شبكة لالش الاعلامية

قاچاخچیێن كورد پۆلیسێن سنوورێ بولگاریا ب دراڤى كرن

قاچاخچیێن كورد پۆلیسێن سنوورێ بولگاریا ب دراڤى كرن

رووداو – زیندانی لۆبۆمێز

ئەو كۆچبەرانەی بە گەرەنتی گەیێندراونەتە سۆفیا، چیرۆك و سەرگوزەشتەی گەیشتنیان بە بولگاریا دەگێڕنەوە و دەڵێن لەسەر سنووری بولگاریا پۆلیس دەرگایان بۆ كردوونەتەوە. هەر بە ئۆتۆمبێلی پۆلیسی بولگاریش گەیێنراونەتە پایتەخت، كەچی هەر ئەو پۆلیسە ناهێڵێت كۆچبەران دەربازی سنوور بن ئەگەر قاچاخچییەكان پێشوەخت لەگەڵیان رێكنەكەوتبن.

عومەر عەسكەری، كۆچبەرێكی كوردی باشووری كوردستانە، مانگی ئابی ئەمساڵ لە هەولێرەوە بەرەو توركیا بەڕێكەوتووە، دوو هەفتە لە ئیستانبوڵ ماوەتەوە. دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەگەڵ قاچاخچییەكی خەڵكی هەولێر رێكدەكەوێ‌ كە بە گەرەنتی و 2500 دۆلار لە توركیاوە بیگەیەنێتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا. قاچاخچیەكە دڵنیای كردبووەوە كە لەگەڵ پۆلیسی سەر سنووری بوڵگاریا رێككەوتووە، بەڵام هۆشداریی دابووە عومەر كە بە هیچ شێوەیەك باسی ئەو رێككەوتنە لای كەس نەكات.

عەسكەری بە (رووداو)ی گوت: “كاژێر هەشتی شەو، لە توركیاوە بەرەو بولگاریا جووڵەمان كرد. ماوەی چوار كاژێر لە نزیك سنووری توركیا و بولگاریا لەنێو ئۆتۆمبێلێكی بچووكدا ماینەوە. دواتر لە ئۆتۆمبێلەكە دایانگرتین، دوای پێنج خولەك لە چاوەڕوانی، ئۆتۆمبێلێكی دیكە هات و ئێمەیان گەیاندە سەر سنووری بولگاریا، راستەوخۆ دەرگای گەورەی سنوور كرایەوە”.

دوای گەیشتنیان بە خاكی بولگاریا، عەسكەری و ژمارەیەك كۆچبەری دیكە دەخرێنە نێو ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس، ئەوان بەبێ‌ ترس سواری ئۆتۆمبێلەكە بوون، چونكە بۆ گرتنی ئەوان ئامادە نەكرابوو.

عومەر گوتی: “لەدوای گەیشتنمان بە خاكی بولگاریا، ئۆتۆمبێلێكی گەورەی پۆلیس لە چاوەڕوانیماندا بوو، ئێمەیان خستە نێو سەیارەی پۆلیس و بەشێوەیەكی زۆر خێرا ئێمەیان گەیاندە سۆفیا، تەنانەت ئێمەیان رادەستی خانووی قەرەجەكانی سۆفیاش كرد”.

عومەر عەسكەری لەگەڵ هاوژین و دوو منداڵەكەی رێگەی ئەوروپایان گرتبووەبەر، لەنێو خانووی قەرەجەكانی سۆفیاوە، لە درێژەی قسەكانیدا بۆ (رووداو) گوتی: “كاتێك لەنێو ئۆتۆمبێلی پۆلیس بووین، زۆر بەڕێز و بە جوانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین، بەڵام ئەوانیش پارەی باشیان وەرگرتبوو. ئێمە هەر یەكەمان 2500 دۆلارمان بۆ قاچاخچی لە نووسینگە دانابوو، لەكاتێكدا خەڵكی دیكە بە 2000 دۆلار بەرەو بولگاریا دەڕۆیشتن. ئەو 500 دۆلارە زیادەی ئێمە درابوو بە پۆلیس. ئێمە 22 كەس بووین، كەواتە 11 هەزار دۆلار دراوە بە پۆلیس و ئەوانیش لەنێو خۆیان دابەشیان كردووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ خەڵكی بولگاریا یەكجار زۆرە، چونكە پارەی خۆیان بەهای نییە”.

گەرەنتییەكەی قاچاخچی لە توركیا، هەر تاوەكو سۆفیا بر دەكات، كۆچبەرەكان دەبێ‌ لەوێ‌ زوو مشووری خۆیان بخۆن و قاچاخچی بدۆزنەوە و ئەوێ‌ جێبهێڵن، ئەگەرنا دوور نییە هەر ئەو پۆلیسانەی دەرگایان بۆ كردنەوە و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان ئەوانیان گەیاندە سۆفیا، دەستگیریان بكەنەوە.

لالە، ژنە كۆچبەرێكی باشووری كوردستانە. ئەو لەگەڵ خانەوادەی لە رانیەوە چوونەتە توركیا، لەوێ‌ لەگەڵ قاچاخچییەك رێككەوتوون كە بە گەرەنتی بیانگەیەنێتە سۆفیا. لالە لە زیندانی لۆبۆمێز بە (رووداو)ی گوت: “لە توركیاڕا بۆ بولگاریا بە گەرەنتی و بە رێككەوتنی پۆلیس هاتین، لە سنووری بولگاریاوە بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس گەیەنراینە سۆفیا، بەڵام دوای 10 رۆژ مانەوە لە خانووی قەرەجەكان، لەلایەن پۆلیسی بولگاریاوە دەستگیركراین”.

هێمن چاوڕەش، یەكێكە لەو كەسانەی كە بە رێككەوتنی پۆلیس و قاچاخچی گەیشتووەتە سۆفیا، بەڵام ئەویش لە دوای 12 شەو مانەوەی لە هوتێلێكی سۆفیا، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و ماوەی مانگێك لە زیندانی “بۆسمۆس” ماوەتەوە، ئینجا بەرەو زیندانی “لۆبۆمێز”یان بەڕێكردووە.
ئەو بە (رووداو)ی گوت: “دوو هەفتە لە توركیا خەریكی پرسیاركردن و بەدواداچوون بووم، وێڵ و عەوداڵی قاچاخچییەكی باش بووم كە بە گەرەنتی بمگەیەنێتە ئەڵمانیا، لەگەڵ هەشت قاچاخچی قسەم كرد تا لەگەڵ یەكێكیان رێككەوتم، ئەو گوتی: دڵنیابە لەگەڵ پۆلیس رێككەوتنمان هەیە و پۆلیس دەتگەیەنێتە سۆفیا”.

كاژێر 8ی ئێوارەیەكی مانگی ئاب، هێمن و 18 كۆچبەری دیكە ئامادە دەكرێن بۆ رۆیشتن بەرەو بولگاریا. هێمن گوتی: “هەر هەموویان خستینە نێو پاسێكی بچووك، نزیكەی 5 سەعات رۆیشتین تا گەیشتینە سەر سنووری توركیا و بولگاریا، لەوێ‌ دایانبەزاندین، هەموو شتێك رێكخرابوو، پۆلیس دەرگای سنووری بۆ كردینەوە، لەودیو ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس راوەستابوو، بە سێ‌ سەعات ئێمەیان گەیاندە سۆفیا”.

ئەو كۆچبەرە باسی دەستگیركردنیان دەكات و دەڵێت: “ئێمە هەر 18 كۆچبەرەكە چووینە هوتێلێك، 12 شەو لەوێ‌ ماینەوە، پۆلیس بەسەر هوتێلەكەیدا دا و هەر هەموومانی دەستگیر كرد، ئێمەیان بردە بنكەی پۆلیس، یەك بە یەك لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردین، ئەوانەی تەمەنیان 18 ساڵ بوو لە لێكۆڵینەوە گوتبوویان بەسەر تەلەكانی سەر سنووردا هاتووین، بەڵام چەند منداڵێكمان لەگەڵ بوون، ئەوان راستگۆیانە گوتبوویان دەرگای سنووریان بۆ كردینەوە و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس هاتین بۆ ئێرە”.
ئیفادەی منداڵەكان بەس بوو بۆ ئەوەی هەڵوێستی نەرمونیانی پۆلیس بەرامبەر كۆچبەرەكان بگۆڕێ‌.

هێمن دەڵێت: “لەدوای قسەی ئەو منداڵانە، پۆلیسەكان بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ كردین. من و كوڕێكی دیكەیان جیاكردەوە و گوتیان دەبێ لەگەڵمان بێن و بچینەوە ئەو شوێنەی كە پێیدا هاتوون، بە ناچاری ئێمەیان بردە سەر سنوور و بەبێ زانیاری لە شوێنێكەوە گوتمان لێرەوە هاتووین. لەدوای دوو رۆژ جارێكی دیكە ئێمەیان بردەوە هەمان شوێن و زۆر بەوردی پرسیاریان لێكردین، چەندی مانگ بەڕێكەوتوون؟ لەكوێڕا هاتوون؟ كاژێر چەند گەیشتنە سنوور؟ چەند پۆلیس دەرگای لێكردنەوە؟ بەژن و باڵای پۆلیسەكان چۆن بوو؟ چ ئۆتۆمبێلێكیان بەكارهێنا بۆ گواستنەوە؟ جگە لە پۆلیس كێی دیكەتان بینی؟ وەڵامی پرسیارەكانمان دانەوە، ئەگەرچی وەڵامەكان دروست نەبوون، چونكە لەكاتی هاتنمان زۆر بە وردی لە دەوروبەرمان نەدەڕوانی، زۆر بە پەلە بووین بگەینە سۆفیا”.

كاتێك (رووداو) قسەی لەگەڵ هێمن كرد، نزیكەی سێ‌ مانگ بوو گیرابوو، دیاریش نییە كەی ئازاد دەكرێ‌. هێمن گوتی: “ئەگەر ئاشكرا نەبووایە كە بە رێككەوتنی پۆلیس هاتووینەتە بولگاریا، هێندە لێرەیان نەدەهێشتینەوە و بە توندیش مامەڵەیان لەگەڵ نەدەكردین”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

سه‌رۆكێ به‌رێ CIA: مالیكی هۆكارێ دروستبوونا داعشێ يه‌ ل عێراقێ

Lalish Duhok

لێكۆلینا چیلكۆت كو راستیێن داگیركرنا عێراقێ دیاردكه‌ت،هاته‌ به‌لاڤكرن

Lalish Duhok

به‌غدا هێلا تێله‌فۆنا نۆرمال ژ هه‌رێمێ راگرت

Lalish Duhok