رێژا بێكاريێ ل ھەرێما كوردستانێ كێمبوويه
ھەولێر-KDP.info-
سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ھەلی كار لە ھەرێمی كوردستان زیادی كردووە و رێژەی بێكاریش كەمی كردووە. دەشڵێ، ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی كوردستان بەراورد بە ڕابردوو گەشەی كردووە و ئێستا ژمارەكە گەیشتووەتە شەش ملیۆن و ١٧١ھەزار كەس.
.سیروان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “بڕیارە بە ھاوكاریی رێكخراوی كاری جیھانی لە ھەرێمی كوردستان رووپێوێك ئەنجام بدەین، بۆ ئەوەی بزانین رێژەی كار و بێكاری لە ھەرێمی كوردستان چەندە و لە ئێستاشدا ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئەو رووپێوە دەكرێت، ھەر چەندە ھەلی كار لە ھەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی كردووە بە ھۆی باشبوونی دۆخی ھەرێمی كوردستان، ھەم لەڕووی كۆرۆنا و ھەمیش لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆیە ئەمساڵ دەرفەتی كار لە ھەموو ناوچەكان باشترە و زیادی كردووە”.
محەمەد گوتیشی: “لە ھەرێمی كوردستان ژمارەی دانیشتووان زیادی كردووە، كە ئێستا بە خەمڵێندراوی گەیشتۆتە شەش ملیۆن و١٧١ھەزار كەس، ئەمەش تا رادەیەكی باش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، زیادی كردووە”.
سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد: “ئەو ژمارەیەی باسی دەكەین، تەنھا ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانن جگە لە ئاوارە و پەنابەرانی ھەرێمی كوردستان”.
بەپێی ئامارەكان، ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانیش لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن كەسە، كە نزیكەی ٧٠٠ھەزار ئاوارەی ناوخۆیین و هەروەها ٢٥٠ ھەزار كەسیش پەنابەری رۆژئاوای كوردستانن.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
