شبكة لالش الاعلامية

وەزارەتا شەهیدان ل کەیسا ب جینۆساید ناساندنا کارەساتا شنگالێ، مفاى ژ کتێبا (شەم بەرهەم) وەردگرت

وەزارەتا شەهیدان ل کەیسا ب جینۆساید ناساندنا کارەساتا شنگالێ، مفاى ژ کتێبا (شەم بەرهەم) وەردگرت

باسنيوز:
ئەمڕۆ چوارشەممە (5\12\2018)، بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شەم بەرهەم نووسەری کتێبی (ئێوە تەنیا تەماشا دەکەن… چیرۆکی ئەو منداڵە ئێزدییانەی لەدەست داعش رزگاریان بوو) کرد.

شەم بەرهەم، کچێکی کوردە و دانیشتووی شاری هەولێرە، ئێستا تەمەنی ١٧ ساڵە و قوتابییە، ئەمساڵ یەکەمین کتێبی خۆی بە زمانی ئینگلیزی بە ناونیشانی:
You are just watching.. The story of Yazidi children who survived the Islamic State

بەچاپ گەیاند و رۆژی 13\11\2018 لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، نوێنەرانی زۆربەی کونسوڵخانەکان لە هەولێر و و ژمارەیەکی بەرچاوی کەسایەتیی ئەکادیمی و نووسەران و هونەرمەندان، کتێبەکەی بە خوێنەران ناساند، لە یەکەمین ئیوارەی ناساندنی کتێبەکەدا، 600 دانە لە کتێبەکە فرۆشرا و داهاتەکەشی بۆ ئەو منداڵە ئێزیدییانە دەبێت کە پاڵەوانی چیرۆکەکانی ناو کتێبەکەی (شەم)ن.

لەپای ئەم کارەی، ئەمڕۆ لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەت، بە ئامادەبوونی چەند بەرپرسێکی وەزارەت، پێشوازیی لە شەم بەرهەم کرد.

لەو دیدارەدا، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دوای گفتوگۆ لەگەڵ شەم، رای گەیاند: ”ئەو پەرتووکە ئینگلیزییە، کە بە زمانی نووسەر خۆی چیرۆکە، بەڵام لە دیدی ئێمەوە وەکوو وەزارەت، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لەو بەڵگەنامانەی بۆ کەیسی بەجینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان سوودی لێ وەردەگرین، بێ گومان لە چوارچێوەی یاساشدا وەکوو بەڵگە کاری لەسەر دەکەین“.

بەرەڤان حەمدی هەروەها گوتیشی: ”ڕەنگە لە داهاتوودا ئەم کتێبەی شەم، ببێتە بەڵگەیەکی باش بۆ ئەوەی کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو لێژنەیەی کە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان دانراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، بۆیە گرنگیی ئەو پەرتووکە لە چوارچێوەی بەهرەی کچێکی بچووک لەو تەمەنە کە بەوردی باسی چیرۆکی کۆمەڵێک منداڵی ئیزدیی رزگاربوو لە دەستی داعش دەکات، زۆر گەورەیە. چونکە ئێمە باش دەزانین کە کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی خزمەتی ناساندنی کارەساتی جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکات بە جیهان، هەروەها لەو لایەنەشەوە گرنگیی دەبێت کە خەڵکانێکی تر بیانەوێت لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کارەساتە بکەن و ڕای گشتیی لەسەر دروست بکەن، سوودیش لە زانیارییەکانی وەربگرن“.

هەروەها روونی کردەوە: ”یەکێک لە ئامانجەکانی دانانی یاسای جینۆساید ئەوە بووە کە بتوانێ هۆشیارییەک دروست بکات هەمبەر بە قیزەونیی تاوانێک تا کەس بەلایدا نەچێت. چونکە مەترسیی لەسەر خودی مرۆڤە و خەڵکانێکی زۆر لەناو دەبات، ئێمەش لە وەزرارەت جەختمان لەسەر لایەنە باشە یاساییەکەیەتی“.

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان ئەو پەرتووکە دەبەنە خانەی دیکۆمێنت و هەوڵ دەدەن لە مۆنۆمێنتەکانیشدا دایبنێن تا سوودی لێ ببینن. بۆیەش تاکوو کەیسی ئیزیدییەکان بەجینۆساید دەناسێندرێت ئێمە کار لەسەر ئەو کتێبە دەکەین و بڵاوی دەکەینەوە.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەبارەت بە ژمارەی ئەو دیکۆمێنتانەی لەسەر کارەساتی ئێزیدیەکان بەدەستیان گەیشتووە، بەرەڤان حەمدی گوتی: ”ژمارەیان گەلێک زۆرە ئەو دیکۆمێنتەی لەسەر ئیزیدییەکان هەیە بڕوا ناکەم لەسەر هیچ کارەساتێکی تر هەبێت، بەڵام هەر دیکۆمێنتێک و بەهای خۆی هەیە، بۆ نموونە لەوانەیە پێشتر دیکۆمێنتمان هەبێت لەسەر چیرۆکی منداڵان لەو کارەساتەدا، بەڵام وەکوو ئەمەی شەم بە زمانی ئینگلیزی نەبووە، بەڵکوو بەشێک لەوانەن کە لەلایەن داعش خۆیان بڵاو کراونەتەوە“.

سەبارەت بە چۆنیەتیی سوود وەرگرتن لەو جۆرە دیکۆمێنتانەش، گوتی: ”ئێمە بۆ دوو شت سوودی لێ وەردەگرین؛ یەکەمیان لە بواری ئەو لێکۆڵینەوانەی کە کاریان لەسەر دەکەین، دەستەیەکمان هەیە هەموو بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش کۆ دەکاتەوە. ئەو پەرتووکەی شەم بەرهەمیش یەکێکە لەو بەڵگە بەهێزانەی کە لەگەڵ قوربانییەکان لە چوارچێوەی چەند چیرۆکێکدا بڵاو کراوەتەوە. چونکە ناو و وێنەی خەڵکەکەی تێدایە، کە ئەمە زۆر گرنگە. دووەمیش دەتوانین ئەو لێدوانانە ئەرشیف بکەین کە وەکوو بەڵگە بمێنێتەوە هەڵی بگرین و سوودی لێ ببینین لە مەکتەبەکانی خۆمان بەتایبەتیش بۆ ئەو خەڵکانەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کارەساتە دەکەن“.

لە بەرامبەر بەم لێدوانە، شەم بەرهەم نووسەری کتێبەکە، جیا لەوەی کتێبەکەی بە فەرمی پێشکەش بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کرد، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکیی لەو نووسینی ئەو کتێبە بە زمانی ئینگلیزی ئەوە بوو، کە هەم جیهان باشتر و وردتر بە کارەساتی ئەو منداڵە کوردە ئێزدییانە ئاشنا بن، هەمیش کتێبەکەی ببێتە بەڵگەنامەیەک و لەو شوێنانەی کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان پێویستی پێیەتی، بەکار بهێنرێت.

خۆشحاڵیی خۆیشی بەو دەستپێشخەرییەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دەربڕی و گوتی: ”ئەمە هاندانێکی باشە بۆ من تا باشتر و بەردەوام بم لەم کارانەمدا“.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

سبەی ئێزدی دێ جەژنا چلێ هاڤینێ گێرن

Lalish Duhok

نڤيسينگه‌ها لالش ئێسيا 30 قوتابيێن سه‌ركه‌فتى خه‌لاتكرن

Lalish Duhok

بنگەهێ لالش29 سالیا دامەزراندنا تەلەڤزیۆنا دهۆك پیرۆز دکت

Lalish Duhok