پسپۆڕهكێ ژینگەهێ: مەترسیا بیابانبوونێ هەرێما کوردستانێ ڤهناگرت
رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی ژینگە و کەشوهەوا دەڵێت، ئەو بەبیابانبوونەی رووی لە ناوچەکانی باشووری عێراق کردووە مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، چونکە بڕی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان لە 200 میلیمەتر زیاترە.
د. بەهرام خدر، پسپۆڕی ژینگە و کەشوهەوا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: “ئەمساڵ ناوچەکانی باشووری عێراق رووبەڕووی گەرمایەکی زیاتر دەبنەوە، چونکە ئێستا بەبیابانبوون زیاد بووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لەو دۆخە دوورە، چونکە لەژێر کاریگەریی کەشوهەوای دەریای سپیی ناوەڕاست، دەریای قەزوین و دەریای رەشدایە. بڕی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان هەرگیز لە 200 میلیمەتر کەمتر نەبووە، بۆیە مەترسیی بەبیابانبوون هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.”
پار عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا 31ـی تەممووز و 2ی ئابی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە فەرمانگەکاندا کردە پشوو.
ئەو پسپۆڕەی ژینگە ئاماژەی بەوە دا کە لە عێراقدا، هەر وەک هەموو جیهان، بە شێوەیەکی گشتی پلەی گەرما لە بەرزبوونەوەدایە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە ئەو گەرمایەی دێتە سەر زەوی ناگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی هەوا پیس بووە و گازی دووانۆکسیدی کاربۆن بە رێژەیەکی زۆر زیاد بووە.
د. بەهرام خدر گوتی: “دەبێت ئێمە خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییە ئامادە بکەین، ئەویش بە زیادکردنی سەوزایی و بەکارهێنانی ماددەی پاک.”
ئێستا لە جیهاندا ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکان زیاد بوون و رووبەری دارستانەکان کەم بوونەتەوە، ژمارەی ئامێرەکان زیاد بووە و رێژەی سووتاندنی سووتەمەنی زیاد بووە. ئەوانە هەموو هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
