دەستەيا گەشتوگۆزارێ: 76 هەزار گەشتیار هاتينە كوردستانێ
هەولێر-KDP.info-
![]()
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێ، كارئاسانییەكی زۆر لە بازگە و سنوورەكان بۆ هاتنی گەشتیاران كرابوو و، تا 20ـی مانگیش، 76 هەزار گەشتیار هاتبوونە كوردستان.
بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و بە بڕیارێكی كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕسووماتی 25 هەزار دیناری لەسەر گەشتیارانی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانی تا 1/4/2018 لادەبرێت، كە لە ڕێگەی خاڵە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانەوە دێنە هەرێمی كوردستان.
بەو هۆیەوە خاڵە سنوورییەكان لەوە ئاگادار كراونەتەوە ڕسوومات لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگرن، لە كاتێكدا پێشتر بڕی 25 هەزار دینار لەو گەشتیارانە وەردەگیرا، ئەوەیش وای كردووە كە ڕۆژانە تەنیا لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە زیاتر لە 3 هەزار گەشتیار بێنە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانەیش ئەو ژمارەیە ڕوو لە زیادبوونە.
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، تا 20ـی مانگ، 76 هەزار گەشتیار هاتبوونە كوردستان، ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە، دوای كۆكردنەوەی ئامارەكان لە بازگەكان و سنوورەكان، ژمارەی هاتنی گەشتیاران رادەگەیێنین.”
رۆستی گوتیشی: “بۆ هاتنی گەشتیار بۆ رۆژانی جەژن، چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكان كرد و، چەندین لیژنەیش لە شار و شارۆچكەكان پێك هێنران، لەوانە لیژنەی پێشوازی و خزمەتگوزاری و لیژنەی بەدواداچوون لەسەر شوێنە گەشتیارییەكان، پێش جەژنیش شاندێكی دەستەی گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و زیاتر لە 60 كۆمپانیا چوونە بەغدا و بەشدارییان لە كۆڕبەندێكی گەشتیاریدا كرد”.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار، هەروەها ئاماژەی دا: “دەزگا ئەمنییەكان و بازگەكان كارئاسانییان بۆ گەشتیاران كردبوو، وەزارەتی ناوخۆیش بڕیاری دا 25 هەزار دینارەكە لە گەشتیارانی ئێرانی وەرنەگیرێت، ئەوەیش هاندەرێكی باش بوو بۆ هاتنی گەشتیاری ئێرانی، تەنیا نەكردنەوەی ڕێگای كەركووك – هەولێر لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، كاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران هەبوو، ئەگەر ئەو ڕێگایە كرابایەوە، ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبوو، كەواتە ئەو پلانەی دانرابوو وەك خۆی جێبەجێ كرا و ژمارەیەكی زۆری گەشتیار هاتبوونە كوردستان”.
بە گوتەی ڕۆستی، ئەوانەی كە لە وەرزی گەشت و سەیراندا ڕوو دەكەنە شوێنە گەشتیارییەكان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، بەشێكیان گوێ نادەنە ڕێنماییەكان و شوێنە گەشتیارییەكان پیس دەكەن، بەشێكی زۆریان پاشماوەكە لە شوێنی خۆیان بەجێ دەهێڵن و سیمای شوێنە گەشتیارییەكان تێك دەدەن، بۆیە پێویستە گەشتیاران خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە ئاست پاكوخاوێنیی شوێنە گەشتیارییەكان، چونكە دوای ئەوان هەندێك كەسی دیكە بۆ گەشت و سەیران دەچنە شوێنەكە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
