كچهكا رزگاربوويا ئێزدی: داعش ب كێبل و جەلدا دئێشاندم
وشه
كچێكی كوردی ئێزیدی دوای ڕزگاربوونی لە دەست تیرۆریستانی داعش، چیرۆكی سێ ساڵ مانەوەی لە ناوچەكانی ژێر دەستی داعش و لە دەست چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەگێڕێتەوە و هێما بۆ ئەوە دەكات، كە تیرۆریستان بە كێبل و جەڵد لێیان داوە.
ئەو كچە تەمەنی تەنیا 12 ساڵە و ناوی “لەیلام موراد شەمۆ”یە و خەڵكی گوندی دووگرێی سەر بە شارۆكەی شنگالە، لە سێی ئاب/ئۆگستسی 2014 ناوچەكانیان كەوتە ژێر دەستی داعش و تووشی كۆمەڵكوژی و گەورەترین كارەساتی مرۆیی سەدەی 21 بوونەوە.
ئەو كاتەی كە تیرۆریستان گرتوویانە تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بووە، ئێستە زمانی كوردی بیر چووەتەوە و تەنیا زمانی عەرەبی دەزانێ و بە عەرەبی بۆ “وشە” گوتی، تیرۆریستانی داعش هەر جارێك سەرپێچی قسەكانیانت بكردایە، بە كێبل و جەڵد لێیان دەداین و زۆر ئازار و مەینەتیمان بەدەست ئەو دڕندانەوە چەشت.
لەیلام لەلایەن ئەو خوێنڕێژانەوە سێ جار كڕین و فرۆشتن بەوەوە كراوە و هاوسەرگیری لەگەڵدا كراوە. ئەو دەڵێ، جارێك لە ناوچەكانی تەلەعفەر و دواتر منیان برد بۆ گەیارە و پاشان هێنایانمەوە بۆ مووسڵ.
ئەو كچه لە دۆخێكی دەروونی زۆر خراپدا بوو و خۆی خستبووەوە ناو ئاوارەكانی تەلەعفەر و لەوێوە چووبوو بۆ مووسڵ، پاشان خێرخوازێك پاراستوویەتی و هاوكاری كردووە تا پێوەندی بە كەسوكارییەوە كردووە و دۆزیویانەتەوە.
دوای دۆزینەوەی ئەمڕۆ گەیەنرایەوە شارۆكەی شێخان و لەلایەن میر عیسمەت تەحسین بەگ نوێنەری میری ئێزیدییان لە دنیا و عێراق پێشوازی لێ كرا و بە گەرمی لەلایەن كەسوكارەكەی وەرگیرایەوە.
ئەو هەرچەندە خۆی لە دەست تیرۆریستان ڕزگاری بوو، بەڵام تا ئێستە بەشی زۆری ئەندامانی خانەوادەكەی لە دەست تیرۆریستانی داعش ماون و چارەنووسیان نادیارە.
دوای پەلاماری تیرۆریستان بۆ ناوچەكانی كوردانی ئێزیدی بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە كۆمەڵكوژی خەڵكەكەی كرا و ژن و منداڵەكانیشیان بەرەو تەلەعفەر و مووسڵ بردن و لەوێ كڕین و فرۆشتنیان پێ دەكرد، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان تا ئێستە لە كۆی زیاتر لە شەش هەزار بێسەروشوێنی ئێزیدی، نزیكەی سێ هەزاریان لە دەست تیرۆریستان ڕزگار كراونەتەوە و زیاتر لە سێ هەزاری تریشیان تا ئێستە بێسەروشوێنن و چارەنووسیان دیار نییە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
