دسالهكێ دا 64 وهلاتيێن کورد بووينه قوربانیيێن پهقينا مینا
باسنيوز:
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) بە بۆنەی ڕؤژی ٤ی ئاڤریل، ڕۆژی جیهانیی وشیارکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی مین، ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر قوربانیانی مین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردووەتەوە کە بە نیسبەت ساڵی پێشتر ٢٤٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری “هەنگاو) لە ماوەی ( 4ی ئاڤریلی ٢٠١٧ هەتا ٤ی ئاڤریلی ٢٠١٨)، سەرجەم ٦٤ هاووڵاتی لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستەی شەڕ بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە کۆی ئەو ٦٤ کەسە ١٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٥٢ کەسی دیکەش بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە. ساڵی ڕابردووش ١٢ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دابوو و ٤٠ هاووڵاتیش بریندار ببوون کە ئەمساڵ ڕێژەی بریندارەکان بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو ٣٠٪ زیادی کردووە.
هەروها ٨ کەس لەو کەسانەی بوون بە قوربانی لەو شوێنانەی بووە کە حکوومەتی ئێران پێشتر جێژنی خاوێنکردنی ئەو کێڵگانەی لە مین ڕاگەیاندووە و ناوی تەواوی ٥٧ کەس لەو قوربانیانە لە (هەنگاو) تۆمار کراوە.
قوربانییەکان بەپێی پارێزگاکان:
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە هەمان ناوەند لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٨ هاووڵاتی لە پارێزگای ئیلام، ١٨ هاووڵاتی لە پارێزگای سنە، ١٥ هاووڵاتی لە پارێزگای ئورمیە، ١٢ هاووڵاتی لە پارێزگای کرماشان و ٣ هاووڵاتیش لە پارێزگای لوڕستان بەهۆی تەقینەوەی مین و کەرەستەی سەربازییەوە بوونەتە قوربانی.
زیاترین کوژرا لە پارێزگای ئیلام بووە کە ٦ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە، هەروەها لە پارێزگای کرماشان ٣ حاڵەت، سنە ٢ حاڵەت و ورمێش یەک حاڵەتی کوژران تۆمار کراوە.
٢٠ هاووڵاتیی مەدەنی لەنێو قوربانییەکان دان
لە کۆی ئەو ٦٤ کەسەی کە بوون بە قوربانی، ٢٥ کەسیان کۆڵبەر، کرێکار و شۆڤێر بوون، ٢٠ کەس هاووڵاتیی مەدەنی، هەروەها ١٩ کەسیشیان مینهەڵگر و چەکداری ئێران بوون.
ڕەگەزی قوربانییەکان
لە ماوەی ئاڤریلی ٢٠١٧ هەتا ئاڤریلی ٢٠١٨ سەرجەم ٥٧ پیاو و ٧ ژن بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی.
هەروەها ٣ منداڵ و ٧گەنجیش لەنێو قوربانییەکاندا دەبیندرێن.
ئاماری مین لە کوردستان
دوای سێ دەیە لە کۆتاییهاتنی شەڕی عێران و عێراق، مین هێشتا لە کوردستان قوربانیی لێ دەکەوێتەوە و بهپێی ئاماری ناوهندی نههێشتنی مین لە ئێران، چوار ملیۆن و دووسهد ههزار هێکتار له پانتایی پێنج پارێزگای سنووری پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خووزستان بە درێژایی ساڵهکانی شهڕی ئێران و ئێراق، مینرێژ کرابوون که زۆرترین کێڵگهکانی مین له ناوچه کوردنشینهکان واته رۆژههڵاتی کوردستانه.
بهپێی ئهو زانیارییانهی که له دهقی رێککهوتننامهی نێوان ئێران و عێراق که له سالی ١٣٨٤ی هەتاویدا (2006) نووسراوه زیاتر له ٢٠ ملیۆن مین لهسهر سنووری ئێران ههیه، پتر له ٧٠%ی ناوچه مینڕێژكراوهكان ـ بهپێی ئاماره فهرمییهكانی خودی حکوومەت ـ لە چوار پارێزگای کوردستان هەڵکەوتووە.
وڵاتی ئێران هەتا ئێستاش نەک هەر ئامادە نەبووە کە کۆنوانسیۆنی (ئۆتاڤا) لە پەیوەندی لەگەڵ قەدەغەکردنی بەکارهێنان، بەرهەمهێنان و راگرتنی مینی دژە نەفەر واژۆ بکات، بەڵکوو لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێندێک ناوچەی نوێ بە بیانووی پێشگرتن لە هاتوچۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، مینڕێژ کردووە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
