حکومەتا هەرێما کوردستانێ داخوازا بجهئينانا یاسايا بودجەيا فیدرالى ژ عێراقێ دکت
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی مانگی ئادار یاسای بودجەی ساڵی 2021 پەسندکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نووسراوێکیان ئاراستەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کردووە بەمەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ وردبینیکردنی داهاتەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 03-05-2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021 کرد کە لە 7ـی مانگی رابردوو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران هەنگاوی کردەیی بگرنە بەر و رایگەیاند، “داوا لە دیوانی چاودێریی عێراقی فیدراڵ دەکات هەمان ئەو رێکارانە بگرنە بەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی 2021.”
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021، دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتیی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت، کە پێشبینی دەکرێت تێکڕا بگاتە زیاتر لە 10 تریلیۆن دینار.
قەبارەی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ـی عێراق زیاتر لە 129 تریلیۆن دینارە، پێشبینیش دەکرێت 28 تریلیۆن دینار کورتبهێنێت.
رۆژی چوارشەممە 31ی ئاداری 2021 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و بەگشتی دەنگی لەسەر ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دا، یەکێک لەو ماددانەش کە لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەسەربوو، ماددەی 11 بوو لە پرۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتە بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا بە کۆی دەنگ پەسندکرا، هەندێک لە ماددەکانیش هەموارکرانەوە.
ناوەڕۆکی مادەی 11 بەمشێوەیە:
یەكەم: شایستەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004 تاوەكو 2020 یەكلایی دەكرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی تێدا دەكات بۆ دەرخستنی هەژمارەكانی كۆتایی داهاتە داراییە بەدەستهاتووەكان و خەرجییەكانی هەرێم كە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی پەسند دەكرێت، دوای جیاكردنەوەی خەرجییە سیادییەكان، ئەوەی لە چوارچێوەی خەرجییەكانی حاكیمە بۆ هەرێم خەرجكراوە.
دووەم : ئەلف
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتییەكان بە بڕی 460 هەزار بەرمیل رۆژانە، لەو بڕەش بڕی پێویست بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بڕی بەكاربردنی ناوخۆ لە هەرێم و پترۆدۆلار جیا دەكرێنەوە، بە جۆرێك كە داهاتی ئەو بڕەی رادەستی حكومەتی فیدراڵی دەكات لە 250 هەزار بەرمیل نەوت كەمتر نەبێت بە نرخی سۆمۆ.
ب :
بڕگەی ئەلف بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ج :
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە گەنجینەی دەوڵەت، بەگوێرەی یاسای كارگێڕیی دارایی فیدراڵی، كە دیوانی چاودیریی درایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینی لە داتاكانی ئەو داهاتانە دەكرێت.
د :
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە دانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانی عێراق، كە لەلای بانكە حكومی و تایبەتەكانی هەرێمە، وەزارەتی دارایی بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو مانگانە بڕێك لە پشكی هەرێم دەبڕێت، ئەوەش لە ساڵی 2021 ەوە بۆ ماوەی 7 ساڵ بەردەوام دەبێت.
ه :
حكومەتی فیدراڵ پابەند دەبێت بە دانەوەی شایستەكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (أ ، ب ، ج ، د) لە مادەی 11 جێبەجێ دەكات.
سێیەم: دوای وردبینیكردن لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێت بە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی تاوەكو 30/6/2021.
چوارەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و قەرەبووكردنەوەیان لەو پشكەی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی بۆی دیاریكراوە، پێش خەرجكردنی هەر خەرجییەكی دیكە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
