شبكة لالش الاعلامية

لسەر كەفتنا مووسل ئەفسەره‌كى بلندێ سوپايێ عێراقێ دێ ئێته‌ سێدارەدان 

لسەر كەفتنا مووسل ئەفسەره‌كى بلندێ سوپايێ عێراقێ دێ ئێته‌ سێدارەدان 

وشه‌:

دادگای سەربازی بڕیاری گوللەباران بەسەر ئەفسەرێكی پلە باڵا دەدات، بەمەش دەرگا بەسەر تێوەگلانی بەرپرسانی هۆكاری كەوتنی مووسڵ دەكرێتەوە كە نووری مالیكیش بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەرگری پەرلەمانی یەكێكە لەوان. سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێ دوای هەڵبژاردن لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی كەوتنی مووسڵ ئەنجام دەدرێت.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەیە نهێنییە كە بڵاو كراوەتەوە و لەسەری نووسراوە “فەرمانی نهێنی و كەسی” لە سەركردەی پۆلیسی فیدڕاڵی لە 18ی نیسانی 2018، بڕیاری گوللەبارانكردن بەسەر فەریق مەهدی غەراوی سەركردەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی مووسڵ دەسەپێنێت كە ناوبراو لەكاتی كەوتنی مووسڵ و داگیركردنی لەلایەن داعش بەرپرسی دۆسیەی سەربازی مووسڵ بووە و شكستی هێناوە لە پاراستنی شارەكە. بڕیارەكە ساڵی 2014 دەرچووە و پاشان ساڵی 2017 گشتاندنی بۆ كراوە و جارێكی تر لەم مانگەدا بڕیارەكە دەرچووەتەوە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكە کە “عەرەبی جەدید” بڵاوی کردۆتەوە، ماف دراوەتە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی كە لەهەر كوێیەك غەراویان بینی بیگرن، یان هەواڵ بدەن بە دەزگا پێوەندارەكان. هەر لە بڕیارەكە دەست بەسەرداگرتنی موڵكی گواستراو و نەگواستراوی غەراوی گیراوە و مافی ئەوەش بە زیان لێكەوتووان دەدات لە كەوتنی مووسڵ زیانیان بەركەوتووە كە سكاڵا لە دادگای مەدەنی دژی غەراوی تۆمار بكەن و داوای قەرەبوو بكەنەوە.

بڕیاری دادگای سەربازی سەر بەوەزارەتی بەرگری عێراق لە كاتێكدایە لە 15ی ئابی 2014 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی كەوتنی مووسڵی دا. لیژنەكە بە سەرۆكایەتیی حاكم زاملی دواتر راپۆرتی خۆی راگەیاند و تێیدا ناوی چەندان بەرپرسی پلە باڵا هات كە بەرپرسن لە كەوتنی مووسڵ، لە سەرووی هەموویانەوە نووری مالیكی كە ئەوكات سەرۆك وەزیران بوو، هەروەها بەرپرسانی كەرتی گشتی و سەركردە سەربازییەكان لەناویاندا غەراوی، سەعدوون دلێمی وەزیری بەرگری بە وەكالەت و ئەسیڵ نوجێفی پارێزگاری لەكار لادراوی مووسڵ و بابەكر زێباری سەرۆك ئەركانی خانەنشینكراو، عەبوود قەنبەر سەركردەی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و جێگری سەرۆك ئەركانی سوپای پێشتر، فەریق عەلی غێدان سەركردەی هێزی پیادەی پێشتر وەك تۆمەتباران و كەمتەرخەمان و تێوەگلان لە رووداوەكانی كەوتنی مووسڵ و راپۆرتی لیژنەكەش رەوانەی دادگا كرا.

دادگای سەربازی فرمانی گوللەبارانكردنی غەراوی لەكاتێكدا راگەیاندووە كە ناوبراو ئامادەی دانیشتنەكانی دادگایییەكە نەبووە، تۆمەتی هەڵاتنی لە بەرەكانی جەنگدا بەسەردا جێبەجێ كراوە كە خۆی و سێ فرقەی سەربازی “سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵ و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” رایان كردووە و شەڕیان لەگەڵ چەند سەد چەكدارێكی داعش نەكردووە.

جێی باسە دۆسیەی كەوتنی مووسڵ كە ئێستە لە دادگایە، ماوەی چوار ساڵە هاتووەتە هەڵپەساردن بەهۆی ئەو گوشارانەی خراوەتە سەر دادگاكانی تاوان و سەربازی لەلایەن حزبە بڕیار بەدەستەكان، بەتایبەت ئەو حزبانەی كە كەسایەتی و سەركردەكانیان ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی لیژنەی پەرلەمانی عێراق هاتبوو كە بەهۆیەوە پێنج پارێزگای عێراقی كەوتە دەست داعش، كە دانیشتووانەكەی زیاتر لە شەش ملیۆن كەس دەبێت و زیاتر لە سێ ملیۆنیان ئاوارە بوون و بە هەزارانی تریشیان لێ كوژراوە و بریندار بووە، ئەوە جگە لە بێ سەروشوێن بوونی هەزارانی تر.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری ئاشكرای دەكات، فەرمانی گوللەبارانكردنی غەراوی نوێ نییە، بەڵكو ئەوەی نوێیە هێشتا بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە، روونتر ئەگەری زۆرە هەر جێبەجێ نەكرێت بەهۆی پێوەستبوونی بە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ نووری مالیكی كە ئەوكات سەرۆك وەزیران و سەركردەی گشتی هێزەكانی چەكدار بووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، “ئاشكرابوونی بەڵگەنامەكە هیچ نییە جگە لە هەبوونی رق و كینە لە نێوان شاكر جەودەت سەركردەی پۆلیسی فیدراڵ و مەهدی غەراوی كە ماوە ماوە ئەو پرسە لە شەقامی سیاسی و سەربازی دەورووژێنێت، هەڵمەتێكی راگەیاندنی بۆ دەكات بە مەبەستی بیرخستنەوەی لای خەڵك، بۆیە ئەگەر ناكۆكی لە نێوان غەراوی و جەودەت نەبووایە، ئەوا لەم كاتەدا بەتایبەت كە پێش بانگەشەی هەڵبژاردنە جارێكی تر دەرنەدەكەوتەوە”.

لەسەر ئەو پرسە ئەسكەندەر وەتووت ئەندامی لیژنەی كەوتنی مووسڵ دەڵێ، غەراوی سەركردەی سەربازی بووە و ئەركی پاراستنی مووسڵ بووە، دادگاش بڕیاری لەسەر داوە بە گوللەبارانكردنی، بەڵام كاتێك ئەو لە دەرەوەیە، ئەوا بڕیارەكەی دادگا جێبەجێ ناكرێت.

وەتووت ئاماژی بۆ ئەوەش كرد كە تەنیا غەراوی نییە، بەڵكو زۆری تری بەرپرسان تێوەگلاون لە كەوتنی مووسڵ و لە دەرەوەی بەغدان، بۆیە گرنگە حكوومەتی عێراق گوشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانەی ئەو تۆمەتبارانەیان لە خۆیان گرتووە تا رادەستی بەغدا بكرێنەوە و بڕیاری دادگای سەربازییان بەسەردا جێبەجێ بكرێت.

لیژنەی كەوتنی مووسڵ لە كۆتاكانی ساڵی 2015 كارەكانی بە كۆتا هات، دوای ئەوەی گوێبیستی ددان پێدانانی نزیكەی 100 كەسایەتی سیاسی و سەركردەی سەربازی بوو، تا ئێستەش خەڵك چاوەڕوانی ئەوە لە دادگا دەكات بڕیارەكانی لیژنەكە جێبەجێ بكات كە بەهۆیەوە هەزاران هاووڵاتیی سڤیل گیانیان لە دەست دا و زیانێكی مادی زۆر گەورەش بەر عێراق كەوت.

پێوەند بەو پرسە حاكم زاملی سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ دەڵێ، لیژنەكە هەوڵی زۆری داوە بێ لایەنانە راپۆرتەكەی لەبارەی كەوتنی مووسڵ ئامادە كردووە، كۆپی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و سەركردەی گشتی هێزی چەكدار و دەستەی دەستپاكیش رەوانە كراوە، چونكە لەناو راپۆرتەكەدا چەندان دۆسیە هەن كە پێوەندارن بە گەندەڵی و رەوانەی داواكاری گشتی و دادگای باڵا و دادگای سەربازیش كراوە، بەڵام تا ئێستە هیچ جووڵەیەك نییە بۆ سزادانی ئەو كەسانەی لە كەوتنی مووسڵ تێوەگلاون.

ئەو لێدوانەی زاملی كە دەگەڕێتەوە بۆ 23ی كانوونی یەكەمی 2017 و سایتی “بەغداد نیوز” بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ چاوەڕێمان دەكرد ئەو دۆسیە مەترسیدارە خێرا كاری لەسەر بكرێت كە بەهۆیەوە عێراق زیاتر لە 23 هەزار شەهیدی داوە و سێ هێندەش زیاتر برینداری داوە و چەندان تۆن چەكی و یەدەگی چەكیشی لە دەست دا كە بەهاكەی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بوو. گوتی “بەداخەوە هێشتا راپۆرتەكە هەر نەكراوەتەوە، لایەنەكان خەریكی موجامەلەی یەكترن و ترسیان لە حزبە دەسەڵات بەدەستەكان هەیە، جگە لەمە گوشاری ناوخۆی و دەرەوەش كاریگەری هەبووە لەوەی دۆسیەكە نەكرێتەوە كە ئێستە لای دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێكردندایە”.

زیاتر گوتی “ئەوانەی تێوەگلاون لە كەوتنی مووسڵ، ئەوانە خۆیان ئێستە دەسەڵاتیان بە دەستە و خۆیان بەرپرسن لە كەوتنی مووسڵ، ئەمەش بووەتە بەربەست لە لێكۆڵینەوەكە، بەڵام پێ دەچێ دوای هەڵبژاردن لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی تۆمەتبار بكرێت”.

جێی باسە داعش لە 10ی حوزەیران هاتە ناو مووسڵ كە ئەوكاتەی مالیكی سەرۆك وەزیران بوو، بەڵام لە سەردەمی حكوومەتی عەبادی لە 10ی تەمووزی 1017 ئازاد كرایەوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

___

چوار گۆرێن شێنواری ل دھۆکێ ھاتنە دیتن

Lalish Duhok

دراڤێ هێزێن پێشمه‌رگه‌ى ژ ئه‌مریكا گه‌هشته‌ به‌غدا

Lalish Duhok

سەرۆکێ ھەرێما کوردستانێ یاسايا تاپۆکرنا خانيێن زێدەگاڤى پەسه‌ند کر

Lalish Duhok