بوخچێ دای شه‌مێ پوختێ كاره‌ساتا شنگاله
باسنيوز:
دوو ڕۆژی دیكه، سێیه‌مین، ساڵیادی كاره‌ساتی شنگاله. ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه تا دنیا دنیایه، وه‌ك ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و بالیسان و بادینان، برینێكی قووڵه به جه‌سته‌ی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی شنگال به هه‌موو تاوانه‌كانییه‌وه؛ قه‌تڵوعام، ڕفاندن و كڕین و فرۆشتن به ئافره‌ته ڕووسووره‌كانمانه‌وه، مانه‌وه‌ی زیاتر له سێ هه‌زار ئافره‌ت و منداڵ تا ئه‌مڕۆ له چنگی چه‌په‌ڵی داعشدا تا ده‌گاته ژیانی كوله‌مه‌رگیی سه‌دان هه‌زار كوردی ئێزدی و شنگالییان له‌بن خێوه‌ته‌كانی ئاواره‌ییدا، به‌رده‌وامه، وه‌لێ ئه‌وه‌ی ساڵیادی ئه‌مساڵ له ساڵانی پێشوو جیا ده‌كاته‌وه و كه‌مێك دڵنه‌وایی ده‌داته هه‌موومان، به‌تایبه‌تی كه‌سوكاری قوربانیانی كاره‌ساته‌كه، ڕزگاربوونی نێزیكه‌ی سێ هه‌زار منداڵ و ئافره‌تی ڕفێندراو و گه‌ڕانه‌وه‌یانه بۆ كوردستان، هه‌روه‌ها ڕزگاربوونی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ده‌ڤه‌ری شنگاله له ده‌ستی داعش، تێكشانی ته‌واوی تیرۆریستانی داعش و ده‌وڵه‌ته تاوانباره‌كه‌یه‌تی له ته‌واوی كوردستان.
له ئاستانه‌ی یادی ئه‌م كاره‌ساته‌دا، چووینه خزمه‌ت دای شه‌مێ. دایكی شه‌هیدان، وه‌ك ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ناوی دێنن و بۆخۆشی شانازیی پێوه ده‌كات. دای شه‌مێ، پیرێژنێكی سه‌روو هه‌شتا ساڵانی كوردی ئێزدیی خه‌ڵكی سه‌نته‌ری ناحیه‌ی گرعزێره (ده‌وروبه‌ری 20كم باشووری ڕۆژئاوای شنگال نێزیك سنووری كوردستانی سووریا). دای شه‌مێ، دایك و دایه گه‌وره‌ی سیانزه شه‌هیده.
جانتاكه‌ی دای شه‌مێ.. جانتای شه‌هیدان
دای شه‌مێ كه ئێستێ له‌گه‌ڵ هه‌شت بێوه‌ژن و یانزه نه‌وه‌یدا له‌بن خێوه‌ته‌كانی كه‌مپی (چه‌م مشكۆ)دا ده‌ژی، هیچ شتێكی له‌م دنیایه‌دا هێنده‌ی جانتا شڕۆڵه بەخچەئاساكه‌ی ده‌ستی به‌لاوه گرینگ نییه. جانتاكه‌ی ناو ناوه (جانتای شه‌هیدان). ده‌یان وێنه‌ی گه‌وره‌كراوی سیانزه شه‌هیده‌كه‌ی خێزانه‌كه‌ی تێدایه. جانتاكه‌ی دای شه‌مێ؛ كورتكردنه‌وه‌یه‌كی گوزارشتكه‌ر و ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌یه كه به‌سه‌ر كوردانی ئێزدی‌دا هات. سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و جه‌رگسووتانه‌ی به‌سه‌ر دای شه‌مێ-دا هاتووه، كه‌چی، گورجوگۆڵ، به‌وره، خۆڕاگر و هیوایه‌كی زۆر زۆری به ژیانه. لێم پرسی: دایێ گیان ئه‌م هه‌موو خۆڕاگری و ئازایه‌تییه له كوێ دێنێ؟ به ده‌نگێكی دلێر و وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه: ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن شه‌هیدی كوردستانن، ده‌بێ خه‌م له‌مانه بخۆم كه ماون، ده‌بێت سه‌ربه‌رزانه بژین.
قه‌تڵوعام و ڕفاندن
به‌ده‌م كردنه‌وه‌ی جانتاكه‌ی ده‌ستی و ناساندنی یه‌ك به‌یه‌كی شه‌هیده‌كانی كوڕ و كچ و نه‌وه‌كانی، دای شه‌مێ ده‌ستی به گێڕانه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه كرد.
سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی كاره‌ساته‌كه (3/8/2014)، هه‌ر كه زانیمان داعش كه‌وته نێو ده‌ڤه‌ری شنگال و تا دێ له گرعزێر نێزیك ده‌كه‌وێته‌وه. عیدۆی كوڕه گه‌وره‌كه‌م من و یه‌ك له بووكه‌كانم و چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی سوار كردین و و بڕێكیش ئه‌رزاق و خۆراكیان بار كرد و به‌ره‌و چیا به‌ڕێ كه‌وتین، له دامێنی چیا، له گوندی جیدالا، كه ئیتر ئێمه له خه‌م ڕه‌خسین، دایبه‌زاندین و به‌په‌له گه‌ڕایه‌وه به دوای باقیی خێزانه‌كه له‌نێو گرعزێر. ئه‌وه‌بوو هه‌مووانی سوار كردبوو، نێزیكه‌ی شه‌ش سه‌د سه‌ر مه‌ڕوماڵاتیشمان هه‌بوو ئه‌وانه‌شیان به‌په‌له‌په‌له دابووه پێش خۆیان. تا ئێره به مۆبایل ئاگاداری یه‌ك بووین. ئێمه هه‌ر له‌و گونده ماینه‌وه و ئه‌وانی دیكه هیچیان نه‌گه‌یشتن. نه‌خێر شه‌و به‌سه‌ردا هات و نه‌گه‌یشتن و هیچ ده‌نگوباسیشیان نه‌ما. بۆ ڕۆژی دواتر كه من و بووكه‌كه‌م و منداڵه‌كانی به‌چیادا هه‌ڵگه‌ڕاین، زانیم یه‌ك له نه‌وه‌كانم (یانزه ساڵان بوو) به ته‌نێ گه‌یشتووه‌ته چیا.
هه‌رچۆنێك بوو له‌نێو ئه‌و حه‌شاماته‌ی چیادا، له‌ڕێی خه‌ڵك و ناسیاوانه‌وه دۆزیمه‌وه. كاتێك بینیم تۆقیبوو، ده‌موده‌س لێم پرسی ئه‌ی كوا باوك و خوشك و برا و مام و مامۆژن و ئامۆزاكانت؟ ده‌ستی به گریان كرد و گوتی: پیاوه‌كانیان كوشت و ئه‌وانی دیكه‌شیان برد. گوتم چۆن؟ – ئێمه دوێنێ پێش نیوه‌ڕۆ هاتین به‌ره‌و لای ئێوه، به‌ڵام كه‌مێكمان مابوو بگه‌ینه لای ئێوه له گوندی جیدالا، دوو ترۆمبێلی پڕ داعش هاتن و گرتیانین. یه‌كسه‌ریش پیاوه‌كان و ئێمه‌ی منداڵه كوڕه‌كانیان جیا كردینه‌وه و به‌به‌رچاوی ئه‌وانی دیكه‌وه گولله‌بارانیان كردین. له‌نێو ئه‌واندا بووم، داعشه‌كان وایانزانی منیش به‌ركه‌وتووم و مردووم، چونكه په‌له‌په‌لی ڕفاندنی ئافره‌ته‌كان و مه‌ڕوماڵاته‌كه‌یان بوو هه‌ر زوو به‌جێیان هێشتین، بۆ شه‌وێ هه‌ندێك خێزانی ئێزدی به‌لاماندا تێپه‌ڕین و به‌ره‌و چیا ده‌هاتن، له‌نێو ته‌رمه‌كاندا هه‌ستامه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هاتم بۆ چیا. كه‌واته هه‌ر له‌وێدا چه‌ند كه‌ست شه‌هید بوون؟ له دای شه‌مێ-م پرسی. هه‌ر له‌و جێیه‌دا، پێج كوڕ و دوو نه‌وه‌م شه‌هید بوون.
له‌وێدا، دای شه‌مێ به حه‌سره‌تێكی قووڵه‌وه دوو وێنه‌ی جیا كرده‌وه و به‌ده‌م ماچكردنی وێنه‌كانه‌وه گوتی: ده‌زانی ئه‌مانه كێن؟ ئه‌مه‌یان دكتۆره جیلانه، ئه‌مه‌شیان جیهانی خوشكیەتی. پاش ڕامانێك، وه‌ك له ناخه‌وه بهه‌ژێت، دای شه‌مێ سه‌ری به‌رز كرده‌وه و به تۆنێكی تێكه‌ڵ له خه‌م و شانازییه‌وه گوتی: دكتۆره جیلان كه قوتابیی دوا قۆناغی كۆلێجی پزیشكی بوو، یه‌كه‌م شه‌و كه گرتبوویانن و بردبوویان بۆ نێو ئه‌و وه‌حشییانه‌ی به‌عاج، له‌وێ هه‌ر كه زانیبووی داعشه‌كان كچ و ئافره‌ته گه‌نج و جوانه‌كان جیا ده‌كه‌نه‌وه و بۆ خۆیانی ده‌به‌ن، خۆی كوشتبوو. گوتم: ئه‌ی جیهان؟ گوتی ئه‌ویشیان به هه‌مان شێوازی جیلانی خوشكه گه‌وره‌ى، له ڕه‌ققه خۆی كوشت. لێره‌دا، غالیه، خوشكی بچووكی شه‌هیدان جیلان و جیهان كه له ته‌نیشت دایه گه‌وره‌یه‌وه دانیشتبوو، ده‌ستی به قسان كرد و خۆكوشتنی هه‌ردوو خوشكه‌كه‌ی بۆ گێڕاینه‌وه.
غالیه گوتی: یه‌كه‌مین شه‌و هه‌ردوو خوشكه‌كه‌م و من و باقی خێزانه‌كه‌م كه زیاتر له بیست ئافره‌ت و منداڵ بووین، بردیانین بۆ به‌عاج. له‌وێ هه‌ر زوو وه‌ك وه‌حشی، عه‌ره‌به‌كانی به‌عاج كه‌وتنه ناومانه‌وه و ده‌ستیان به هه‌ڵبژاردنی ئافره‌ته جوان و گه‌نجه‌كان كرد. شه‌هید دكتۆره جیلان، یه‌كسه‌ر به من و جیهانی گوت، ئێوه ئاگاتان له خۆتان بێت، من ته‌حه‌موولی ئه‌م سووكایه‌تییه ناكه‌م. چه‌ندی لێ پاڕاینه‌وه نه‌خێر هه‌ستا و گوتی تا توالیێته‌كان ده‌چم. چوو نه‌گه‌ڕایه‌وه، هۆڵی سجنه‌كه زۆر گه‌وره بوو، پڕ بوو له ئافره‌ت و منداڵی شنگال. ناچار من و جیهانی خوشكم هاوارمان كرد جیلانی خوشكمان دیار نییه. داعشه‌كان ده‌ستیان به گه‌ڕان كرد، كاتێكمان زانی، له‌نێو به‌تانییه‌كدا، شه‌هید جیلانیان له توالێته‌كان هێنایه ده‌ره‌وه و گیانی له ده‌ست داوه. بۆمان ده‌ركه‌وت، له‌وێ چه‌قۆی له خوێنبه‌ری مه‌چه‌كی خۆی دابوو. ئه‌ی شه‌هید حیهان؟ له غالیه‌م پرسی. جیهانی خوشكیشم، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له به‌عاج ماینه‌وه، بردیانین بۆ ته‌له‌عفه‌ر و له‌وێوه گێڕایانینه‌وه بۆ به‌عاج و له‌وێوه بۆ ڕه‌ققه‌ی سووریا. شه‌وێك ته‌ماشام كرد، جیهان زۆر خه‌مبار بوو، لێم پرسی چیته؟ گوتی هیچ به‌ڵام منیش ته‌حه‌موولی ئه‌م دڕندانه ناكه‌م. چه‌ندی لێ پاڕامه‌وه ئه‌و كه‌مێك هێور بووه‌وه. به هه‌مان شێوازی شه‌هید جیلان، چووه گه‌رماوی سجنه‌كه‌ی ڕه‌ققه و خۆی كوشت. غالیه ده‌ستی به گریان كرد، دای شه‌مێ هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا گوتی: من دایكی شه‌هید جیلان و شه‌هید جیهانم، تا دنیا دنیایه له دووی داعش نابینه‌وه.
له دای شه‌مێم پرسی: ئه‌ی باقی خێزانه‌كه‌ت چی‌یان لێ هات؟ وه‌ڵامی دایه‌وه: تا ئێستێ سیانزه ئافره‌ت و منداڵمان ڕزگاریان بووه، نۆی دیكه‌مان ماوه، هه‌واڵ پێنجیان ده‌زانین، به‌ڵام چواریان بێ سه‌روشوێنن و به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ڕفێندراوان و ڕزگاربووانی خۆمان و ناسیاوان بێت، نه‌ماون و شه‌هید بوون.
ئه‌ی ئێستێ چۆن ده‌ژین؟ ئه‌وه خۆتان بار و زرووفی سه‌ختی ئێمه ده‌بینن. خۆم و هه‌شت ئافره‌تی بێوه‌ژن و كۆشێك منداڵ له‌بن ئه‌م خێوه‌تانه‌دا ده‌ژین، ژیانمان هێنده سه‌خته هی باسكردن نییه، به‌ڵام سه‌رم به‌رزه كه دایكی سیانزه شه‌هیدی كوردستان‌م.
دای شه‌مێ ئه‌گه‌ر لێت بپرسم هیوا و ئاواتت چییه؟ – یه‌كه‌مین هیوام ڕزگاربوونی ڕفێندراوه‌كانمانه، ڕزگاربوونمانه له‌م ژیانه كوله‌مه‌رگییه. ئاواتی به‌رزیشم ته‌فره‌تونابوونی داعشه دڕه‌نده تاوانباره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسووده‌ییه بۆ هه‌موو ئێزدییان تا به ئارامی له نێو كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆدا بژین.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
