ئامادەکاری بۆ دابەشکرنا مووچێ ههيڤا ئادارێ تێته كرن
باسنيوز:
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات، بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کە لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، ئێستا وەزارەتەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 3/2018ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی حوزەیراندا، خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچە بڵاو دەکەنەوە و پێش جەژنی ڕەمەزان، مووچەی هەرە زۆری وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.
پێشتر مۆفەق عەبدوڵا، راوێژکاری دارایی وەزیری تەندرووستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاندووە: ”لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە زانیاریمان پێدراوە بڕیارە لە 5 تا 6/6/2018، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بکرێت، چونکە پێشتر وەزارەتی دارایی لە 6/5/2018، دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کردووە“.
راوێژکاری دارایی وەزیری تەندرووستی، ئەوەشی خستە ڕوو کە وەزارەتی دارایی لە ھەمان وادەی مانگی رابردوودا، مووچەی کارمەندان و پزیشکانی وەزارەتی تەندرووستی دابەش دەکات.
هەر لە بارەی مووچەوە، ڕۆژی 22/5/2018 سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ڕۆژی دووشەممە 2018/5/21، بڕی 317 ملیار دینار گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی“.
گوتەبێژەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: ”هەرچەندە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەیەکە پێش ئێستا دەستی بە دابەشکردنی مووچەی ناوخۆ و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کردبوو، بە پێی ئەوەی لە بەردەستی بوو، بەڵام بەم پارەیە تەواوکەری مووچەی مانگی شوباتی پێشمەرگە و ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانیش دەدرێت“.
پێشتر بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاندبوو کە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی سێ سەرچاوەی داهاتەوە دابەش دەکەن کە خۆی لە 317 ملیار دیناری حکوومەتی عێراق و 25 ملیۆن دۆلاری حکوومەتی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە و زیاتر لە 370 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
