قوتابیێن په‌نابه‌رێن سوورى و قوتابیێن هه‌رێما کوردستانێ دئێنه تێكه‌ل كرن
باسنيوز:
وه‌زاره‌تى په‌روەرده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى پاڵه‌په‌ستۆى سه‌ر قوتابخانه عه‌ره‌بییه‌كان له وه‌رگرتنى منداڵانى ئاواره‌ى سوورى، بڕیاری تێكه‌ڵكردنى قوتابییانى ئاواره‌ى سوورى و قوتابییانى هه‌رێمی کوردستان ده‌رده‌كات و تێكه‌ڵكردنه‌كه‌ش له پۆلی یه‌كه‌مى بنه‌ڕه‌تییه‌وه ده‌ست پێده‌كات.
له نووسراوێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پلاندانانى په‌روه‌رده‌یی، كه به ژماره 49 له 17/9/2017 ده‌رچووه و ئاراسته‌ى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كراوه، هاتووه: “له ڕێكه‌وتى 29/8/2017 له هۆتێل ڤان ڕۆیاڵ، به هاوئاهه‌نگیى ڕێكخراوى یونسێف، به ئاماده‌بوونى به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانى فێركردنى بنه‌ڕه‌تى و باخچه‌ى ساوایان و فێركردنى ئاماده‌یی و پیشه‌یی و سه‌رپه‌رشتیارى دڵنیایی و جۆریى له دیوانى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى په‌روه‌رده‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و ڕێكخراوه‌كانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به مه‌به‌ستى تێكه‌ڵكردنى قوتابییانى په‌نابه‌رى سوورى له‌گه‌ڵ قوتابییانى هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فراوان ئه‌نجامدرا و دواى گفتوگۆیه‌كى كراوه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ده‌رخستنى لایه‌نه ئه‌رێنى و نه‌رێنییه‌كانى و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌وتى خوێندن له كوردستان و به‌راوردكردنى به‌و وڵاتانه‌ى كه بیرۆكه‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه وه‌ك ئوردن و لوبنان و میسر، به كۆى ده‌نگ ڕێك كه‌وتین له‌سه‌ر بابه‌تى تێكه‌ڵكردنى قوتابییانى په‌نابه‌ر”.
له نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وە دراوه كه: “میلاكات له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌كان ڕێكده‌خرێت و له كاتى نه‌بوونى یاخود لاچوونى هه‌ر مامۆستایه‌كى سوورى، مه‌رج نییه له شوێنه‌كه‌ى مامۆستایه‌كى تر‌ى سوورى دابنرێت، به‌ڵكو ده‌توانرێت مامۆستایه‌كى خۆمان له شوێنى دابنرێت، به‌گوێره‌ى ڕێنماییه‌كانى وه‌زاره‌ت و پسپۆرییه‌كه‌ى، یاخود مامۆستایه‌كى تر بگوازرێته‌وه بۆ شوێنه‌كه‌ى، تێكه‌ڵكردنه‌كه‌ش له پۆلی یه‌كه‌مى بنه‌ڕه‌تییه‌وه ده‌ست پێده‌كات”.
له‌لایه‌كیتره‌وه وه‌زاره‌تى په‌روەرده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به نووسراوى ژماره 13862 له 28/9/2017 كه ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر، سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه، دهۆك، گه‌رمیان و خوێندنى كوردیى كه‌ركووكى كردووه، ڕه‌زامه‌ندیى نیشانداوه له‌سه‌ر تێكه‌ڵكردنه‌كه، به‌پێى ئه‌و ڕێنماییه‌ى له نووسراوه‌كه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پلاندانانى په‌روه‌رده‌ییدا هاتووه.
هاوكات به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، به نووسراوى ژماره 2746 له 3/10/2017 سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایەتیى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكانى له نووسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاگادار كردووه‌ته‌وه و داواى جێبه‌جێكردنى ناوه‌ڕۆك و بڕگه‌كانى یاداشته‌كه‌ى كردووه.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
