ئه‌نجومه‌نی بلندێ كاروبارێن خانمان: ئازادی بۆ ژنێن كوردستانێ
PUKmedia تایبه‌ت
په‌یامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئافره‌تان 8ی مارس
ئێستا كاتییه‌تی… چالاكوانانی لادێ و شار پێكه‌وه، ژیانی ئافره‌تان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بگۆڕن..
مانگی ئادار مانگی فیداكاری و ڕاپهڕینهكانه، هاوكات ڕۆژی جیهانی ئافره‌تان، بۆ ژنانی كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زۆری هه‌یه چونكه له‌لایه‌ك مانگی یاده‌وه‌رییه خه‌مناك و ناخۆشهكانهو له‌لایه‌ك مانگی ڕاپه‌رین و رزگاری گه‌لی كوردستانه له‌ده‌ستی دكتاتۆرییه‌ت و له‌لایه‌كی تر یادێكی مه‌زنی جیهانی ده‌كاته‌وه كه تایبه‌ته به‌و تیكۆشان فیداكاری و خه‌باته مه‌ده‌نییه‌ی به درێژایی قۆناغه‌كانی مێژوویی خه‌باتی كردووه له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافه سیاسی و مه‌ده‌نی یاسایی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی. بۆیه ئه‌م یاده به‌رهه‌می خه‌بات ڕه‌نجی سه‌دان ساڵی ژنانی رزگاریخوازی گشت پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانی دونیایه له‌پێناوی نه‌هێشتنی هه‌موو جۆر‌و شێوازه‌كانی جیاكاری و چه‌وساندنه‌وه‌یه. بۆیه ژنانی جیهان به گشتی و ژنانی كوردستان به‌تایبه‌تی شایانی رێز‌و خۆشه‌ویستین له‌پای هه‌موو هه‌ول و خه‌بات و تێكۆشان و فیداكارییه‌كانیان.
بۆیه ده‌ڵێن: ئێستا كاتییه‌تی ژنان و پیاوان پێكه‌وه كار بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌هێشتنی جیاكارییه‌كان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زی هه‌نگاوه‌كان بۆ خاڵیكردنه‌وه‌ی كوردستان بێت له ته‌واوی كردار‌و په‌رچه‌كرداره ناپه‌سه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگه به هه‌موو شێوازه‌كانییه‌وه.
جه‌ژنتان پیرۆزبێت ژنانی تێكۆشهرو فیداكاری كوردستان…
سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش داده‌نه‌وێنین بۆ شه‌هیدان خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ژنانی قوربانی ده‌ستی ڕژێمه‌كان و گروپه تیرۆرسته‌كانی داعش و هاوشێوه‌كانی، قوربانیانی ده‌ستی توندوتیژییه‌كان.
سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی بۆ ئافره‌تانی كوردستان.
كوردستان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ده‌ستی كاری ژنانی گوند‌و شاره‌كانه له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌و قه‌یران و ئاسته‌نگانه‌ی روبه‌رووی كوردستان بونه‌ته‌وه كه‌واته كاتییه‌تی:
زه‌مینه‌سازی بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌ته‌كان بچێته قۆناغی كردارییه‌وه‌و ئه‌و هێزو توانا خهوێنراوهی ژنانی گوند‌و شار ببوژێنرێتهوهو كوردستان له تواناكانیان سودمه‌ندبیت و ببنه به‌شێك له چاره‌سه‌رو هێزو تواناكانیان نیشانی كۆمه‌لگه بده‌ن تا متمانه‌ی زیاتری خۆیان و هاوپیشه‌و خێزان و دامه‌زراوه‌كانیش مسۆگه‌ر بكه‌ن.
بۆیه ئافره‌تان چاویان بڕیوه‌ته داهاتوو تا له پڕۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و پێشخستنی كوردستان ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌بێت هه‌روه‌ك چۆن له سه‌رخستی شۆرش و ڕاپه‌رینه‌كان رۆڵی گرنگیان هه‌بووه هه‌رواش باوه‌رمان وایه به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ی ژنان له پرۆسه‌كانی په‌ره‌پێدان و به‌شداری زیاتری ئافره‌تان له ته‌كنه‌لۆژیای زانیارییه‌كاندا گره‌نتی سه‌ركه‌وتن و پێشخستنی كوردستان زیاتر ده‌كات.
به كاری پێكه‌وه‌یی ژنان و پیاوانی چالاك و هۆشیار ده‌توانین كوردستان پێشبخه‌ین. بۆیه پێویسته ئافره‌تانی گوند‌و شار ده‌رفه‌تی كارگێری زیاتر‌و زه‌مینه‌سازی بۆ ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی كاری ته‌ندروست بۆیان بڕه‌خسێنریت له بازاره‌كانی هه‌رێم تا بتوانێت ڕۆڵی كارا ببینێت له زیادكردنی به‌رهه‌م و به‌رهه‌مه ناوخۆییه‌كان گه‌شه‌ی پێبدات به‌تایبه‌ت بۆ هه‌ر ژنێك پێگه‌یه‌ك و كارێكی شایسته‌ی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئامانجانه به‌دیبهێنین ژنان پێویستیان به پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌نگاونانه به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روونتر كه داهاتووی له كوردستانێكی گه‌شه‌سه‌ندوودا ده‌بینێته‌وه.
كاركردن بۆ ئه‌م په‌یامانه به‌رپرسیارێتییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه هه‌م له‌رووی بابه‌تی و هه‌م له‌رووی كردارییه‌وه كه ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر كاتێتی. له‌هه‌مانكاتدا مافی ئافره‌تانی ئاواره‌و په‌نابه‌رله كاركردن و به‌گه‌ڕخستنی تواناكانیان یه‌كێكه له‌و ڕێگایانه‌ی كه مافه شایسته‌كانی ژنانی ئاواره‌و په‌نابه‌ر به‌دیده‌هێنیت له‌هه‌مانكاتدا ده‌یگوازێته‌وه بۆ ژینگه‌یه‌كی جیاواز له‌وه‌ی تێیدا ده‌ژی به‌مه‌ش گیانی متمانه‌به‌خۆبوون و هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه له ئه‌رك و مافه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌رده‌كات. كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌رووی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی دروستده‌كات به‌مه‌ش پارێزگاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیری ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دیده‌هێنرێت.
كه‌واته با پێكه‌وه ئه‌م به‌رپرسیارێته له‌ئه‌ستۆ بگرین و كوردستان بگوازینه‌وه بۆ قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندوتر……
سه‌ركه‌وتووبێت ئیراده‌ی ژنانی خۆراگر‌و فیداكار
پێكه‌وه مافه زه‌وتكراوه‌كانمان بهدهستدێنینهوهو به ئاشتی و ئازادی ژیانمان رێكده‌خه‌ینه‌وه به‌ره‌و كوردستانیكی گه‌شه‌سه‌ندوتر.
ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان
هه‌ولێر – 8ی مارس 2018
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
