وەزیرێ دارایی: هەرێما کوردستانێ دێ پابەندى جێبەجێکرنا یاسايا بودجا عێراقێ بت
باسنيوز:
وەزیرى دارایى رایدەگەیەنێت؛ یاساى بودجە، بەتایبەت ماددەى (11)، کە پەیوەستە بە بەشى هەرێمی کوردستان، لە رووکاردا یاسایەکى داراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکى سیاسى، یاسایى و نەوتى و داراییە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای گۆڕان، ئاوات جەناب نوورى، وەزیرى دارایى و ئابووریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامى شاندى هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، باس لە وردەکاریى رێککەوتنى هەرێم و بەغدا دەکات و دەڵێت: “چیرۆکى بەرهەمهاتنى یاساى بودجە و رێککەوتنى نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى مانگى حەوتى (2019)، واتا لەدواى دەستبەکاربوونى ئێمە لە مانگى حەوت، شاندێکى باڵا بە سەرۆکایەتیى سەرۆک وەزیران و جێگر و وەزیرى دارایى بۆ بەغدا، هەوڵدان بۆ تێکشکاندنى بەستەڵەکى نێوان هەولێر و بەغدا، لەو سەردانەوە دەستى پێکرد”.
زیاتر گوتیشى: “دواتر ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام بوون، تا توانیمان بۆ بودجەى (2020) پڕۆژە یاسایەکى بودجە ئامادە بکەین، بەڵام بەهۆى دەستلەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدى، پڕۆژەکە پەکى کەوت، دواتر لەکۆتایى (2020) رێککەوتنێکى سەرەتایی ئەنجام درا و بوو بە پڕۆژەى هاوبەشى نێوانمان و لەئەنجامدا ئەو یاسایەى لێ بەرهەم هات”.
وەزیرى دارایى ئاشکرای دەکات: “یاساى بودجە، بەتایبەت ماددەى (11)، کە پەیوەستە بە بەشى هەرێمی کوردستان، لە رووکاردا یاسایەکى داراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکى سیاسى، یاسایى و نەوتى و داراییە، ئەم رێککەوتنە لە شوێنێکدایە، هەردوولا لەناوەڕاستدا پێى قانع بوون، ئەوەش دواى دابڕانێکى چەند ساڵیی لەنێوان هەرێم و ناوەنددا، بۆیە کۆى داخوازییەکانى هەرێمى هەڵنەگرتووە و کۆى داخوازییەکانى ئەوانیشى هەڵنەگرتووە”.
ئاوات جەناب نووری باس لەوەش دەکات: “لە رووى سیاسییەوە، ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و بەغدا ئاسایى دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەى لە ناوەڕاست و باشوور دەربارەى هەرێم هەبوو، کە کورد سەرچاوەى کێشەکانى ئەوانە، ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکى دیکە پەیوەندییەکانى (کورد و سوننە) و (کورد و شیعە) ئاسایى دەبنەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنى یاساى نەوت و گاز و یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو”.
جەخت لەوە دەکاتەوە، لە رووى سیاسەتى نەوتییەوە، ئەو یاسایە چەند خزمەتێک بە هەرێمی کوردستان دەکات: “بەتایبەت لە پرسى چاوخشاندنەوە بە گرێبەستى نەوتى و گرێبەستى کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەى نەوت و بە تێچوونى نەوت و تەنانەت کۆمپانیاکانى سکیورتیش لەژێر پێداچوونەوەدان، ئەوەش هەمووى لە بەرژەوەندیى شەفافییەتە لە نەوتى هەرێم، وایان لێ دەکات خێراتر و جدیتر بن، ئەوەش لە چواچێوەى ئەو چاکسازییەى حکوومەتى هەرێمی کوردستان دەستى پێکردووە”.
لەبارەى جێبەجێکردنى یاساکەشەوە، گوتى: “جێبەجێکردنەکەى یاساکە پەیوەندیى بە هەردوولاوە هەیە، بەڵام بە لاى هەرێمی کوردستان، دەتوانم ئەوە بڵێم، کە هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى یاسای بودجە”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
