خێزانه‌كا كوردا ئێزدی:ژبه‌ر په‌كه‌كێ جاره‌كا دی ئاواره بووینه ڤه
باسنيوز:
بەشێکی زۆر لەو خێزانە کوردە ئیزدییانەی پاش ئازادکردنی شارەکەیان گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، بەهۆی پەکەکەوە جارێکی تر ئاوارە بوونەتەوە.
یەکێک لەو ماڵباتانە، ماڵی به‌ره‌كات سنوونییە کە به (باس)ی راگه‌یاند: “ئێمه له یه‌كه‌مین رۆژی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو (2016) گه‌ڕاینه‌وه ناحیه‌ی سنوونێ، بۆ ماوه‌ی نۆ مانگ له‌سه‌ر ماڵ و موڵكی خۆمان ماینه‌وه، له خانووبه‌ره‌ی خۆمان نیشته‌جێ بووینه‌وه. كاره‌با و ئاو تا راده‌یه‌ك باش بوون. هه‌موو رۆژێك سەعات حه‌وتی به‌یانی ده‌چووینه سه‌ر كاری خۆمان و تا ئێواره خه‌ریكی كار ده‌بووین، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ره‌وشی ده‌ڤه‌ره‌كه ئاڵۆز بوو به تایبه‌تی له خانه‌سۆر، ناچار بووین جارێكی دی موڵكی خۆمان جێ بهێڵین و ره‌و بكه‌ینه‌وه، بۆ جارێكی دی ئێمه ئاواره بووینه‌وه، ئێستاش له‌نێو كه‌مپی با‌جد كه‌ندال نیشته‌جێ بووینه‌ته‌وه.”
سنوونی گوتیشی: “له‌نێو سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سنوونێدا ره‌وش له‌بن ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزی ئاسایشی سه‌ر به هه‌رێمی كوردستاندا گه‌لێك خۆشه. پۆلیس و ئاسایش و پێشمه‌رگه هه‌موو له سنوونێ هه‌ن و ئارامیی ده‌ڤه‌ره‌كه ده‌پارێزن، به‌ڵام گه‌لێك جاران له لایه‌ن گرووپی نه‌ناسراوه‌وه ته‌قه ده‌كرا یان خه‌ڵكێك له چیا و له ده‌ر و ده‌شت ده‌كوژرێن، ئه‌م شته ترسی بۆ خه‌ڵك دروست كردبوو، كه‌س نه‌یده‌وێرا به شه‌و بمێنێته‌وه، چونكه به راستی ئوتومبیلی بێ ژماره و جامڕه‌ش له گه‌لێك ده‌ڤه‌ردا هه‌ن، كه‌س نازانێت كێیان تێدایه، كه‌سیش ناتوانێ بچێته خانه‌سۆر چونكه په‌كه‌كه‌ی تێدایه.”
به‌ره‌كات سنوونێ زیاتر گوتی: “خه‌ڵكی گه‌ڕاوه‌ش خه‌ریكی كاری كشتوكاڵن، هه‌ندێك كه‌سیش دووكان و فرۆشگه‌یان داناوه و كار ده‌كه‌ن. گه‌لێك خێزانیش بوونه‌ته دوو به‌ش، به‌شێك له‌نێو كه‌مپدا ماونه‌ته‌وه، به‌شێكیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه سنوونێ، چونكه به راستی خه‌ڵك ده‌ترسن و ناتوانن هه‌موو خێزانی خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه به تایبه‌تیش كچ و ژنان.”
ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، خێزانی ئێمه چوار كه‌سمان له‌نێو كه‌مپدا مابوونه‌وه و سێ كه‌سیش چووینه‌وه بۆ سه‌ر موڵك و ماڵی خۆمان له سنوونێ، به‌ڵام كاتێك رووداوه‌كه‌ی خانه‌سۆر دروست بوو، په‌كه‌كه ته‌قه‌ی زۆری كرد، ئێمه هه‌تا 12 خێزان له گه‌ڕه‌كێكدا بووین، هه‌ر هه‌موومان جارێكی دی ئاواره بووینه‌وه و چووینەوە ناو كه‌مپ.”
پیوەند بە هەمان کێشە، وه‌یسی نایف سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی قه‌زای شنگال روون كرده‌وه: “خه‌ڵك حه‌ز ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر په‌كه‌كه و نه‌بوونی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می خه‌ڵك گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش بوونه‌ته دوو به‌ش، به‌شێكی خێزانه‌كانیان له كه‌مپی ئاواره‌كان له دهۆكدا ماونه‌ته‌وه، به‌شێكیشیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ده‌ڤه‌ره‌كه. خه‌ڵك له‌به‌ر مه‌ترسیی په‌كه‌كه نا‌وێرن هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان بگێڕنه‌وه ده‌ڤه‌ره‌كه.”
مه‌حما خه‌لیل قایمقامی قه‌زای شنگالیش گوتی: “هه‌تا په‌كه‌كه له ده‌ڤه‌ری شنگال بێت، ئاڵۆزی له ده‌ڤه‌ره‌كه كۆتایی نایه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ش زه‌حمه‌ت ده‌بێت، چونكه به‌غدا تاكوو ئێستا هیچی نه‌كردووه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال. ئێمه بۆ خۆمان هیچ هیوایه‌كمان به به‌غدا نییه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و دروستكردنی ئاڵۆزی، خه‌ڵك هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و هه‌تا ئێستا 11 هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، كه له‌نێویاندا هه‌ندێك خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌نته‌ری شنگال.”
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
