فریادرەسا ئەردۆغان بەرنامەیەکێ ئەپلە
خەندان – سەربەست نەجمەدین
بەرنامەیەکی کۆمپانیای ئەپڵ بە رزگارکەری رەجەب تەیب ئەردۆغان دادەنرێت، لەو کودەتایەی شەوی هەینی کرایە سەر دەسەڵاتەکەی، کاتێک لەرێگەی بەرنامەیەکەوە پەیامی خۆی گەیاندە هەوادارانی.
درەنگانی شەوی ١٥ی تەموز، رووداوێکی مێژوویی لە تورکیا روویدا و بەشێک لەسوپا کودەتایەکیان لە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامدا، بەرەبەیانی رۆژی شەممە ١٦ی تەموز، شکستهێنانی هەوڵەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە راگەیەنرا.
پاش ئەوەی بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتە دەستی بەسەر کەناڵی فەرمی تورکیادا گرت و لەوێوە پەیامی سەرکەوتنی کودەتاچییەکان بڵاوکرایەوە، هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەکارخران.
لەوکاتەی کودەتاچییەکان چەند شوێنێکی هەستیاریان لە ئەنکەرە و ئیستانبوڵ گرت، ئەردۆغان لە مارماریسەوە پەیامێکی گرنگی ئاڕاستەی هەواداران و شوێنکەوتووانی کرد.
ئەردۆغان، لەهۆتێلی گراند یازیجی ماریس، لەناوچەی مارماریسی سەر بەپارێزگای موغلا، کە دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، بە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی کۆمپانیای ئەپڵ بە کەناڵی سی ئێن ئێن تورکی راگەیاند “تاقمێکی ناو رێکخراوێکی ناسراو هەوڵی کودەتایداوەو ئێمەش لەبەرامبەر ئەواندا وەڵاممان دەبێت.”
وتیشی “داوا لەهەموو ئەندامانی پارتەکەمو هەموو خەڵک دەکەم بڕژێنە سەر شەقامەکان، ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین، ئەوانەی هەوڵی کودەتایانداوە وەڵامی پێویستمان دەبێت بۆیان”.
ئەو پەیامەی ئەردۆغان کە لە رێگەی بەرنامەی فەیستایمەوە رایگەیاندو تەنیا بۆ ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد دەبێت، بە کاریگەرترین بەرنامە لە مێژوودا دادەنرێت، چونکە پاش لەکارخستنی چەند بەرنامە و تۆڕێکی ناسراو، فەیستایم کاری خۆی کرد و ریپۆرتەرەکەی سی ئێن ئێن تورک گواستییەوە بۆ کەناڵەکەیان و خەڵکیان لەو بارودۆخە تێگەیاند، کە دواجار بە رزگارکەری سەرۆکی تورکیا و شوێنکەوتووانی بەکۆتا هات.
بەرنامەی فەیستایم، بەرنامەیەکی بواری چاتکردن و پەیوەندی دەنگ و ڤیدیۆییە، لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە دروستکراوەو پەرەی پێدەدرێت، تەنیا بۆ سیستمی ئای ئۆ ئێس دەبێت واتە بۆ ئایفۆن و ئایپاد.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی