سەرۆک بارزانی.. ٥٦ سال پێشمەرگایەتی
ZNA-ھەولێر
ئەمڕۆ ٢٠ی ئایار، ٥٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو رۆژەی سەرۆک بارزانی چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان.
سەرۆک بارزانی، لە دەستپێکی ھێرشی سوپای عێراق بۆ سەر باشووری کوردستان لە رێکەوتی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ و ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا، بە ناچاری خوێندن بەجێ دەھێڵێ و لە رێکەوتی ٢٠ی ئایاری ١٩٦٢دا، پەیوەندی بە ریزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە دەکات، دەستکەوتی رێکەوتتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی باشوور، لە دەستکەوتە پڕ بایەخەکانی شۆڕشی ئەیلوولە، کە سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگە و شاندی دانوستانکار رۆڵێکی بەرچاوی تێدا ھەبوو.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو، ھەڵگیرسێنەری شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتووخوازن، کە ئاکامەکانی ئەو شۆڕشە، راپەرینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١ و، دواتر پێکھێنانی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو. ھەرێمێک لەسەر ئاستی ناوچەکە خاوەنی حکومەتێکی دیموکراتییە، کە تیایدا مافی ھاووڵاتیبوون و ژنپارێزی و ژینگەپارێزی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگا فەراھەم کرد.
بەر لە رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، سەرۆک بارزانی رۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا بینی و دواتر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، بە ھەوڵ و کۆششی سەرۆک بارزانی مافەکانی گەلی کوردستانی تێدا جێکرایەوە.
سەرۆک بارزانی لە جەنگی دژی تیرۆردا، وەک پێشمەرگە و سەرۆک، شانبەشانی پێشمەرگە و رۆڵەکانی کوردستان دژ بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش وەستایەوە و تا تەفروتووناکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە پێشەوەی لە بەرەکانی جەنگدا مایەوە.
سەرۆک بارزانی لەو کاتەی حکومەتی بەغدا دژ بە مافە دەستوورییەکانی کوردستان وەستایەوە و بودجە و قووتی ھاونیشتمانیانی بڕین مەرامی دوژمناکارانەی ئەو دەستەڵاتەی ھەست پێکرد، وەک پێشمەرگە و سەرۆک رابەرایەتی گەلی کوردستانی کرد و ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجامدا.
سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان وەک دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی کە لە ئایندەدا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی لەسەر بنیاد دەنرێت، لە دەستکەوتە ھەرە گەورەکانی سەرۆک بارزانییە و گەلی کورد شانازی بەو رۆژ و دەرفەتەوە دەکات.
لە ماوەی ٥٦ ساڵ پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی، خەبات و تێکۆشان بۆ بە دەستھێنانی مافی گەلی کوردستان، تێکۆشان بۆ بەدیھێنانی سەربەخۆیی و ئازادی و دیموکراسی، پێکەوە ژیان، ژینگە دۆستی و ژینگەپارێزی، رەنگدانەوەی زیاتر لە نیو سەدە پێشمەرگایەتی سەرۆک بارزانی بووە.
لەو یادە مەزنەدا، سڵاو لە پێشمەرگە و سەرۆک.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
