شبكة لالش الاعلامية

هیچ توهمەتباره‌كى داعش لسەر كەیسا کوردێن ئێزدی نه‌هاتيه‌ دادگه‌هكرن  

هیچ توهمەتباره‌كى داعش لسەر كەیسا کوردێن ئێزدی نه‌هاتيه‌ دادگه‌هكرن  
رووداو – هەولێر

حەیات، چوار ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هەزاران ئافرەت و منداڵی دیكەی ناوچەی شنگال لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرا، ئەوكات تەمەنی 19 ساڵ بوو، بەڵام چەكدارەكان وایان مەزەندە كردبوو كە زۆر لەوە منداڵترە، خۆیشی بۆ ئەوەی نەیخەنە بازاڕەكانی فرۆشتنی كۆیلەوە، خۆی كەڕوڵاڵ كرد.

ئەم پلانەی حەیات چەند مانگێك كاری خۆی كرد و داعش ئەویان لە خێزانەكەی جیانەكردەوە و رەوانەی بازاڕەكانی فرۆشتن و كڕینی كۆیلە نەكرا. بەڵام هاوزمان و هاوئاینێكی خۆی پلانەكەی ئاشكرا كرد، كابووسی ژیانی حەیات لەو رۆژەوە دەستی پێكرد.

حەیات كە ئێستا تەمەنی 23 ساڵە، لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر) دەڵێت: “ئافرەتێكی ئێزدی كە لە خۆمان بوو، بە داعشی گوتبوو كە من درۆم كردووە و دەتوانم ببیستم و قسە بكەم. دوای ئەوە داعش من و ژمارەیەك ئافرەتی دیكەی بۆ بنكەیەك لە مووسڵ گواستەوە. سەركردەیەكی داعش بەناوی ئەبو عەلی جلی پێدام و داوای لێكردم خۆم بشۆم. دوای ئەوە چەكدارێكی داعش ناوی منی لە تیروپشكێكدا بۆ دەرچوو”.

حەیات كە ئێستا لە كەمپێكی ئاوارە ئێزدییەكاندا لە نزیك دهۆك دەژی، داوای كردووە ناوی راستەقینەی ئاشكرا نەكرێ، ئەویش وەكو زۆربەی خەڵكی ناوچەی شنگال هێشتا هەندێك لە ئەندامانی خێزانەكەی شوێنبزرن و گومان دەكرێ لەژێر دەستی داعشدا مابن.

حەیات دەفتەرێكی بچووكی لایە كە وردەكاریی ژیانی لەژێر دەسەڵاتی داعش تێدایە و كاتێك پرسیاری لێدەكرێ، زوو زوو سەیری دەفتەرەكە دەكات. بەگوێرەی دەفتەرەكە، حەیات 13 جار كڕین و فرۆشتنی پێكراوە، وردەكاری هەموو ئەو پیاوانەشی لە دەفتەرەكەیدا نووسیوە كە هەتا تەمووزی 2017 دەستدرێژییان كردووەتە سەری و ئەشكەنجەیان داوە. بەدەم هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی دەفتەرەكەیەوە دەڵێت: “ئەو پیاوانە لە مێشكم دەرناچن، ئەوان زۆر خراپ بوون لەگەڵم”.

ئافرەتە ئێزدییەكە زانیارییەكانی نێو دەفتەرەكە و هەموو ئەو شتانەی كە بیری ماوە خستووەتە بەردەستی رۆژنامەنووسەكان، پەیوەندی بە رێكخراوە ناحكومییەكانەوە كردووە و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام هەست دەكات ئەو زانیارییانەی بەوانی داوە هیچ شتێكی لێ سەوز نەبووە.

بەهار عەلی، بەڕێوەبەری رێكخراوی (ئێمە)، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئاوارە ئێزدییەكان دوای چەندین ساڵ ژیان لەژێر دەسەڵاتی داعش و رووبەڕووبوونەوەی چەندین جۆر ئەشكەنجە و دەستدرێژی، ئێستا لەژێر چادرەكانی كەمپەكاندا ژیانێكی سەخت بەڕێ دەكەن. بەهار پێیوایە “بەشێك لە پرۆسەی چاكبوونەوەی ئەو قوربانیانە ئەوەیە تاوانباران سزای كارەكانی خۆیان وەربگرن، نەبوونی هیچ سزایەك بەمانای نەبوونی دادپەروەرییە”.

دوور لە كەمپەكەی حەیات و لە یەكێك لە دادگاكانی دهۆك، دادوەرێك خەریكی خوێندنەوەی لیستی ئەو تۆمەتانەیە كە دراونەتە پاڵ چەكدارێكی داعش بەناوی ئەحمەد. ئەحمەدی تەمەن 26 ساڵ و خەڵكی ناوچەی شنگال، تۆمەتبارە بەوەی ئەندامی داعشە، چەكی پێشمەرگەی دزیوە و لە كۆمەڵكوژیی گوندی حەردان لە باكووری شنگال بەشدار بووە.

لە بەشێكی دادگاییەكەدا پرسیار لە ئەحمەد دەكرێ :”بەگوێرەی شایەتحاڵەكان، تۆ ئەندامی داعش بوویت و لەحەردان خەڵكت كوشتووە، ئایا تۆ ئەندامی داعش بوویت و خەڵكی ئەو شوێنەت كوشتووە؟”. ئەحمەد سەری رادەوەشێنێت و دەڵێ :”نەخێر، هەموو تۆمەتەكان درۆن”. كاتێكیش دادوەری دادگاكە داوای شایەت دەكات، هیچ شایەتحاڵێك لە دادگاكە ئامادە نییە. هەر بۆیە پاش 20 خولەك دادگاییەكە تەواو دەبێ و گومانلێكراوەكە ئازاد دەكرێ، بێ ئەوەی هیچ كوردێكی ئێزدی شایەتی دابێ و هیچ ئاماژەیەك بە ناوی ئێزدییەكان و كۆمەڵكوژییەكەیان كرابێ.

غازی خەلیل، دادوەرێكی دیكە لە پارێزگای دهۆك، چەندین كەیسی هاوشێوەی كەیسەكەی ئەحمەدی هاتووەتە بەردەست و پێیوایە لە كەیسەكەی ئەحمەددا بەڵگەی پێویست لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی فەرمانی بەندكردن بۆ ئەحمەد دەربكەن.

غازی لەمبارەیەوە بە (ئەلمۆنیتەر)ی گوت: “ئێمە لەسەر ئەندامبوون لە داعش یان هاوكاریكردنی ئەو گروپە لێپرسینەوە لە تۆمەتبارەكان دەكەین، نەك لەسەر كەیسی جینۆساید، تاوەكو ئێستاشی لەگەڵ بێت ئێمە بەڵگەی تەواومان لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی كەیسی جینۆسایدیان بۆ بكەینەوە، بۆ نموونە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال تاوەكو ئێستاش لێكۆڵینەوەیان لەسەر نەكراوە، ئەگەر بشكرێ ماوەیەكی زۆر دەخایەنێ، رەنگە ساڵانێكی زۆری بوێ”.

پەری ئیبراهیم، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئازادی ئێزدی، دڵگرانە لەوەی دوای تێپەڕینی چوار ساڵ لە پەلاماری داعش، هەتا ئێستا یەك كەسیش لەسەر تاوانی دژی ئێزدییەكان دادگایی نەكراوە. پەری كە خۆی كوردی ئێزدییە، دەڵێت گرنگە ئێزدییەكان لە دادگاكاندا ئامادە بن. لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕەكەی گوت “لە دادگاكانی عێراقدا زۆر كەس بە تاوانی ئەندامێتی یان هاوكاریكردنی داعش بڕیاریان لەسەر دراوە، بەڵام لەسەر تاوانەكانیان لەدژی ئێزدییەكان دادگایی نەكراون”.

خەڵكی عێراق چەندینجار تووشی كۆمەڵكوژی هاتوون، بەڵام وەكو پەری ئیبراهیم ئاماژەی بۆ دەكات، هێشتا هیچ یاسایەك بۆ سزادانی جینۆساید لە عێراق نییە و یاسای تیرۆری عێراقیش كەم تا زۆر باسی دەستدرێژی و كۆیلایەتی سێكس ناكات. عێراق یاسای دەستدرێژی سێكسی هەیە، بەڵام ئەم یاسایە لەسەر گومانلێكراوانی كەیسی تیرۆر جێبەجێ ناكرێ، بەڵكو تەنیا هاووڵاتیانی مەدەنی دەگرێتەوە”. پەری ئیبراهیم و رێكخراوەكەی لە هەوڵی جدیدان بۆ ئەوەی ئەو چەكدارانەی بە پاسپۆرتی ئەوروپی هاتوونەتە سووریا و عێراق یان ئەوانەی گەڕانەوتەوە ئەوروپا لەسەر كەیسی جینۆسایدی ئێزدییەكان دادگایی بكرێن.

حەیات لە تەمووزی 2017 لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش رایكرد، بەڵام كابووسی سێ ساڵ ژیان لەسایەی داعشدا بەرۆكی بەرنەداوە و تاوەكو ئێستاش خەو بە دەستدرێژیكەرەكانەوە دەبینێ و ژانەسەری سەخت لێی دەدات. حەیات دەست بە سەری خۆیدا دەهێنێ و دەڵێت “هەموو شتێكم تاقیكردەوە، بەڵام باشتر نابێ. وابزانم ئیدی دەبێ لەگەڵیدا بژیم و تەواو”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

ناڤه‌رۆكا داخوازیێن کوردێن ئێزدی د دەولەتا داھاتى يا کوردستانێ دا

Lalish Duhok

په‌رله‌مانی خواندنا دوێ بۆ پێشنیازا رۆژا جینۆسایدا ئێزدییان كر

Lalish Duhok

بنگەهێ‌ لالش تایێ‌ شنگال قارەمانیەكا تۆپكانێ‌ ل كەمپا بێرسڤێ‌ ب داوی ئینا

Lalish Duhok