جاف: نابت بێ هەرێما کوردستانێ پرۆژە یاسايا بودجە بێته پەسەندكرن
باسنيۆز:
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە ناکرێ پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بە بێ رەزامەندیی حکوومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پەسەند بکرێت.
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە ”زەحمەتە ئەمڕۆش“ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2017 پەسەند بکرێت، چونکە ”ھێشتا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی“.
ئەشواق جاف هەروەها رایگەیاندووە، کە پێشنیازی فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان نەوتی کەرکووک لە کوردستان جیادەکاتەوە.
رۆژی شەممە 3ـی کانوونی یەکەم پەرلەمانتاران نەیانتوانی دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بدەن و ئەو پەرلەمانتارەش پێیوایە، جگە لە ناڕازیبوونی بەشی زۆری پەرلەمانتارانی کورد لەبارەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان، نوێنەرانی پارێزگاکانی بەسرا و میسانیش ناڕازین بوون لە ھەندێ بەندی نێو پڕۆژەیاساکەدا.
بە گوتەی ئەشواق جاف، ناکرێ بەبێ رەزامەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق پرۆژەیاسای بودجە جێبەجێ بکرێت، ”چونکە دواجار ھەردوو حکوومەت یاسا جێبەجێ دەکەن، ئەگەر بە رەزامەندیی ئەوان ھەر بڕگەیەک تێپەڕێنین، جێبەجێی ناکەن“.
بڕیارە کاتژمێر 5ـی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2016، پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە و پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە یەکلایی بکاتەوە.
رۆژی شەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2016، پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2017، کۆ بووەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
