ژبه‌ر بوردوۆمانا فرۆکين شه‌ريێن توركیا سێ برايان ل شێلادزێ گیانێ خۆ ژ دەست دا
رووداو-دهۆک
به‌هۆى بۆردوومانى فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا سێ هاونیشتمانى شارۆچکەی شیلادزێی سه‌ر به قه‌زای ئامێدى گیانیان له‌ده‌ستدا کە برای یەکن.
له 7-4-2018 سێ هاونیشتمانى گوندى نێروه‌ى سیتو به‌ناوى تاهێر محه‌ممه‌د له دایكبووى 1957، مه‌جید محه‌ممه‌د له دایكبووى 1971 و ره‌مه‌زان محه‌ممه‌د لەدایکبووی 1975 کە هەرسێکیان بران و خەڵکی شارۆچکەی شیلادزێن بۆ کشتوکاڵ و بیسانهكانى خۆیان چووبوونە گوندەکەیان له نێروه‌ى سیتو نزیك سنوورى باكوورى كوردستان ، له‌سێ روژى یه‌كه‌م به تەلهفۆن قسه‌یان له‌گەڵ كه‌سوكاری خۆیان كردووە بەڵام دواتر هیچ هەواڵێکیان نەماوە.
نائیف نێروه‌ى سیتو به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى شارۆچکەی شیلادزێ ئه‌و هه‌واڵەی بو رووداو پشتڕاستكردەوە و ده‌ڵێت “دوای چه‌ند روژ بێئاگایی لە چارەنووسی ئه‌و سێ هاونیشتیمانییه ، به‌یانى روژى 14-4-2018 چه‌ند ئاموزایەکیان چوونەتە شوێنەکەیان ، په‌یوه‌ندییان پێوەکردین کە هەرسێكیان له‌به‌ر بۆردوومانى فڕۆكه‌كانى توركیا گیانیان له‌ده‌ستداوه و تەرمەکانیان پارچه پارچه بووە”.
به‌گوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی شیلادزێ ، تەرمەکانیان ئەمڕۆ دەهێندرێتەوە شیلادزێ و بەخاکدەسپێردرێن.
بێوار جهمتى كه‌سێكى نزیك لەو سێ برا کوژراوە به رووداوی راگەیاند: “هه‌رسێ هاونیشتمانى برای یه‌كن و خێزاندارن و، دانیشتووى ناحیه‌ى شیلادزێن”.
ئه‌وه جارى یه‌كه‌م نییه به‌هۆى بۆردوومان و تۆپبارانكردنى توركیا خه‌ڵكى سڤیل له قه‌زای ئامێدى ده‌كرێنه ئامانج ، ته‌نیا له ئەمساڵدا 7 هاونیشتمانی سڤیل له قه‌زای ئامێدى كرانه ئامانج و گیانیان له‌ده‌ستداوه و سێ هاونیشتمانى دیکەش برینداربوون.
به‌هۆى به‌رده‌وامى بۆردوومان و توپبارانكردنى فڕۆكه‌كانى توركیا له ناوچه‌كانى سه‌ر به قه‌زاى ئامێدى ، زیاتر لە 20 ساڵه نزیكه‌ى 300 گوندى قه‌زاکە چۆڵكراون و خه‌ڵكى ئه‌و گوندانه تەنیا بۆ کشتوکاڵ دهچنەوە گونده‌كانى خویان.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
