لایەنێن سیاسیێن کوردستانێ دەست ب بانگەشەيا هەلبژارتنان دکن
رووداو-هەولێر
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە باشووری کوردستان 24 کاژێر دوای پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەهۆی ساڵیادی ئەنفال لە کوردستان دەستیپێکرد. کاژێر 00:00 لە 15-4-2018 لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بە هەڵواسینی پۆستەر و ئاڵای حیزبەکان دەستیان بە بانگەشە کرد ، هەندێ لەلایەنە سیاسییەکان ئەمڕۆ بە فەرمی دەستپێدەکەن ، هەندێکی دیکەشیان وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن ، پەلەمان نییە و پلانی تایبەتمان بۆی هەیە.
یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی
یەکگرتووی ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ، بە پەیامی ئەمینداری گشتی و ناساندنی کاندیدەکانی بانگەشەی دەستیپێکرد.
بە ئامادەبوونی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ، عیرفان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ، محەممەد فەرەج ئەمینداری پێشووی یەكگرتوو و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی (بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی) و كادیرانی پێشكەوتوو و كاندیدانی ئەو لیستە ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بانگەشەی خۆی دەستپێکرد.
سەلاحەدین بەهائەدین ، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: “بەهیواین پێکەوە هەڵمەتێکی پڕ لە گەرموگوڕی ئەنجام بدەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە دروستەکانی ئەم هەڵبژاردنە کە ناردنی پۆلێک لە کاندیدی لێهاتوو و بوێر و پارێزەرێکی دروست و راستە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان”.
یەکگرتووی ئیسلامی هەروەها لە کەرکووک بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و ئاڵای یەکگرتوو دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە کرد.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژی دووشەممە دەست بە بانگەشە دەکات و دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی شوێنی دەستپێکردن و چۆنیەتی و کات بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە دیاریی دەکرێت.
خەسرەو گۆران ، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق وه‌كو پارتی درووشم و سۆلۆگانی و لۆگۆ و په‌یام و به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پەله‌مان نییه ، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکاری هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین و دوای ئەو کۆبوونەوەیە هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت کە کەی دەستپێدەکەین ، لەکوێ ، چۆن و بەبەشداریی کێ”.
به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاماژەدان بەوەی هەڵمەتەکە لە رۆژی دووشەممە دەبێت ، گوتی: “له پارێزگاکانی كه‌ركووك و سه‌لاحه‌دین به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكه‌ین، به‌ڵام له موسڵ و دیاله و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیكه وه‌كو زوممار ، شنگال ، خانه‌قین ، مه‌خموور و ناوچه‌كانی دیكه بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین”.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پەیامێک لە مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و چەمچەماڵ و هەروەها هەڵواسینی پۆستەر و ئاڵای یەکێتی لە شەقامەکانی هەولێر ، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد.
لە پەیامەکەی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و چەمچەماڵ هاتووە ، به رۆحێكی كوردانه و له‌پێناو ده‌رخستنی رووی گه‌شی شارستانی وسه‌رده‌مییانه‌ی گه‌له‌كه‌مان ، به‌تایبه‌ت له به‌رده‌م چاودێران و میوانانی بیانی ، واده‌ی دیاریكراوی بانگه‌شه به‌هێمنی و یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی به‌پاراستن و پته‌وكردنی یه‌كێتی نێو ماڵه گه‌وره‌كه‌ی كوردان به‌ڕێبكه‌ین.
سەعدی ئەحمەد پیرە ، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەر بازنەیەک بە جیا دەکرێت ، هەولێر ، سلێمانی ، بادینان و گەرمیان ، بەو مانایەی لە یەک کات و یەک رۆژدا نییە. ئێمە جەدوەلێکمان هەیە بۆ چۆنیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تایبەت بە هەڵبژاردنی یەکێتی ، زیاتر ئامادەکارییەکان رووندەبێتەوە”.
هەر ئەمڕۆ بە گوتەی سەعدی ئەحمەد پیرە ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە هەولێر کۆدەبێتەوە و بەپێی زانیارییەکان ، دوایین ئامادەکارییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تاوتوێ دەکرێن و چۆنیەتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو کۆبوونەوەیە بەبەشداریی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی یەکلایی دەکرێتەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان
بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان ، دەرکەوتنێکی دیاریی هەبوو و بە ئاڵا و لۆگۆی گۆڕان و هەڵواسینی پۆستەری کاندیدەکانی ، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
شەوی رابردووش کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی دیاریی ئەو حیزبە لە هەولێر کۆبوونەوە وەک ئامادەکاریی بۆ هەڵمەتی بانگەشە. لە کەرکووک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کە لەگەڵ کۆمه‌ڵی ئیسلامی و هاوپه‌یمانی بۆ داپه‌روه‌ری له لیستێکی هاوبەشدا بەناوی نیشتمان بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن ، لە پاشنیوەڕۆی شەممە 14-4-2018 دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.
کۆمەڵی ئیسلامی
بەپەیامی عەلی باپیر ، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ، ئەو حیزبە بانگەشەی هەڵبژاردنی لە کەرکووکەوە دەستپێکرد و گوتی: “كۆمه‌ڵ له ژێر به‌یداخی یه‌كتاپه‌رستی و له‌پێناو دادپه‌روه‌ریی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتییان كارده‌كات. به گه‌شبینی و ئومێده‌وه له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڕوانین”.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری رۆژی یەکشەممە 15-4-2018 لە هەولێر و لە هۆڵی بابیلۆن دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات و بەرهەم ساڵح ، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە گوتارێکی دەبێت. هەروەها رۆژی چوارشەممە لە تەلاری هونەر لە سلێمانی رێوڕەسمێک ساز دەکەن و دوای گوتاری بەرهەم ساڵح ، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ، کاندیدەکانی ئەو لیستە دەناسێندرێن.
نەوەی نوێ
لیستی نەوەی نوێ کە لیستێکی نوێیە و یەکەمجارە دەچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن ، لەسەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەڵواسینی ئاڵای لیستەکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان ، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد.
سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به لیستێکى سه‌ربه‌خۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق ده‌کات ، لە رێوڕەسمێکدا بە گوتاری سکرتێری ئەو حیزبە ، بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکرد و کاندیدەکانی حیزبەکە ناسێندران.
محه‌ممه‌د حاجى مه‌حموود ، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ، هیواى خواست “هاووڵاتیان به ویژدانه‌وه بچنه سه‌ر سندووقه‌کانى ده‌نگدان و ده‌نگ به‌و لیست و کاندیدانه بده‌ن که خزمه‌ت به‌دۆزى ره‌واى گه‌له‌که‌مان ده‌کات به‌تایبه‌تیش که‌رکووک و ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان ، ده‌بێت بزانن کێ دڵسۆز و خه‌مخۆرى پاراستنى ئاسایش و ئارامى و ئاشتى و پێکه‌وه ژیان بووه”.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12-5-2018 لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
