شبكة لالش الاعلامية

فلمێ بێرنار لیڤی ده‌ربارەی سەربەخۆیيا كوردستانێ يه‌

فلمێ بێرنار لیڤی ده‌ربارەی سەربەخۆیيا كوردستانێ يه‌

رووداو ـ هەولێر
رۆژێك دوای یەكەم نمایشی فیلمی “شەڕی مووسڵ” (رووداو) لەگەڵ بێرنار هێنری لیڤی، نووسەر و فەیلەسووفی فەرەنسی و دەرهێنەری فیلمەكە دانیشت، بۆ ئەوەی باس لە ناوەڕۆك و پەیامی ئەو فیلمە بكەن كە بە گوتەی خۆی “ئەوە تەنیا نەبووە هۆی ئەوەی سەرنجی جیهان بۆ لای شەڕی كورد لەدژی داعش رابكێشن، بەڵكو دەیەوێ داوایەكی بەهێزتر ئاراستەی جیهان بكات بۆ ئەوەی پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان بكەن”.

فیلمەكە شەوی سێشەممە 7/3/2017 بۆ یەكەمجار لە هەولێر نمایش كرا، لە مەراسیمی نمایشكردنەكەشدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەرپرسانی حكومی و ژمارەیەك دیپلۆماتی بیانی ئامادە بوون. لە گوتاری پێش نمایشی فیلمەكەیدا، لیڤی بەو جۆرە ئاماژەی بە جیاوازیی ئەم فیلمە لەگەڵ فیلمەكەی پێشووی (فیلمی پێشمەرگە) كرد: “ئەگەر بمەوێ باسی جیاوازیی ئەو فیلمە لەگەڵ فیلمی پێشمەرگە بكەم، دەبێ بڵێم لەو فیلمەیاندا داوایەكی بەهێزتر دەكەم، ئەمەش نەك هەر بۆ كورد، بەڵكو بۆ دۆزی سەربەخۆیی كوردستانیش”.

لیڤی خۆی گێڕەرەوەی فیلمی شەڕی مووسڵ  (La Batille De Mossoul)ـەو ژێرنووسی ئینگلیزیشی لەگەڵە. فیلمەكە باسی رۆڵی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا دەكات. لیڤی بە (رووداو)ی گوت “ئێوەی كورد لە بەرەكانی پێشەوەی جەنگن و كۆنترۆڵی بەرەكان دەكەن، ئێوە بە ئازایەتی و جەربەزەییەكی زۆرەوە دەجەنگن، لە نێوان هەموو ئەوانەی لە دژی داعش شەڕ دەكەن، ئێوە لە هەموویان باشتر دەزانن كە بۆچی (لە دژی داعش) شەڕ دەكەن”.

 دەرهێنەر و تیمی ئامادەكاری فیلمەكە لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراق چوونەتە هەندێك لە بەشەكانی مووسڵ و وێنەی شەڕی ماڵەو ماڵی هێزەكانی عێراقیان لەگەڵ چەكدارانی داعش گرتووە. بەڵام كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە هێزەكانی پێشمەرگەن كە لە كاتی ئازادكردنی شارۆچكە ئێزدی و مەسیحییەكاندا هەوڵی چاككردنەوەی شوێنە ئاینییەكان دەدەن. لیڤی پێیوایە ئەوە خاڵێكە دەبێت جیهان بیبینێ‌. 

فەیلەسووفە فەرەنسییەكە دەڵێت “ئێوە دەزانن كە لە پێناوی دیموكراسی، بەها مرۆییەكان، یەكسانیی پیاو و ئافرەت، لێبوردەیی و پاراستنی كۆمەڵگەكانی دیكە ئەم شەڕە دەكەن”. بە گوتەی خۆی “ئەمە ئەو شتەیە كە لە گەلی كورددا سەرنجی منی راكێشاوە”.

لیڤی كە پێشتر بە فیلمی “پێشمەرگە” بەشداری فێستیڤاڵی كان لە فەرەنسا بووە، گەشبینە بەوەی دەوڵەتی كوردستان ئەستێرەیەكی درەوشاوە دەبێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەم رووداوەش زۆری نەماوە و نزیكە. ئەو بەپێچەوانەی خەڵكانی سیاسیی ئەوروپی پێیوایە دەوڵەتی كوردستان سەقامگیری بە ناوچەكە دەبەخشێت، چونكە “سەقامگیری بریتییە لە دیموكراسی و رێزلێنان لەوانی دی، ئەمانەش ئەو شتانەن كە خەڵكی كوردستان پێوەی پابەندن… خەڵكێك كە سەربازەكانی بە خاچێكەوە بە كڵێساكاندا هەڵدەگەڕێن (بۆ ئەوەی خاچەكە بخەنەوە شوێنی خۆی)، ئەم خەڵكە سەقامگیری بە ناوچەكە دەبەخشن، نەك ناسەقامگیری”.

بەبۆچوونی لیڤی، یەكێك لە نیشانەكانی گەورەیی گەلی كورد ئەوەیە بەرگەی هەموو ئەو ئازارانەی گرتووە كە ستەمكارانی وەكوو سەدام حوسێن تووشی كوردیان كردووە، بەم حاڵەشەوە خۆی ماوەتەوە و دوژمنەكانی ئێستا لە گۆڕدان. لیڤی گوتی “بەڕای من ئەمە نیشانەی گەلێكی مەزنە. كورد كۆمەڵكوژ كراوە، راپێچی مەرگ كراوە و ئەوە یەك سەدەیە (دوژمنەكانی كورد) دەڵێن كورد دواجار ناچار دەبێ كۆڵ بدات و رووحییەتی نەتەوەییان دەمرێت، بەڵام شتە سەیرەكە ئەوەیە ئێوە هەتا ئێستا بەرگری دەكەن و رۆحی نیشتمانپەروەری لە ئێوەی كورددا زیندووە”. 

لیڤی پێیوایە مانەوەی كورد لەلایەكەوە “یەكێكە لە موعجیزە مەزنەكانی مێژوو”، لەلایەكی دیكەشەوە “یەكێكە لەو بنەمایانەی شەرعیەت بە كورد دەدات ببێتە خاوەنی دەوڵەت”.

سەربەخۆیی كوردستان تێرم و بابەتی سەرەكیی فیلمی “شەڕی مووسڵ”ە، بۆیەش ئەگەرچی فیلمەكە پڕە لە دیمەنی شەهیدبوون و دڵشكان، بەڵام لیڤی بە دڵنیاییەوە باسی ئەوەی بۆ (رووداو) دەكرد كە كاتی دەوڵەتی كوردستان هاتووە، سەبارەت بە هەستی خۆی بەرامبەر ئەو دەوڵەتەش گوتی “هەست دەكەم كاتی هاتووە، چونكە ئێوە ماوەیەكی درێژ بەرگریتان كردووە و بەرگەتان گرتووە، چونكە ئێوە باڵاترین بەهاكانی شارستانییەتی مرۆیی بەرجەستە دەكەن، جیهانی ئەمڕۆش پێویستی بە كوردستانێكی سەربەخۆیە. ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی سەقامگیرمان بوێ، ئەوە پێویستمان بە كوردستانێكی سەربەخۆشە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

‌شه‌ش نهێنيێن به‌خته‌وه‌ريێ 

Lalish Duhok

رۆژانە دوو خۆلەکێن غاردانێ هه‌ستيێ خانمان بهێز دکت

Lalish Duhok

ھاتنە خوارا شەکرێ چ مەترسی بۆ نەخۆشی ھەنە

Lalish Duhok