گهۆرين ل خشتەيێ دابەشكرنا كارەبا نیشتمانی دا دئێنه كرن
رووداو – هەولێر
پێدانی كارەبای نیشتمانی لە سەرەتای مانگی دوو وەك مانگی یەك دەبێت و رۆژانە نزیكەی 9 كاژێر دەبێت، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگ گۆڕانكاری بەسەردا دێت و زیاد دەبێت، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش خشتەی پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی دوو ئاشكرا دەكەن.
حەمەئەمین هەورامانی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێدانی كارەبای نیشتمانی لە سەرەتاكانی مانگی دوو وەك مانگی یەك دەبێت و هەر نزیكەی 9 كاژێر دەبێت، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی دوو گۆڕانكاری لە پێدانی كارەبای نیشتمانی دەكرێت و زیاد دەبێت، ئەوەش دیار نییە زیاد بوونەكە چەند دەبێت، چونكە گۆڕانكاری لە كەشوهەوا كاریگەری لەسەر پێدانی كارەبای نیشتمانی دەبێت.
پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بەپێی پارێزگاكان جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەوانیش رۆژانە 7 بۆ 8 كاژێر كارەبا دەدەن.
لە پارێزگای هەولێر وەك حوسێن حەمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر بۆ رووداوی باسكرد، پێدانی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بەپێی دوو خشتەی جیاوازە، خشتەیەكیان لە كاژێر دووی پاشنیوەڕۆ بۆ 12:00ی شەوە لەگەڵ یەك كاژێری بەیانی، خشتەی دوومیش لەو ناوچانەی كە كێشەی هونەرییان هەیە، كارەبای موەلیدەکان لە كاژێر 05:00 ی ئێوارە بۆ 12:00ی شەو دەدرێت، گوتیشی “بۆ مانگی دووش بەو خشتەیە پێدانی كارەبای موەلیدەكان بەردەوام دەبێت”.
سالار حوسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی پێدانی كارەبای موەلیدەكان لە كاژێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆ بۆ 01:00 ی شەو دەدرێت، گوتیشی “بۆ مانگی دووش هەمان بەرنامە دەبێت، لە كۆتایی مانگیش بەپێی پێدانی كاژێرەكانی كارەبای موەلیدە نرخ دیاری دەكرێت”.
هەر سەبارەت بەخشتەی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای دهۆك، كەمال محەممەد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای دهۆك بە رووداوی راگەیاند، پێدانی كارەبای موەلیدەكان لە پارێزگای دهۆك بەیانیان لە كاژێر 07:00 بۆ كاژێر 09:00 دەرێت، لە كاژێر 02:00 ی پاشنیوەڕۆش بۆ 01:00 ی شەو هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی نەبوو، دەدرێت، پارەی كۆی گشتی مانگەكەش 9 هەزار و 500 دینارە، بۆ مانگی دووش موەلیدەكان هەمان بەرنامەیان دەبێت.
ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 2800 مێگاواتە، بەڵام لە وەرزی زستاندا بەشێوەیەكی بەرچاو خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 5500 مێگاوات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
