوردەکردنە، وەزارەتی پلاندانان دەیکات.
پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە 31ی ساڵی 2007 جگەرەکێشانی لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرد و سزایشی بۆ دانا، بەڵام دکتۆر خاڵس دەڵێ تاوەکو ئێستا ئاگادار نین کەسێک بەپێی ئەو یاسایە سزا درابێ.
ستراتیژی نیشتیمانیی دەوێت
مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی دەڵێ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان پێویستی بە ستراتیژێکی نیشتیمانی هەیە کە جددی و فرەڕەهەند بێ.
د.عەبدولفەتاح هەورامی، مامۆستای سکوڵی پزیشکی لە زانکۆی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: “بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان لە هەر وڵاتێک ئەجێندایەکی بەرفراوانی نیشتیمانیی دەوێ، دەبێ بەرپرس و بڕیاربەدەستان و سیاسەتڤانان بەتایبەتی، بە وردی تێیبگەن و پڕۆژەیەکی بۆ دابڕێژرێ کە لە هەموو روویەکەوە رووبەڕووی جگەرە ببێتەوە، هەر لە زیادکردنی باج، تاوەکو بنیاتنانی سەنتەری توێژینەوە و پێکهێنانی نێوەندی ئەوتۆ کە یارمەتی خەڵک بدەن بۆ وازهێنان لە جگەرە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
